گورگە بۆرەكەی باخچەلی

5 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج

1
سەدان ساڵە لە چیرۆك و قسەی خۆشی گەلانی ڕۆژهەڵاتدا مەلای مەزبور، یان هەر ناوێكی پێتخۆشە بۆی دانە، پێچەوانە سواری گوێدرێژەكە بووەو كلكی گرتوە ، چارەنووسی پێشەوەی داوەتە دەست چاوی گوێدرێژەكەوە، ئێستا ئاپۆ هاتوە دەڵێت لە بری گوێدرێژەكە خۆتان سەیری پێشەوە بكەن ، نەبینینی بەیانی و ئایندەو پێشەوە كارەسات دروست دەكات ، هەقە ئەردۆغان و باخچەلی چاو كراوەتر سەیری ئایندە بكەن ، كەسێك بە باخچەلی بڵێت كلكی گوێدرێژەكە بەربدات و ڕوو وەر بگێڕێت.
2
ڕۆژهەڵاتی ناوین لەبەردەم گۆڕانكاریدایەو چەند ساڵێكیشە ئۆچئالان و ئەردۆغان و باخچەلی و خەڵكی دیكەش ئەوە دەزانن، بەری بیست ساڵ ئێمەو مانان نوخشەی ئەو گۆڕانكاریەمان نووسیوە، ئاپۆ هاتوە دەڵێت پێش ئەوەی ئەو گۆڕانكاریە ڕووبدات دەستبەرداری دەوڵەت نەتەوەی فاشیست بن ، ئەمە دەرفەتە بۆسەرانی تورك و فارس و عەرەبی عێراق و سوریا ، تۆم باراك دڵی شەقی برد لە داخا،  بۆیە وتی عێراق و سوریا بەڕێی یۆگسلافیادا دەڕۆن، نەوتنی توركیاو ئێران هۆكاری خۆی هەیە ، دەنا پێش عێراق و سوریا توركیاو ئێرانیش ئەگەر بە خۆیاندا نەگەن و كلكی گوێدرێژەكە بەرنەدەن ، هەش بەسەریان .
3
ئێستا ئاپۆ لە دورگەی ئیمرالی و لە نێو زیندانی فاشیستا ، بەس نوێنەرایەتی كورد ناكات ، ئەو تێزێكی ئاكاریی بۆ هەموو ناوچەكەدەخاتە ڕوو، تێنەگەیشتن لێی جۆرێكە لە نا ئاوەزی ، هەڵبەت ئێستا ئەو پیاوە ئەڵتەر ناتیفی نیەو كەسیش ناتوانێ‌ جێی ئەو بگرێتەوە ، ئەردۆغان و باخچەلیش لەوە تێدەگەن ، بەڵام پێدەچێت بە خاوەخاوو ژاوەژاو لە بری بینینی پێشەوە كلكی گوێدرێژەكە بپسێنن، جا خۆ ئاپۆ مامە خەمە نیە لەوەشدا چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە.
4
مارك ساڤایاو تۆم باراك پەیتا پەیتا پەیامی ڕوون دەنێرن ، ئێستا ئیتر ئێران و توركیا دوو زلهێزی ناوچە نین ، مەگەر بەرانبەر پێكهاتە ستەملێكراوەكانی نێو چوار چێوەی دەوڵەت نەتەوە، دەنا بۆ هەموو شتێكی ئەمەریكا ملیان داوە ، كورد دەڵێن " بوكێ‌ لە گەڵ تۆمە خەسوو گوێت لێبێت" كێشە ئەوەیە لەم بارو دۆخەشدا كوردە حەیاتەكە ئەگەر یەك گولەی پێمابێت و یەك سوپای دوژمن بۆی بێن ، ئەو گولەكە دەنێت بە سەری هاوزمانەكەی بەرانبەریەوەو خۆی ڕادەستی سوپاكە دەكات ، خۆ لە كوردیشا زۆرن پێچەوانە سواری گوێدرێژەكە بوونە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە