کاتێک پرسیار لە هینری کیسنجەر کرا: بۆچی کوردت بەو دەردە
برد و پشتت تێکردن؟ ئەو بە ساردوسڕییەکەی خۆیەوە وتی: «ئۆپراسیۆنی نهێنی و کاری خێرخوازی
لە یەکتر جیان». ئێستا میراتگرە ئەمەریکاییەکەی، تۆم باراک، دەڵێت: «ئێمە قەرزاری
هەسەدە نین تا حکوومەتێکی بۆ دروست بکەین.. هەسەدە ڕۆڵی تەنیا بۆ بەرەنگاریی داعش
بووە و ئەو ڕۆڵەی تەواو بووە».
ئەم دوو قسەیە ئەگەرچی نێوانیان ٥١ ساڵە، بەڵام هەر یەک
عەقڵییەتی سیاسی لە ئەمەریکا بەرهەمی هێناون. کیسنجەر دوای ١٥ ساڵ یاریکردن لەگەڵ
کورد، زۆر بە خوێنساردی کورد ڕادەستی قەدەرێکی تاڵ کرد. قسەکەی کیسنجەری نیو سەدە
لەمەوبەر و سیاسەتی برێت ماکگۆرگ و تۆم باراکی ٢٠٢٦ ، هەمان قەوانی سیاسەتی دامەزراوەکانی
ئەمەریکایە کە لێ دەدرێتەوە؛ بەڵام سەیرە گەلانی بەشمەینەت و وەزاڵەهاتووی ژێر ستەمی
دیکتاتۆری و چەوساندنەوە، هێشتا چاویان لە سۆزی ئەمەریکا یان پابەندیی ئەخلاقیی ئەو
وڵاتە بێت بە بەڵێن و پشتیوانییەکانی.
ئەمەریکا هەمیشە لەو شوێنە بووە کە بەرژەوەندییەکانی مسۆگەر
کردووە و بەردەوام بەدوای ماشینەوەی قازانجی ماددی و مەعنەویی خۆی بووە، بۆ بەدیهێنانی
ئامانجە سیاسی و ماددییەکانی، سڵی لە هیچ پێوەر و ڕێسا و یاسایەک نەکردووەتەوە.
کورد چیرۆکێکی تاڵ و پڕ ئازاری لەتەک سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەیە؛ جگە لە نسکۆی
١٩٧٥، لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەمەریکا گەورەترین پشتیوان و پارێزەری ڕژێمی
بەعس بوو.
لە دوای ڕزگارکردنی کەرکووک لە ئازاری ١٩٩١ دا، ئەوە ئەمەریکا
بوو ڕێگەی دا ڕژێمی بەعس هێلیکۆپتەر بۆ سەرکوتی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان بەکاربهێنێت.
دوای ڕووخانی بەعسیش، لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری عێراق و بەشداریی کورد لە پرۆسەکەدا،
هەمیشە ئەمەریکا پشتیوانی بەغدا بوو؛ بەشێکی زۆری ئەو مافە دەستوورییانەی کورد نەیتوانی
لە دەستووری ٢٠٠٥دا بیانچەسپێنێت، هۆکارەکەی فشاری ئەمەریکا بوو لەسەر کورد.
پۆڵ برێمەری حاکمی سیاسی ئەمەریکا، ئەندازیاری سەرەکیی ئەو
کێشە دەستووری و یاساییانەیە کە تا ئێستاش بە هەڵپەسێردراوی لە نێوان هەولێر و بەغدا
ماونەتەوە. ئەوە سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە ٢٠١٠ دا فشاری خستە سەر کورد بۆ ئەوەی بە
زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و سیستمی هەڵبژاردنی فرەبازنەیی ڕازی
بێت و بە کردەوە کورد لە «سێیەکی پەکخەر»ەوە بکاتە کارەکتەرێکی بێ ڕۆڵ لە ئەنجومەنی
نوێنەراندا.
لە ڕووداوەکانی ئەیلوول و ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دا، بینیمان ئەمەریکاییەکان
چۆن گوێی خۆیان لە ئاستی «بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان» کەڕ کرد و لەباتی وەڵامدانەوەی
خواستی میللەتێکی دۆستیان، دەستیان خستەوە دەستی بەغدا و بە واژۆیەک زەوی و ئاسمانیان
بەسەر کوردستاندا داخست. بەوەشەوە نەوەستان، هەر بە تانک و چەکەکانی ئەوان پاشەکشێ
بە پێشمەرگە کرا.
ئێستاش بە چاوی خۆمان دەبینین کورد لە ڕۆژاوادا چۆن
گرفتاری دووفاقی و خوێنساردیی کیسنجەرەکانی ئەمەریکا بووە. لە کاتێکدا هەسەدە پاڵەوانی
تێکشکاندنی داعش و لەناوبردنی پایتەختەکەیان بوو، خوێنی ١١٠٠٠ شەڕڤانی بەخشیوە بۆ
ئازادی و ڕزگاری، کەچی «تۆم باراک» دەڵێت: «قەرزاریان نین» و «ڕۆڵیان تەواو بووە».
ئێستە کاتی ئەوەیە کورد بە وشیارانەتر و قووڵتر لە سیاسەتی
بەرژەوەندپەرستانەی ئەمەریکا بڕوانێت. نابێت بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی
کورد بکرێنە قوربانیی سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانەی ئەمەریکا. گرنگە هەرێمی کوردستان
«ڤیتۆ»ی لە مامەڵەکردنی سیاسییدا هەبێت. ئەو عەقڵییەتە ناوەندگەرایانەی ئەمەریکا کە
کار بۆ بەهێزکردنەوەی ناوەندی وڵاتانی داگیرکەر دەکەن، دەبێت مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت
و بایکۆت بکرێن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی