تێبینیەکانم لەمەڕ بانگەوازەکەی عەلی قەرەداغی بۆ حکومەتی سووریا و هەسەدە !

3 کاتژمێر پێش ئێستا

نیاز سەعید عەلی

دوێنێ (١٤/١/٢٠٢٦)، بەڕێز دکتۆر عەلی قەرەداغیی سەرۆکی ڕێکخراوی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمان، کە بە کەسایەتیەکی جیهانیی ئەژمارکراو، لەسەر ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی ئیخوان موسلمین و بە کۆڵەکە و بە بڕبڕەی پشتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەقەڵەم ئەدرێت، بە مەبەستی ڕاگرتنی شەڕ و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆی نێوانیان؛ بانگەوازێکی ئاراستەی حکومەتی سووریا و هەسەدە کرد .
پاش خوێندنەوەی بانگەوازەکە؛ چەندین تێبینی و پرسیارم لەلا گەڵاڵەبوو، بە پێویستی ئەزانم لە چەند خاڵێکدا بیخەمەڕوو، خوازیاربووم بەڕێزی ڕەچاوی ئەم خاڵانەی بکردایە؛ کە پێموایە بووبێتە پرسیار و تێبینیی بەشێک، لە دۆستان و هاوڕێیان و نەیارانی خودی ناوبراویش :
١- بۆچی ئەم بانگەوازە دواکەوت بۆ قۆناغی پاش یەکلایبوونەوەی شەڕی ئەو دوو گەڕەکە ئابڵۆقەدراوە، بە بەرژەوەندیی سەربازیی حکومەتی سووریا؛ واتە هەفتەیەک پاش پەلاماردان و لەشکرکێشیە دڕندانەکەی سوپای سووریا، کە بە هاوکاری و پشتیوانیی جۆراوجۆری توورکیا ئەنجامدرا ؟
٢- پاش بڵاوبوونەوەی ئەم بانگەوازە، لە چەند ماڵپەر و پەیجێکی کوردیدا؛ کەوتمە بەدواداچوون و سۆراخ لەسەر ئاست و سەدا و کاردانەوەی بڵاوبوونەوەی بانگەوازەکە؛ لە ماڵپەڕ و کەناڵ و پەیجە عەرەبیە کاریگەر و فەرمیەکانی جیهان و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، بەڵام هیچم بەدی نەکرد، دیارە نەدراوە بە ناوەندە میدیاییە عەرەبی و جیهانیەکان بۆ بڵاوکردنەوە و ڕووماڵکردن، دواتر چوومە ناو ماڵپەڕ و پەیجی فەیسبووک و ئەکاونتی ئێکس (توەیتەر)ی فەرمیی دکتۆر قەرەداغی بە زمانی عەرەبی، دیسان هەر هیچم بەدینەکرد؛ چونکە خودی خۆشی بڵاوینەکردۆتەوە، پاشان چوومە ناو پەیجی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمان؛ لەوێش بڵاونەکرابووەوە !
جێی ئاماژەیە ناوبراو لەکاتی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستاندا؛ دیسان بە ناوی خودی خۆی و بێ ئاماژەکردن بە پۆستەکەی؛ کە ئەو کات ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمان بوو، تەنها بە زمانی کوردی و بێ ئەوەی لە ناوەندە میدیاییە جیهانی و عەرەبی و ئیسلامیەکاندا بڵاویبکاتەوە؛ بەیاننامەیەکی بە زمانی کوردی، تەنها لە پەیجە کوردیەکەی فەیسبووکیدا بڵاوکردەوە، ئەوە بوو لەکاتی خۆیدا لەسەر ئەم بابەتە، وتارێکم نووسی بەناوونیشانی (بریا دکتۆر عەلی قەرەداغی لەبری زمانی کوردی؛ بە عەرەبی پەیامی هەبووایە لەسەر ڕیفراندۆم) و لە ژمارە (٧٣٧٧)ی ڕۆژی (١/١٠/٢٠١٧)ی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) و ماڵپەڕەکانی (ئاوێنە، سپی میدیا، شارپرێس، پی یو کەی میدیا)م بڵاوکردەوە، ئەمە لەکاتێکدا ناوبراو ماڵپەڕ و چەندین سەکۆی بە زمانی عەرەبی؛ لەسۆشیال میدیادا هەیە !
٣- بەڕێزی تەنها بە ناوی خودی خۆیەوە، ئەم بانگەوازەی بڵاوکردۆتەوە؛ نەک وەکو سەرۆکی ڕێکخراوێکی گەورەی جیهانیی زانایانی موسوڵمان؛ کە هەزاران ئەندامی دیار و ئەکادیمی و خاوەن بڕوانامەی باڵا و کەسایەتیی کاریگەر و ناودار و دەستڕۆیشتووی هەیە لەجیهاندا .
لەم ڕووەوە لە دەسپێکی بانگەوازەکەیدا ئەڵێت؛ (بە ناوی خۆمەوە داوا لەهەموو لایەنەکانی سووریا ئەکەم .....)، ئەمە لە کاتێکدا کە جەنابی چ وەکو سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمانی ئێستا و ئەمینداری گشتیی پێشووی هەمان ڕێکخراو؛ سەدان بەیاننامە و لێدوان و فەتوا و ڕوونکردنەوەی، بۆ کێشە و شەڕ و ململانێکانی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی بڵاوکردۆتەوە، بەڵام بۆ نەتەوەکەی خۆی؛ تەنها بە ناوی تایبەتی خۆیەوە و بە زمانی کوردی و تەنها لەچوارچێوەی میدیای کوردیدا !
٤- جەنابی دکتۆر خۆی پاراستوە لە دەرکردنی بەیاننامەیەک لەسەر شەڕەکەی حەڵەب و دەربڕینی هەڵوێستی ڕیکخراوەکەیان لەسەر ڕووداوەکان، کە وەکو نەریت لە هەموو ڕووداو و ناکۆکی و شەڕەکانی جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا پەیڕەوی کردوە، لەکاتێکدا ئەبوو  لە بەیاننامەیەکی تایبەتدا و بە ئاشکرا سەرزەنشتی حکومەتی ئەحمەد شەرعی بکردایە؛ کە ڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخی ئاسایشی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوودی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدەی پێشێلکردوە و لە شەڕێکی ناهاوسەنگدا؛ کەوتۆتە لەشکرکێشیەکی فراوان بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە ئابڵۆقەدراوە بێ دەرەچەیە .
هاوکات ئەبوو لەسەر سووکایەتیکردن بە دیلەکان و دەستگیرکراوان و هاوڵاتیانی مەدەنی و فڕێدانە خوارەوەی جەستەی کیژۆڵەیەکی شەهیدی جوامێر، لە باڵەخانەیەکی بەرزەوە و دەرهێنانی دڵ و چاوی شەڕڤانێکی دیل و کوشتنی چەند دیلێک و بێسەروشوێنکردنی چەندینی تر و هەموو پێشێلکاریەکانی تر؛ هەڵوێستی هەبووایە؟
جێی ئاماژەیە لەم بانگەوازەدا؛ بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بە تاوانەکانی سوپای سووریا و پێشیلکاریەکانی نەکراوە .
٥- ئەردۆگان بەردەوام بە دەستتێوەردانەکانی لە کاروباری ناوخۆی سووریا؛ دژایەتیکردنی کوردی کردۆتە ئامانج، ئەبوو دکتۆر بە پلەی یەکەم؛ ئەم بانگەوازەی ئاراستەی ئەردۆگان بکردایە بۆ ڕاگرتنی شەڕ و دەستهەڵگرتن لە دوژمنایەتیکردنی کورد و وازهێنان لە پاڵپێوەنانی حکومەتی سووریا بۆ شەڕکردن و پەلاماردانی ناوچەکانی فەرمانڕەوایی هەسەدە؛ بێ گەیشتن بە ڕێککەوتننامەیەکی هاوسەنگ .
شایەنی باسە ئەردۆگان کاراکتەری ڕاستەقینە و بزوێنەر و فەرماندەرکەری یەکەم و کۆتایی و بڕیاردەری یەکلاکەرەوەیە بەسەر حکومەت و سوپای سووریاوە، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی کورد و هەسەدە و بۆ بەرپاکردنی شەڕ لە دژی کورد !
بەڕێز قەرەداغی ئەپرسم بۆچی خۆت و ڕێکخراوەکەت؛ لە دژی توورکیا هەڵوێست دەرنابڕن، کە ڕۆڵ و بەشداری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هەبوو لەو لەشکرکێشیەی حەڵەبدا و بەردەوامیش کار بۆ تێکدان و گرژکردنی پەیوەندیی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا ئەکات و ئەیەوێت زەمینەی شەڕ زیاتر تەشەنەپێبسەنێت و پاڵ بە سووریاوە ئەنێت؛ بۆ شەڕی سەرتاسەری لەگەڵ هەسەدە ؟!
بەڕێز قەرەداغی؛ فاکتەری دەستتێوەردانە بەردەوامەکانی توورکیا؛ لە پێش قۆناغی بەشار ئەسەد و لە دوای هەڵهاتنەکەشی بۆ ڕووسیا، لە دە ساڵی ڕابردوودا، چ بە لەشکرکێشیی ڕاستەوخۆی سوپای توورکیا، بۆ سەر خاکی کوردستانی ڕۆژئاوا، لە شارەکانی عەفرین و گرێ سپی و ناوچەکانی تر و داگیرکردنیان تاکو ئێستا؛ یان بە بەکارهێنانی هێزە بریکار و کرێگرتە میلیشیاکانی خۆی لە ناو سووریا؛ بووەتە گرێ کوێرەی ئاڵۆسکاندنی ڕەوشەکە و داینەمۆی  تەشەنەسەندنی ناکۆکیەکانی ئێستای نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا و گەیشتنە بنبەست و سەرهەڵدانی ناوە ناوەی گرژیەکان و شەڕەکانی ڕابردوو .
ئەتوانین بڵێین  هۆکاری سەرەکیی شەڕی سوپای سوریا لەگەڵ کورد و هەسەدە؛ دەوڵەتی توورکیایە، بریا لەسەر ئەم دۆخە هەڵوێست دەرببڕیت و لێرەوە بانگەواز بۆ ڕاگرتنی دەستتێوەردانی توورکیا بکەیت و داوای لێ بکەیت چیتر دوژمنایەتی و شەڕی کورد نەکات . 
٦ – بەڕێز قەرەداغی چۆن سەرکردایەتیی شاندێکی  یەکێتیی جیهانیی  زانایانی موسوڵمانت کرد، بۆ سەردان و پیرۆزبایی سەرکەوتن لە ئەحمەد شەرع، لە ئێستادا ئەتوانێت سەرکردایەتیی شاندێکی تری هەمان ڕێکخراو بکەیت، بۆ  سەردانی ئەنقەرە و دیمەشق، بۆ ناوبژیکردن و ئاشتەوایی و ڕێگرتن لە هەڵایسانی شەڕی سەرتاسەری .
ئەگەر مەبەستت بێت هەڵوێستێک هەبێت، ناڵێم لەسەر بنەمای کوردایەتی دەریببڕە، بەڵکو لەسەر بنەمای مرۆیی و دادپەروەری، ویژدان و لۆژیک، حەق و ڕاستی بەگوێرەی فیقه و شەریعەتی ئیسلامی؛ دەریببرە و سەروەریەک بۆ مێژووی خۆت تۆمار بکە، چش لە دژە هەڵویست و کاردانەوەی خراپی ڕەگەزپەرستانی ئیسلامی و سەلەفیست و ناسیۆنالیست و سیکۆلاریستی توورک و عەرەب و فارس و کورد !


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی