مەرسومەکەی شەرع‌و ڕەتکردنەوەی داننان بەکێشەی کوردو چارەسەری لامەرکەزیی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئه‌بوبه‌كر كاروانى

مەرسوومەکەی ئەحمەد شەرع دەربارەی مافە کولتوریی‌و مەدەنییەکانی کورد، بەشێوەیەکی گشتیی هەمان ئەو شتەیە کەلەئێستای تورکیادا لەئارادایە، ئاستی سەرەتای هاوڵاتێتی‌و هەندێ مافی کولتووری تێناپەڕێنێت‌و بەرزنابێتەوە بۆ ئاستی چارەسەرکردنی پرسی کورد لەوبەشەی کوردستانی دابەشکراودا،  هەربۆیە وادەبینم لەجیاتی زەمینەسازکردن بۆ چارەسەریی ئاشتیانە، نائومێدیەکی زۆرتر دەربارەی ئایندەی پەیوەندییەکان‌و پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانەو ئازادانەو ئابڕوومەندانە زۆرتردەکات، ئەویش لەبەر چەندین هۆکار، لەوانەش:

1ـ هەموو فۆرمێکی ناناوەندێتی ولامەرکەزی کەتایبەتمەندی کوردی تێدا بەرجەستە بکرێت‌و ببێتە ڕەمزی چارەسەریی، ڕەتدەکاتەوە.
2ـ تەنها وەك پێکهاتەو گرووپێکی ئیتنیکی دان بەکوردا دەنێت نەك نەتەوەو خاوەن بزوتنەوەی نەتەوەیی، بۆیە تەنها باسی هەندێك مافی کولتوری‌و مەدەنیە نەك چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد لەوپارچەی کوردستاندا، چونکە داننان بەبوونی کێشەیەکی لەوجۆرە، بەواتا سیاسییەکەی، ڕەتدەکاتەوە!
3ـ بەنیوەناچڵی دان بەزمانی کوردیدا دەنێت، بەوەی زمانێکی نیشتیمانییە، بەڵام نەزمانی فەرمییەو نەهی پەروەردەش، بەڵکو تەنها کورد دەتوانێت بڵاوکراوەی کوردی هەبێت‌و ئەگەر قوتابییەکانیش خواستیان لەسەر بوو وەك وانەیەکی ئارەزوومەندانە بیخوێنن‌و فێری بب!.
4ـ  مەرسوومەکە دان بەجوگرافیاو خاکێکی نەتەوەیی بەناوی کوردستاندا نانێت،  کەپێشمەرجی هەرجۆرە چارەسەرێکی ڕاستەقینەی کێشەی کورد‌و مەسەلەی کوردستانە.

لێرەشەوە، ئەم مەرسوومە نائومێددترمان دەکات لەوەی دەسەڵاتی کاتی لەسوریا هیچ دیدو خواستێکی ڕاستەقینەی بۆ چارەسەرکردنێکی ڕاستەقینەی بۆ پرسی کورد لەوپارچەدا هەبێت، چونکە دوای شەڕو خوێنێکی زۆرو بەکوردیکردنی پەروەردەو فێرکردن‌و چەندین ساڵ خۆبەرێوەبەری‌و گەرانەوەی ئیعتبار بۆ مرۆڤی کوردی پەراوێزخراوو سەرکوتکراوو ئامادەبوونی وەك فەرماندەو خاوەن ڕاو سەرکردەو چەسپینی چەمکی ڕۆژئاواو بەسیاسیبوونی کوردێکی زۆرو ڕێکخراو بوونی، زۆر قورسە پێمانوابێت ئەمجۆرە مەرسوومانە لەتوانایدایە ببێتە چوار چێوەیەك بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسەو تەنانەت کۆی قەیرانی سیاسی لەئێستای ئەو وڵاتەدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی