لەوانەیە شەڕ بە بڕیارێکی سیاسی دەستپێبکات ، بەڵام هەمیشە بە ئازارێکی مرۆیی کۆتایی دێت ، شەڕ پاساوی ململانێکان لە هۆڵی سیاسەت دادەڕێژرێت ، بەڵام نرخەکەی لە خانووی خەڵکانی سادە دەدرێت ، شەڕ بە زەڕووڕەت لەنێوان خەراپەکان و چاکەکان نیە ، مێژوو فێرمان دەکات کە زۆر لە شەڕەکان لەنێوان ڕووناکی و تاریکی نیە ، بەڵکو پێکدادانی بەرژەوەندیەکان و ململانێی نفوز و پاڵنەری لووتبەرزی و خۆبەزلزانیە کە لە هەموو حالەتەکاندا بێتاوانەکان باجەکەی دەدەن ، ئەو بێتاوانەنەی کە لە بنچینەدا ئەو شەڕەیان هەڵنەبژاردووە ، زارۆک و ، ژن و ، کەسانی ساد و ، خەونە بچووکەکانی خەڵکە کە لەژێر دەنگ و گرمەی تۆپەکان ووردوخاش دەبێت ، لەبەرژەوەندی هیچیەک لە گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە کوردستان-یشەوە نیە کە ئەو شەڕە مەترسی بخاتە سەر ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکە و ، وابکات خوانەخواستە دووبارەبوونەوەیەکی جەنگی عێراق - ئێران لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لێبکەوێتەوە کە دەبێتە ڕێگایەکی خێرا بۆ خاپوورکردنی بە کۆمەڵ و خۆکوشتنی بە کۆمەڵ ، لە مێژووی شەڕەکاندا هەمیشە هەڵەیەک دووبارە دەبێتەوە ، ئەویش ئەوەیە کە سەرکردەکان لەچرکەساتی متمانە بە هێزەکانیان لەبڕوایەدان کە شەڕەکەیان کوورت دەبێت و ، سەرکەوتن-یش مەسەلەی کاتە ، بەڵام ئەزموونەکان شتێکی تر دەڵێن ، شەڕەکان هەروەکو بیرمەندی ئیتاڵی « نیکۆلۆ میکیاڤیللی » بەر لە چەند سەدەیەک گوتویەتی : ( سەرکردەکان کاتێک دەیانەوێت دەستیپێدەکەن ، بەڵام کۆتایی نایەت کاتێک ئەوان دەیانەوێت ) ، لە کتێبی « میر » دا میکیاڤیللی وێنەی دەسەڵاتدار دەکات کە دەبێت کۆکراوەی نێوان فێڵبازی ڕێوی و هێزی شێر بێت ، بەڵام مێژوو ، وانەیەکی تری خستەسەر ئەویش ئەوەیە کە دەشێت هێز بەس بێت بۆ دەستپێکردنی شەڕ ، بەڵام هەمیشە بەس نیە بۆ کۆتایی هێنانی ، هەروەها لەهەموو شەڕێکدا کە مووشەک و سەرباز تێیدا دەجوولێت ، شەڕێکی تریش هەیە کە لە ئاسمان و زەوی بەرپا نابێت ، بەڵکو لە مێشک و دڵ و یادگە و گێڕانەوەکان و گۆڕەپانەکانی ڕاگەیاندن لە ئارادان ، لەکاتێکدا سوپاکان خەریکی شەڕەکانن ، سیاسیەکان کێبڕکێیانە لەسەر ڕاگەیاندنی سەرکەوتن و گێڕانەوەی ئەلقەکانی زنجیرەی شەڕی دەروونی بەرانبەر یەکتری ، کە هەموو ئەمانە لەو شەڕەی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل-ئێران ڕەنگیداوەتەوە و ، جگە لەمانە ئەوەی کە لە زەمەنی مانگ و ژیری دەستکرد و پێگەی ئەلکتڕۆنی لەو شەڕەدا هەستی پێدەکرێت ئەوەیە ، کە ڕاستی بزرە و هەردوولا خۆیان بەسەرکەتوو دەزانن ، مەسەلەکە پەیوەست نیە بەوەی : کێ ئامانجە سەربازیەکەی بەدەستهێناوە ؟ بەڵکو کێ سەردەکەوێت لە ئیقناعپێکردنی جیهان بە گێڕانەوەی سەرکەوتنەکە !! کاتێک ترمپ-ی سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت : ئێران-نمان والێکردووە کە لەسەدەکانی ناوەڕاستدا بژیت ، لەڕاستدا ئەمە موخاتەبەکردنی ئێران نیە ، بەڵکو موخاتەبەی جەماوەرێکی فراوانە ، یەکەم گەلی ئەمەریکا و هەروەها هاوپەیمانەکانی و نەیارەکانی ، لەبەرانبەردا کاتێک سەرکردەکانی ئێران سوورن لەسەر ئەوەی کە شەڕ بەردەوام دەبێت بەهەردوو بەرەی سەربازی و ئابووری و دەتوانن لە قووڵایی لە بنکەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بدەن ، ئەمەش لای خۆیەوە هەر تەنها ڕاپۆرتێکی سەربازی پێشکەش ناکەن ، بەڵکو داڕشتنەوەی گێڕانەوەیەکی سیاسیە کە ئاراستەیە بۆ ناو ئێران و جیهان ، لەو سەردەمەی پەیوەندیە زۆر پێشکەوتووەکان گەیشتن بە ڕاستی لە شەڕدا قووڕس بووە ، وایلێهاتووە کە پێشکەشکردنی زانیاری چەواشەکارانە یان هەڵبژێردراو بۆتە باو و بەشێکە لە ستراتیژیەتی سەربازی و هەروەها سروشتی ڕاگەیاندنی سەردەم ، ئا بەم شێوەیە ئێمە لەبەردەم دیمەنێکی ئاشناین لە مێژوو ، هەموو لایەک خۆی بەسەرکەوتوو دادەنێت ، بەڵام« ڕاستی » تەواو دابەشبووە لەنێوان هەردوو لایەن یان لە دەرەوەی گێڕانەوەی هەردووکیانە ، لە فەزای میدیاییدا ، وادیارە کە شەڕ هەرتەنها لەسەر زەوی نیە ، بەڵکو لە عەقل و دڵی ئادەمیزاد دایە ، بەجۆرێک ڕاستیە شێواوەکان لەگەڵ ڕاستییە کردەییەکان بەریەک دەکەون و ، هەمووان یەک وانە فێردەبن ، ئەویش ئەوەیە کە : هەندێکجار « ڕاستی »یەکان ئاڵۆزترن لەوەی کە ڕاپۆرتە هەواڵیەکان نیشانی دەدەن و ، زۆر شلوقترن لەوەی خەڵک لەو بڕوایەدان ، بەڵام تائێستا میحوەری ململانێی ڕاستەقینە لەنێوان هێز و ئیقناعکردن ، نێوان ئەوەی دەبینرێت و ئەوەی شاردراوەتەوە-یە.
دوای جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل - ئێران ، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەکو ئەوەی پێش شەڕەکە نامینێت ، بەگشتی ڕەسمی نەخشەی نوێ بۆ ناوچەکە دەکرێت ، کە خۆی لە فروانکردنی باڵادەستیی ئەمەریکا بەسەر دەریای نەفت و بەسەر ڕێڕەوە ئاوییەکان و ، ئیسیغلالکردنی هەموو ئەو سوودە ستراتیژی و جیۆسیاسیە بۆ خنکاندنی نەیارە ڕکابەرەکانی دەبینێتەوە، ئەو نەیارانەی کە ئاواتەخوازن کورسیەک وەک زلهێزێک هاوبەش بکەن
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی