(ڕۆژئاوای کوردستان وانەیەک بۆ یەکڕیزی)

4 کاتژمێر پێش ئێستا

رێبین رەحیم

ئەگەرچی بارودۆخی کوردانی ڕۆژئاوا توشی نەهامەتی و دژواریەکی قورس بوەتەوە بەڵام ئەوەی لەنێوجەرگەی ئەم بارودۆخە سەختەدا دڵخۆشکەرەو شایستەی هەڵوێستە لەسەرکردنە ئەو یەکڕیزی و هاوخەمی و هاوهەڵوێستیەیە کە هەرتاکێکی کورد لەهەرگۆشەیەکی ئەم جیهانەدابێت هەیەتی و هاوخەم و هاوئازاری براو خوشکەکانیەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان

ئێمە وەک نەتەوەیەکی ژێردەستەی ڕزگارنەبووی سیستمی کۆڵۆنیالیزم و داخکراوی سایکس بیکۆ بۆ نەگبەتی نەتەوەکەمان لە زۆرینەی لاپەڕکانی مێژوودا نەک یەکهەڵوێست نەبووین بەپێچەوانەوە باجی هەرەگەورەی کە گەلەکەمان داویەتی نەبوونی یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی بوە لانیکەم لە پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکاندا

ئەم یەکڕیزی و پشتگیریەی ئێستا لە کوردانی ڕۆژئاوا دەکرێت  لە هەموو گۆشەیەکی ئەم دونیاوە چیرۆکی ڕۆژانی جەنگی دژی داعشی بیرهێناینەوە کە هەموو کوردێکی هێنایە سەرخەت بۆ پاڵپشتی و هاوکاری باشوری کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەجۆرێک بەشی هەرەزۆری هورەومۆراڵی پێشمەرگە پاڵپشتی کوردان و دۆستەکانمان بوو کە سەرەنجام کوردستان سەرکەوت و کۆتایی بە چیرۆکی ترسێنەری داعش هێنا

پاڵپشتی سیاسی و دیبلۆماسی هەرێمی کوردستان بە هەموو پێگەو داموو دەزگا فەرمیەکانیەوەو پێش هەموانیش بارەگای بارزانی و سەرۆک بارزانی هەر لەیەکەم چرکەساتی پەلەماردانەکانی شاری حەلەب لە حەوتی جێنیوەری لە دوتوێی بەیاننامەیەکدا بەجیهانی وت کورد لەبەردەم جینۆسایدو مەترسی سڕینەوەدایە لەو ڕۆژەوە سەرۆک بارزانی چوار بەیاننامەی لەسەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردوەتەوە ، سێجار ئەحەمدشەرعی سەرۆکی سوریا پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵیدا هەبوەو لەهەموو تەلەفونەکاندا سەرۆک بارزانی داکۆکی لەسەر مافەکانی کورد کردوەتەوەو فەرمانی سەرۆکایەتی دەوڵەتی سوریاش بەرەنجامی ئەو هەوڵانەبوو کە سەرۆک بارزانی ، هەرلەو ماوەیەدا پەیوەندیەکی تەلەفۆنی و کۆبوونەوەیەکی فەرمی لە پیرمام لەگەڵ تۆم باراک بە ئامادەبوونی مەزڵوم عەبدی و نوێمەری ئەنەکەسە ئەنجامدرا

لەو ماوەیەدا سەرۆک بارزانی زیاتر لە چوار کۆبوونەوەی لەسەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ سەفیری وڵاتانی زلهێز لەعێراق هەبوەو داوای هاوکاری و پاڵپشتی ئەو وڵاتانەی بۆ کوردستانی ڕۆژئاوا کردوە، ڕۆژی 21ی جێنیوەری سەرۆک بارزانی بەسەردانێکی فەرمی گەشتە ڕۆماو لەگەڵ پاپا لیۆی چواردەیەم کۆبویەو داوای پاڵپشتی قەداسەتی پاپای کرد بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دواتریش لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ڤاتکانیش بۆ هەمان مەبەست کۆبویەوە، هەر لە ئیتاڵیا سەرۆک بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆ وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆبویەوەو داوای پاڵپشتی ڕۆمای بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کرد

لەم ماوە کورتەداو ئەو هەموو هەوڵە پێمان دەڵێت بێشک کۆشێکی گەرمی باوکانەو کەسێک هەیە کە خاوەنداریەتی لە دۆزی کورد دەکات و لێناگەڕێت کورد لە هەرپارچەیەکی کوردستان یاخود هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدابن تەنها بمێننەوە، زیاتر لەوەی بیری لێدەکرێتەوە بۆ دۆزی ڕەوای ئەم گەلە دەیکات،بۆیە زۆر گرنگە هەموومان لەپشتی جەنابی سەرۆک بین بۆ ئەوەی ڕەوتی نیشتیمانی ئێمە لەسەر ڕێچکەی خۆی و بەڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی بەردوام بێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی