کۆتا کۆبوونەوە لەگەڵ یاریدەدەرەکان کە لە ڕێگەی زانیاریی هەواڵگری وردەوە دەستنیشانکرابوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئاراستەی ئامانجەکە کرد.
کوشتنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران و تیرۆرکردنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی "حزب الله"ی لوبنانی لە چەندین وردەکاریدا لە یەک دەچن، وشەی نهێنی لە هەردوو کردەکەدا بریتی بوو لە زانیارییە هەواڵگرییە وردەکان کە بوونە هۆی دیاریکردنی کات و شوێنی گونجاو بۆ هێرشەکە. نەسروڵڵا لە هێرشێکی ئاسمانی توندی ئیسرائیلدا کوژرا کە بارەگای ناوەندی حیزبی لە "حارە حریک" لە گەڕەکی باشووری بەیروت لە ڕۆژی هەینی ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ کردە ئامانج، سەبارەت بە خامنەییش، لە ڕێگەی هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکی-ئیسرائیلی لە بارەگاکەی خۆی لە تاران، پایتەختی ئێران کرایە ئامانج.
کۆبوونەوەی کوشندە و ئامانجە ئاسمانییەکان
لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان تیرۆرکردنی خامنەیی و نەسروڵڵا ئەوەیە کە هەردووکیان دوای کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندە و ڕاوێژکارەکانیان گیانیان لەدەستدا، ئەو کۆبوونەوە کوشندە و کۆتاییە بوو کە ئامێری جەنگی ئیسرائیلی و ئەمریکی جوڵاند و ڕێگەی خۆشکرد بۆ گەیشتن بەو دوو کەسایەتییە سەرەڕای پارێزبەندی و قایمیی شوێنی کۆبوونەوەکە؛ نەسروڵڵا لەگەڵ یاریدەدەرەکانی لە بەیروت لە قوڵایی چەندین مەتر لەژێر زەویدا کۆبووەوە، بەڵام ئەوە ڕێگری نەکرد لەوەی بۆمبە ئەمریکییەکانی دژە-بەکەر (قایمکار) پێی بگەن دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە کاتێکی گونجاودا و لەسەر ڕووبەرێک هەڵیاندا کە ڕزگاربوون لێی مەحاڵ بوو. هەمان شت لەگەڵ خامنەییشدا ڕوویدا، ئەو بارەگایەی کۆتا کۆبوونەوەی لەگەڵ یاریدەدەرەکانی تێدا ئەنجامدا زۆر قایم بوو، بەڵام نەک لە بەردەم فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە پڕچەک کرابوون بە موشەکی ورد و زانیاری هەواڵگری کە هەبوونی ڕێبەری ئێرانیان لەو خاڵە جوگرافیایەدا پشتڕاست کردبووەوە.
پاشخانی تێپەڕاندنی سیستەمی ئەمنی
بەدواداچوونی ورد یەکێکی ترە لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو کردەکە، ڕەنگە لە داهاتوودا وردەکارییەکان لە کارێکی سینەمایی ئیسرائیلی یان ئەمریکی یان هاوبەشدا ببینین، بەڵام سەرەتاکە لە دزەکردنی ئەمنی مرۆیی یان تەکنیکییەوە دەست پێدەکات کە ڕێگەی داوە بە چاودێریکردنی جوڵەی ئەو دوو کەسەی پێشتر لە چەندین هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاریان ببوو؛ هەندێک ڕاپۆرت مەزندەی ئەوە دەکەن کە نەسروڵڵا لانی کەم لە ٣ بۆ ٥ هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە، بەڵام سەرچاوەکانی تر ئاماژە بەوە دەکەن ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە. سەبارەت بە خامنەییش، لە ساڵی ١٩٨١ لە مزگەوتی ئەبوزەر لە تاران ڕووبەڕووی هەوڵێکی تیرۆرکردن ببووەوە. چەندین ڕاپۆرت ئاماژەیان بە سیخوڕی ئەلیکترۆنی و سەرچاوەی مرۆیی کردووە لە شوێنپێهەڵگرتنی سەرکردەی پێشووی حزب الله، سەبارەت بە تیرۆرکردنی خامنەییش، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ڕێبەر نەیتوانیوە "خۆی لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و سیستەمە زۆر پێشکەوتووەکانی شوێنپێهەڵگرتن بشارێتەوە".
شکستی تاران لە چارەسەرکردنی دزەکردنی ئەمنی
لیوا سەمیر فەرەج دەڵێت تیرۆرکردنی خامنەیی ئاماژەیە بۆ دزەکردنێکی ئەمنی گەورە کە لە یەکەم جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ەوە بە ڕوونی دەرکەوتبوو، تاران هەڵەی کردووە کە چارەسەری ئەو دزەکردنەی نەکردووە. لە حوزەیرانی ڕابردوودا ڕووبەڕووبوونەوەی ١٢ ڕۆژە لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕوویدا کە بە هێرشی ئاسمانی فراوانی تەلئەبیب بۆ ناوخۆی ئێران دەستی پێکرد و دامەزراوە ئەتۆمییەکان، پێگە سەربازی و موشەکییەکان، و زانا و فەرماندەکانی کردە ئامانج، تاران بە سەدان موشەک و درۆن وەڵامی دایەوە. ئەو پسپۆڕە ئەمنییە میسرییە ئاماژە بەوە دەکات کە دەستەوەستانیی سەرکردەکانی تاران لە پاراستنی ڕێبەر دوای جەنگی حوزەیران، بەو مانایەیە کە دزەکردنی ئیسرائیلی لە ئێراندا ماوەتەوە و لە هەموو ئاستە سیاسی، ئەمنی و سەربازییەکاندا فراوان بووە، تەنانەت وەک دەردەکەوێت گەیشتووەتە ناو بازنە زۆر نزیکەکانی خامنەییش. فەرەج ڕوونی دەکاتەوە کە شوێنپێهەڵگرتنی خامنەیی پشتی بە هەردوو ڕەگەزی مرۆیی و تەکنیکی بەستووە، و ڕەگەزی مرۆیی لای ئەو گرنگترە چونکە زانیاری ورد پێشکەش دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیسرائیل بانکێکی زانیاری دروست کردووە و لیستێکی گەورەی لە ئامانجەکان بۆ تیرۆرکردن لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیاری کردووە.
ئیندپێندت: وەرگێڕان: د.حلمى رەسول رەزا
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی