​ بەشداریت یا ڕێگریت یا هیچیان لە پرۆسەی بەسیاسیکردنی ئیسلامدا؟

1 کاتژمێر پێش ئێستا

نیشتیمان عەبدولقادر




لەم سەردەمەدا لە کوردستان و زۆرێک لە وڵاتان پرۆسەی بەسیاسیکردنی ئیسلام تیایدا پرۆسەیەکە بەردەوام کاری لەسەر دەکرێ، جا لەلایەن خوودی دەسەڵاتی سیاسیی و حکومڕانی وڵاتەکەوە بێت یاخود لەڕێیی حیزب یا ڕێکخراو یا گروپی جیاوازەوە بێت. بە ئاشکرا یا نهێنی، بەشێوەی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ .
لەو شوێنانەی کە ئەم پرۆسەیە تیایدا بەڕێوەدەبرێ، بەسەپاندن لەڕێی دەستور و یاسا و ڕێساوە یا وەک ئەرک یا بە خوایشت، مرۆڤ بەخۆی بزانێ یا نەزانێ بەردەوام دەکەوێتە بەردەم حاڵەتگەلێکی جۆراوجۆر کە بەئاراستەی بەشداریپێکردن لە بەڕێوەبردن و بەردەوامیدان بە پرۆسەی بەسیاسیکردنی ئیسلامدایە، ئەمەش وەک هەموو پرسێکی دینی و دنیایی دیکە ئاگایی و یەکلابوونەوە دەخوازێ لەو ڕوانگەیەوە کە پێویستە بیروباوەڕ و کرداری ئایینییانە لەگەڵ ئەرک و مافی مەدەنییانە هاوسەنگ بن و لەخزمەت مرۆڤایەتیدا بن بەپێچەوانەشەوە دژبەیەک نەبن.
خۆ ئەگەر پرسیارکردنی مرۆڤ لە خوودی خۆی ببێتە نەریت ئەوا ئەم چەمکە دەکەوێتە بەر پرسیاری ئەوەی کە لەنێوان ( بەشدار یا ڕێگر یا هیچیان ) سەبارەت بە پرۆسەی بەسیاسیکردنی ئیسلام پێویستە مرۆڤ خۆی یەکلابکاتەوە، هەڵبەتە لێرەدا (هیچیان ) بە مانای ئەوەیە کە نە بەشدار بیت و نەڕێگر بیت لەبەرامبەریشدا ئازادیت تا چەند پابەند دەبیت بە جێبەجێکردنی ئایینی ئیسلامەوە و بەچ شێوە و ڕادەیەک یاخود هەر پابەند نابیت.
هەریەک لەو بژاردانەش ( بەشدار یا ڕێگر یا هیچیان ) پێویستە هاندەر و هۆکاری جیاوازی هەبێت کە پەیوەست بێت بە کەسایەتی ڕاستەقینەی مرۆڤەوە بەدەر لەو کۆمەڵە سیفاتە وەدەستهێنراوانەی دیکەی وەک ( پیشەیی، زانستی، ئایینی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری ... هتد) بەمانایەکی تر ئەو سیفاتانە تەنیا ئامرازن بۆ ناساندنی مرۆڤ نەک بەڵگە بن بۆ ئاستی ئاگایی و پێگە مرۆڤدۆستانەکەی مرۆڤ. بۆ نموونە مرۆڤ هەیە ئایین وەک وەسیلە دەخاتە خزمەت ئەو سیفاتانەی دیکەی بۆ جوانترکردنیان لەپێناو بەدەستهێنانی پلە و پایە و ڕێز و پێگە لەناو کۆمەڵگەدا.
یەکێک لە فاکتەرە هەرە بەهێزەکان بۆ یەکلابوونەوەی مرۆڤ لەنێوان ئەو سێ بژاردەیە لە پرۆسەی بەسیاسیکردنی ئیسلام دا ( ڕاستگۆییە ) ڕاستگۆیی لەگەڵ خوودی مرۆڤ خۆی پێش ئەوانی دیکە، لە ڕەهەندێکی دیکەوە ڕاستگۆبوونی مرۆڤ لەگەڵ خوودی خۆیدا وەک ڕاستگۆییەتی لەگەڵ خوداکەیدایە چونکە بەنهێنییە و کەس دەسەڵاتی بەسەریدا نییە، ئەو ڕاستگۆبوونە لەگەڵ خوود و خودادا شتێک دروست دەکات پێی دەوترێ ( ویژدان )، ویژدانیش ئەو پێوەرەیە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و بەهێزی هەیە لە یەکلاکردنەوە و هەڵبژاردن و بەکردارکردنی ئەو هەڵبژاردەیەی کە جێی مەبەستە.
لێرەوە بۆ هەموو مرۆڤێک لەسەر ئاستی تاک دەتوانرێ وەڵام بۆ ئەو پرسیارە بەدەستبێ کە ئایا بەشدار بێت یا ڕێگر بێت یا هیچیان لە پرۆسەی بەسیاسیکردنی ئیسلام دا کە لەڕێی بێئەژمار دەزگا و گروپ و کەسانی جیاوازەوە بە بەرنامە و پلانگەلێکی بێشومار بەڕێوەدەبرێت.
ئەم یەکلاکارییە کە سەرچاوەکەی ویژدانێکە لە ڕووبەڕووبوونەوە و ڕاستگۆیی لەگەڵ خوود و لەگەڵ خوودادایە دەبێتە فریادڕەس بۆ تێپەڕاندنی دووفاقێتی لە کەسایەتیدا وهاوکات کەمکردنەوەی دیاردەی دووفاقێتی لە کۆمەڵگەشدا .
پرسیارێک لەسەر ئاستی تاک لەم بوارەدا خۆی دەسەپێنێ ئەوەیە کە بە چ ئامرازێک ئەو هەڵوێستە وەک ( بەشداریکار یا ڕێگریکار یا هیچیان ) بەکردە بکرێت؟ بێگومان، یەکەم، پێویستی بە ئاگایی هەیە لە هەموو ئەو بەرنامە و سیاسەتانەی لە پرۆسەی بەسیاسیکردنی ئیسلامدا جێبەجێدەکرێ، دووەم پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ خوودی خۆیدا هەیە هەرچەندە بەلای زۆرینەوە ئەمە کارێکی ئەستەمە وەک سەرەتا بەڵام کە بوو بە نەریت ئیتر پەیڕەوکردنی دەبێتە ئەو گەنجینەیەی کە وەک قەڵغان مرۆڤ دەپارێزێ لە هەموو سیاسەتێک کە لەخزمەت کۆی کۆمەڵگە و مەسەلە چارەنووسساز و نیشتیمانسازییەکاندا نەبێت. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی