ژن پڕۆژەیەک بۆ کیفاح یان بۆ جیهادی نیکاح؟

3 کاتژمێر پێش ئێستا

دلێر محەمەد نوری

دیمەنی یەکەم:
دەستەواژەی "جیهادی نیکاح" دەستەواژەیەکی نوێیە و زادەی دونیای دوای سەرهەڵدانی   قاعیدە و داعشە، لە سوریا و عێراق، لە دوای ساڵی ٢٠١١ەوە.

خودی وشەی نیکاح لە ئیسلامدا بە مانای هاوسەرگیری شەرعی دێت. واتا هاوسەرگیرییەک بە پێی ڕێوڕەسم و بنەماکانی شەرعی ئیسلامی بەڕێوە بچێت. وەکو هەر هاوسەرگیرییەکی ئەمڕۆی دونیای موسوڵمانان. 

جیهادیش ئەو ئەرکەیە کە خودا لە ئیسلامدا سەپاندوویەتی بە سەر بەندەکانیدا، لە کاتی داگیرکاریدا، بەوەی دەبێ موسوڵمانان گیانی خۆیان بەخت بکەن لە دژی داگیرکەر و دەستدرێژیکەردا.

بەستنەوەی ئەم دوو وشەیەش بە یەکەوە، تەنها لە پێناو تێرکردنی ئارەزووی سێکسی ئەو جیهادییە تیرۆریستە پیاوانەی سەر بە قاعدە و دواتریش داعش بوو کە بە ناو ئەرکی جیهادییان لە پێناوی ئاییندا بە جێ دەهێنا. جا هەر لە پێناوی ئەوەی هانی کچان و ژنانی موسوڵمان بدەن لە هەموو لایەکی جیهانەوە ڕوو لە عێراق و سوریا بکەن و و دواتریش دابەش بکرێن بە سەر موجاهیدەکاندا و لە کاتی گەڕانەوەیان لە کردەوە جیهادییە تیرۆریستییەکانیاندا. تاوەکو ماندوێتی و چاو و هزری خوێناوی و  ئارەزووە وەحشیگەرییەکانیان لەم کچ و ژنانەدا بەتاڵ بکەنەوە.

ئەگەر ئەوانەی لە ئەوروپا دەژین و دیقەتی ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی تەلەفزیۆنەکانی ئەو وڵاتانەیان دابێ. وڵاتێکی ئەوروپی نیە بە دەیان و بگرە سەددان کچە موسوڵمانی لە دایک بووی ئەو وڵاتانەیان، لە ڕێگەی وڵاتی تورکیاوە لە دەست کەس و کاریان هەڵنەهاتبن بۆ سوریا و عێراق لە پێناو جیهادی نیکاحدا. 

جا هۆکاری سەرەکی ڕووکردنە جیهادی نیکاحیش لای کچانەی ئەوروپا هەم نەبوونی ئازادی بوو لە نێو خانەوادە داخراو و ئایینییەکانیان و هەمیش تا لەو ڕێگەیەوە بگەن بەو پێداویستییە سێکسییانەی خۆیان لەگەڵ ئەو موجاهیدە تیرۆریستانەی کە له چاوەڕوانی لۆتۆی بەختی خۆیان بوون.

 ئازادی سێکسی لە وڵاتانی ئەوروپا بۆ کوڕ و کچ وەکو یەک فەراهەم کراوە لە تەمەنێکی دیاریکراوەوە بەرەو ژوور. لەم نێوەندەدا بە تەنها کچانی موسوڵمان لەم ئازادییە بێ بەش بوون. جا لە بەر ئەوەی دەرفەتی هاوسەرگیریش بە ڕادەیەک کەمە لە ئەوروپا، باشترین ڕێگە بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە، ئارەزوو و برسێتی ئەو تیرۆریستە ڕیشنانە بوو. جا بە دەردی کورد وتەنی کارەکەیان هەم زیارەت و هەم تیجارەت، گەر ڕوونتر بیڵێم هەم سێکس و هەمیش جیهاد بوو. 

هەڵبەتە ئەمڕۆ زۆرێک لەو کچ و ژنانە، بوون بە دایکی چەندین مناڵ، کە زۆرینەیان تاوەکو ئێستاش لەو کەمپانەی ژێر دەستی هەسەدەن له ڕۆژئاوای کوردستان. بە جۆرێک هیچ کام لە وڵاتانی خانەخوێیان ئامادە نین لە ڕۆژئاڤا وەریانبگرنەوە. چونکە ئەو وڵاتانە پێیان وایە هەم ئەم ئافرەتانە مێشکیان شۆراوەتەوە و هەم یەکی بە چەند بەچکە تیرۆریستێکەوە ئەگەڕێنەوە و دواتر دەبنەوە بە خانەیەکی نووستووی داعش لەو وڵاتانەدا. 

جا لە هەمووی ناخۆشتر زۆرینەی ئەم ژنانە تەنانەت ناوی ڕاستەقینەی ئەو پیاوانەیان نازانن کە لەگەڵیان جووت و ئاوس بوون. چونکە بە هەمان شێوە کێ لە ئێمە چاوەڕوان بوو محەمەد جولانییەکەی زیندانی عێراق بە  گەیشتنە دیمەشق  ئەبێ بەم ئەحمەدولشەرعە. جگە لەمەش زۆرینەی ئەو پیاوانەش و ژنەکانیشیان لە وڵات و جێگەی جیاوازەوە هاتبوون و خاکی سوریا و عێراق بوو بوو بە جێگەیەک بۆ شەوە سورەکان و مانگی هەنگوینی بۆیان. 

ئێستا ئەو ژن و دایکە بێوەژنانە لە بری ئەوەی خاوەن پێگە و بڕوانامە بن لە ئەوروپادا، توندتر لە پیاوەکانیان لە چاوەڕوانی دەرفەتێکن بۆ دروست بوونەوەی خەڵافەتی دووەمی داعش. ئەوان لە جێی یەک داعشە باوک، کۆشێ بەچکە داعشیان خستۆتەوە. ئەمەش بۆ خۆی وەبەرهێنانێکی جەهەنەمی داعشە لە ڕێگەی پڕۆژەی جیهادی نیکاحەوە، بۆ داهاتووی ناوچەکە. ئاخۆ وەها پرۆژەیەک بە تەنها بە هێز و بازووی پیاوانی کورد بەری لێ دەگیرێ؟

دیمەنی دووەم:
ئەوەی پێی وایە کە ئەرکی ژن تەنها چالێنانە بۆ پیاوەکەی، نەک بوون بە شەڕڤان و شان بە شانی پیاو بەرگری کردن لە خاک و وڵاتی خۆی. ئەوە هێندەی ژمارەی تاڵەکانی مووی سەر و ڕیشی، هەم دوورە لە ڕاستییە مێژووییەکان و هەمیش خەریکە لە گرنگی و پیرۆزی و  نەبەردی و ئازایەتی کچان و ژنانێک کەم بکاتەوە کە بوون بە سیمبوول بۆ هەموو جیهان و هەتا ئەمڕۆ دەیان فیلم و فیلمە دۆکوومێنتاری و ڕاپۆرت و هەواڵ و لێکۆڵینەوەیان لە سەر ئەنجام دراوە.  

خۆ ئەگەر زۆریش دوور نەکەوینەوە هەر لەو سوریایەی ئەمڕۆ و لەو شارەی کە ناوی تەدمورە، ژنە پادشیایەکی ئارامی لە سەددە دێرینەکانی سەرەتای مێژووەوە، توانیوێتی ئیمراتۆرییەتی ڕۆمانی تێک بشکێنێ و تەواوی سوریای ئەمڕۆ و تا دەگاتە قوڵایی تورکیا و لەملاشەوە تا بەشێک لە میسریشی خستۆتە ژێر ڕکێفی مەملەکەتەکەیەوە. ئەو ژنە پادشایه ناوی زنوبیا بوو.

 من لێرەدا کات دەرفەت نادات ناوی تەواوی ژنانی مێژوو و مێژووی ڕۆڵی ژنانی کورد لە پاڵ پیاواندا بۆ ئەو نەخوێنەوارانە بژمێرم. بەڵام هێندە ئەزانم ئەوەی کچانی ڕۆژئاڤا کردوویانە، بووە بە مایەی شانازی هەموو جیهان نەوەک تەنها شانازی کورد. ئەمڕۆ لە دونیادا پەچە ڕەنگینە جوانەکەی ئەم کچانە بووە بە ملپێچی شانازی و پیاوانی دونیا له ملی دەپێچن و ژنانی دونیاش لە سەر و پرچییانەوە دەیئاڵێنن. 

کیژۆڵەیەک کە لە تەمەنی نۆزدە بۆ بیست بەهاردا، بتوانێ چەند شەو و ڕۆژێک لە نێو باڵەخانەیەکدا، سەنگەر جێنەهێڵێ و دەیان تیرۆریست بخات و دواتر و دوای نەمانی زەخیرە و تەقەمەنی، جورئەت و ئازایەتی و مۆڕاڵی هێندە بەرز بێ کە دوا فیشەک بنێ بە خۆیەوە، نەوەکو دەستی ئەو داوێن پیس و گوورگە برسیانە بکەوێت. 

لێرە و لەوێ ئەوترێ کە ڕەنگە بە زیندووێتی دەستی ئەو تیرۆریستانە کەوتبێ و لە ئەنجامی خستنە خوارەوە مردبێ. دڵنیابن کە خۆی خۆی شەهیدکردووە، دەنا ئەو تیرۆریستانە لە خوایان دەویست بە زیندوێتی دەستیان بکەوێت، هەر لە پێناوی زەلیل کردن و دواتریش وەکو کەمتیار بکەونە جەستەی پیرۆزی. 

جا من سەرم لەو ئیخوانی و جاش عوسمانی و قەتەرییانە دەرناچێت، لە خۆیان پرسیوه، ئاخۆ ناردنی ژنان و کچان بۆ نیکاح کارێکی پیرۆز و جوانە یان ناردنیان بۆ کیفاح؟ بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی وەڵام بکەین ئەبێ بەوانە بڵێین کە ئێوە بەر نەفرەتی مێژوو و خاک و نەتەوە کەوتوون، دەنا  باشە بۆ مرۆڤ کەمێک شەرم لە خودا و کەمێکیش له وڵات و کەمێکیش لە هاوخوێن و هاووڵاتی خۆت بکات. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی