نوسین: لە یورونیوزی
فارسی
ئەمیر بارام بەڕێوەبەری
گشتیی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە 1ی کانونی یەکەم ڕایگەیاند: وڵاتەکەی
پەرە بە تەکنەلۆجیای نوێ دەدات بۆ ئەگەری شەڕی داهاتوو لەگەڵ ئێراندا .
ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی
بەرگری ئیسرائیل لە کۆنفرانسی "تەکنەلۆجیای بەرگری" کە لەلایەن ئەو وەزارەتە
و زانکۆی تەلئەبیبەوە ڕێکخرابوو، وتی: "بەهێزبوونی خێرای توانای بەرگری
ئاسمانی و مووشەکە بالیستیکەکانی ئێران"، کە لە"ئایدۆلۆژیای توندڕەوی"
ئەوانەوە سەرچاوەی گرتووە، هۆکارە کە دۆخی ئەمنی لە "هەموو بەرەکانەوە"
ناسەقامگیر دەکات و سوپای ئیسرائیل دەبێت بۆ ئەگەری ڕووبەڕوو بوونەوەکان زیاتر
ئامادەبێت .
بارام لەگەڵ ئاشکرا
کردنی ئەوەی کە "دوژمنان لەحاڵی فێربوون و گونجاندان لەگەڵ دۆخەکەدا"،
وتی : "ئێمە لە قۆناغێکی چارەنووسسازی پێش شێوەگرتنی مۆدێلێکی نوێ داین".
بارام بەرزترین بەرپرسە
لە وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل کە بۆ یەکەمجار ئاشکرایکردووە چی وایکردووە وەزارەت و
سوپای ئیسرائیل سیستەمی لەیزەری "تیشکی ئاسن" لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ بۆ تۆڕی
بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە زیاد بکەن .
لە هێرشێکی درۆنی حزبوڵای
لوبنان بۆ سەر بنکەی مەشق و ڕاهێنانی لیوای جۆلان لە باشووری حەیفا لە ئیسرائیل لە
13ی تشرینی یەکەمدا، ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی کوژران و برینداربوون. لە دوای ئەو
هێرشە، ئیسرائیل بڕیاریدا بە جێگیرکردنی سیستەمی ڕێگری لەیزەری "کەم تێچوو و
بەهێز"ی ئەو وڵاتە بەناوی "تیشکی ئاسنین"، سیستمێک کە لەو کاتەوە
تاکو ئێستا توانیویەتی نزیکەی چل درۆن بخاتە خوارەوە .
بارام گوتی بڕیاری ئیسرائیل
بۆ بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆجیا بەرگرییە لە پڕۆسەکانی لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دراوە .
بە وتەی ناوبراو هۆکاری
ئەم بڕیارە ئەوە بوو کە ڕیسکی جێگیرنەکردنی سیستەمی تیشکی ئاسن کەمتر نەبوو لە ڕیسکی
جێگیرکردنی، چونکە لە نەبوونیدا حیزبوڵڵا دەیتوانی هێرشی سەرکەوتووانەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
ئەنجام بدات .
بارام دواتر ئیدیعای ئەوەی
کرد ئیسرائیل لە بواری تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانی بەرگری خاوەنی تایبەتمەندگەلێکی
ناوازەیە، ئەمەش وایکردووە ببێتە سێیەم وڵاتی پێشەنگ لە بواری "تەکنۆلۆژیای بەرگری".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی
بەرگری ئیسرائیل گوتی کە داهێنانەکانی ئەو وڵاتە لە هەموو بوارەکانی بەرگریدایە، وەک
سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی، ئۆتۆمبێلەکانی بێ سەرنشین، شەڕی ئەلیکترۆنی، سیستەمەکانی
زانیاری، بەرگری ئەلیکترۆنی، تەکنەلۆژیاکانی بۆشایی ئاسمان .
ئەو لەگەڵ ڕایگەیاندنی
ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤، ئیسرائیل ٢١ ڕێکەوتنی بە بەهای ملیارەها دۆلار واژۆ کردووە،
گوتی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە تەنها لە کۆمپانیا دەستپێشخەرەکاندا یەک ملیار و
٢٠٠ ملیۆن شیکل وەبەرهێنانی کردووە. بە گوتەی بارام لە کۆی زیاتر لە ٣٠٠ کۆمپانیا
کە هاوکاری کەرتی توێژینەوە و پەرەپێدانی بەرگری ئیسرائیل دەکەن، نزیکەی ١٣٠ کۆمپانیا
لەم شەڕەدا چوونە ناو ئەم بازنەوە .
ئەو گوتی کۆمپانیا گەورەکانی
بەرگری ئیسرائیل گرێبەست گەلێکی نێودەوڵەتی بەرچاویان لە ئەوروپا و ئاسیا و ئەمریکای
باکوور واژۆکردووە و کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکانیش توانیویانە گرێبەستبگەلێک بە
بەهای سەدان ملیۆن دۆلار واژۆ بکەن .
بارام هەروەها گوتی
"ئیسرائیل ئیکۆسیستەمێکی ناوازەی دروستکردووە کە تەنها چەند وڵاتێک توانای بەرهەمهێنانەوەی
ئەوەیان هەیە"، ئەو بابەتەش دەرئەنجامی "دەیان ساڵ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ
هەڕەشە ئەمنییەکان و ئەزموونی ئۆپەراسیۆنەکانە" .
بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی
بەرگری ئیسرائیل لە درێژەدا گوتی: سووڕێک لە کاردانەوەی ڕاستەوخۆ لە نێوان هێڵی پێشەوە،
ئەندازیاران و هاوبەشە پیشەسازییەکان پێکهێنراوە کە زنجیرێکی بەهێز لە پێویستییەکانی
مەیدانی شەڕ تا ڕێگا چارەسەری ئۆپەراسیۆنەکان بەدیدێنن، ئەم سیستەمانە لە مەیدانی
شەڕدا تاقیکراونەتەوە و ئەوەش ئەو بابەتەیە کە واتا دەبەخشێت بە تەکنەلۆجیای بەرگری
لە ئیسرائیل .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی