مەرسومەکەی شەرع؛ گۆڕانی ڕاستەقینە یان تاکتیکی کاتیی؟

3 کاتژمێر پێش ئێستا

تانیا تاهیر

مەرسومەکەی شەرع سەبارەت بە دانپێدانان بە هەندێک لە مافەکانی گەلی کورد، لە نێوان "هیوایەکی کز" و "گومانێکی قووڵدا" دەبینم.  بۆ من پرسیارێکی جەوهەری دروست دەبێت، ئایا دەتوانرێت متمانە بەم بەڵێنانە بکرێت؟ بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارە بدەمەوەوە ، دەمەوێت لە چەند گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە گریمانەی بارودۆخەکە بکەم:

گریمانەی یەکەم: 
•    ئەم هەنگاوە تەنها تاکتیکێکی سیاسی کاتییە بۆ ڕاکێشانی سۆزی نێودەوڵەتی و بێدەنگکردنی ناوخۆ تا ئەو کاتەی دەسەڵاتی نوێ پێگەی خۆی قایم دەکات. مێژووی سووریا پڕە لە بەڵێنی بێ کردار، و باکگراوەندی ئایدۆلۆژیی هێزە براوەکانیش وا دەکات کورد بە وریاییەکی زۆرەوە سەیری دیمەنی داهاتوو بکات چونکە مێژووی گروپەکەی شەرع (تەحریر ئەلشام/نوسرەی پێشوو) مێژوویەکی توندڕەوانە بووە. گۆڕانی لەناکاوی ئەم ئایدۆلۆژیایە بۆ قبوڵکردنی "مافی نەتەوەیی" بۆ زۆرێک جێی گومانە.

• جگە لەوەی "فشاری ئیقلیمی - تورکیا " هەمیشە وەک سێبەرێک بەسەر بڕیارەکانی دیمەشقەوە یە، کاریگەرییەکی زۆری بەسەر سووریاوە هەیە و بەتوندی دژی هەرقەوارەیەکی کوردییە لە سووریا، ئەستەمە شەرع بتوانێت بڕیارێک بدات کە تورکیا بە تەواوی لێی ناڕازی بێت. 
• گرنگتر لە مانە؛ لەم مەرسوومە دا ئەم ناڕوونییانە لەم خاڵانەدا دەبینرێنەوە:

"مافی کلتوری" بەرامبەر "مافی سیاسی": 
کاتێک دەڵێن "مافی کورد دەپارێزین"، دیار نییە مەبەست کام مافەیە: لەڕاستیدا مافی کلتوری  واتە تەنها ڕێگەت پێ دەدەم بە کوردی گۆرانی بڵێیت یان جلی کوردی بپۆشیت (ئەمە مافێکی سەرەتاییە و کێشەی سیاسی چارەسەر ناکات). لەبەرامبەردا مافی سیاسی: واتە کورد وەک "نەتەوە" بناسرێت و مافی هەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵات و ناوچەکەی خۆیدا (فیدراڵی یان لامەرکەزی). ناڕوونییەکە لێرەدایە کە مەرسوومەکە باسی جۆری مافەکە بە ڕونی ناکات.

چەمکی "مافی هاوڵاتیبوون"
زۆر جاران دەوترێت "کورد وەک هەموو هاوڵاتییەکی سووری یەکسانە". ئەمە لە ڕواڵەتدا باشە، بەڵام کێشەی کورد لە سووریا تەنها کێشەی "ناسنامە و پاسپۆرت" نییە، بەڵکو کێشەی "خاک و ناسنامەی نەتەوەییە" .

پاراستنی تایبەتمەندییەکان
ئەمە دەستەواژەیەکی زۆرلاستیکییە، نازانرێت مەبەستی کام تایبەتمەندیە؟ دەکرێت دەسەڵات بڵێت "تایبەتمەندییەکەت دەپارێزم"، بەڵام لە ژێرەوە کار بۆ توانەوەی ئەو تایبەتمەندییە بکات. بۆنمونە: ئایا خوێندن بە زمانی کوردی دەبێتە زمانی فەرمی لە ناوچە کوردییەکان، یان تەنها وەک وانەیەکی لاوەکی لە قوتابخانەکاندا دەمێنێتەوە؟

سوریای یەکگرتوو
ئەم دەستەواژەیە هەمیشە وەک "تەڵەیەک" دژی کورد بەکاردێت وەک ئەوەی لە مادەی یەکەمی دەستوری ٢٠٠٥ عێراقدا نوسراوە (...ئەم دەستوورەش گەرەنتی یەکپارچەیی عێراقە.)، کاتێک کورد داوای مافی خۆبەڕێوەبەری دەکات، دەسەڵات دەڵێت "ئەمە دژی یەکپارچەیی خاکە". جگە لەوەش ئایا یەکپارچەیی واتە "ناوەندگەرێتییەکی توند" وەک سەردەمی بەعس؟ یان "یەکپارچەیی لە ناو جیاوازیدا"؟

گەرەنتی جێبەجێکردن
لەمەرسومەکەدا دیار نیە  "چۆن و کەی" جێبەجێ دەکرێن. بۆ نموونە، ناڵێت "لە ماوەی ٦ مانگدا دەبێت زمانی کوردی بگەڕێتەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن". ئەم بێ کاتییە وای لێدەکات تەنها وەک دروشمێکی سیاسی بۆ کات کوشتن بمێنێتەوە.

گریمانەی دوەم:  
ڕەنگە جێبەجێ بکرێت چونکە گۆڕانی هاوسەنگیی هێز و پێویستیی سووریا بە سەقامگیرییەکی هەمیشەیی، ڕەنگە ئەمجارە جیاواز بێت، شەرع باش دەزانێت کە بێ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، سووریا هەرگیز ڕووی ئارامی نابینێت. بۆیە حکومەتی نوێی دیمەشق پێویستی بەوەیە کێشە ناوخۆییەکان کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت وڵات بەڕێوە ببات. ڕازیکردنی کوردەکان وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی، دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە شەڕی ناوخۆیی نوێ بۆیە جێبەجێکردنی ئەم مەرسوومە تەنها "پاداشت" نییە بۆ کورد، بەڵکو "پێویستییەکی نیشتمانییە" بۆ مانەوەی قەوارەی سووریا، لەلایەکی ترەوە ، شەرع دەیەوێت وەک سەرکردەیەکی سیاسی "میانڕەو" و "نیشتمانی" دەربکەوێت نەک تەنها وەک سەرکردەیەکی گرووپێکی چەکدار، کەواتە جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنانە بۆ وێنەی ئەو لەبەردەم جیهاندا گرنگە.

ئەوەی گرنگە؛ بۆ ئەوەی ئەم مەرسوومە لە مەرەکەبی سەر کاغەزەوە ببێتە ڕاستی، پێویستە ئەم هەنگاوانە ببینرێت:
1. نووسینەوەی دەستوور: ئەم مافانە بخرێنە ناو دەستوورێکی هەمیشەیی کە نێودەوڵەتی بێت و گەرەنتی کرابێت.
2. بەشداری ڕاستەقینە: کوردەکان تەنها وەک "کەمینە" سەیر نەکرێن، بەڵکو لە ناوەندەکانی بڕیاردا لە دیمەشق بوونیان هەبێت.
3. بەکرداری کردن: گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵکی ئەو کوردانەی لە ناوچەکانی وەک (عەفرین) دەربەدەر کراون، یەکەم تاقیکردنەوەی ڕاستگۆیی ئەم مەرسوومەیە.
متمانەکردنی تەواو لە سیاسەتدا بوونی نییە، بەتایبەت لە ناوچەیەکی وەک سووریا، هێزە کوردیەکان دەبێت بە " ئاگایی وریاییەکی زۆرەوە" مامەڵە لەگەڵ ئەم بەڵێنانە بکەن، کات دەریدەخات ئایا ئەمە تەنها تاکتیکێکی کاتییە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی گواستنەوە، یان گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەیە لە عەقڵیەتی سیاسی نوێی سووریادا. خۆم گومانم لە گریمانەی دووەم هەیە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی