دیمەشق و تورك دەیانەوێ‌ لەڕێی داعش پەلاماری سەنگەرەكانی كورد بدەن

4 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرتیپ جەوهەر



پێدەچێت گۆڕانێكی ئیجابیی خێرا لەبەرژەوەندی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە دروستبووبێت كە رێگا نادرێت هیچ هێزو میلیشیایەكی دیمەشق هێرش بكەنە سەر شارە كوردستانیەكان.
كۆبونەوەكانی دوێنێی هەولێرو گفتوگۆ تەلەفۆنیەكەی نێوان ماكرۆن و مەزلوم عەبدێ‌، ئاماژەی روونی تێدایە كە شەڕ رادەگیرێت و رێگا خۆشدەكرێت بۆ گفتوگۆكردن.
دۆخی ئێستا وەك واقعێكی نوێ‌ بەردەوام دەبێت و رێگا نادرێت میلیشیاكانی دیمەشق و توركیا پەلاماری شارە كوردستانیەكان بدەن. زمانی تۆم باراك نوێنەری ئەمریكا كە كەواسوری بەرلەشكری دیمەشق و تورك بوو، گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە. پەیوەندی ماكرۆن بەمەزلوم عەبدێ‌ فشاری ئەوروپا لەسەر ئەمریكاو دیمەشق بەروونی دەردەخات.
ئەو كۆبونەوەیەی بڕیارە بەمزوانە بكرێت بەبەشداری بارزانیی و مەزلوم عەبدێ‌ و ئەسعەد شیبانیی وەزیری دەرەوەو تۆم باراك، پێناچێت هەموو گرفتەكان چارەسەر بكرێن بەڵكو پێویستی بەكاتی زیاترە، چونكە شیبانی جگە لەدیمەشق، نوێنەرایەتی تورك-انیش دەكات. هەروەك چۆن بەر لەشەڕی حەلەب لەسەر داوای تورك، گفتوگۆكانی نێوان كوردو دیمەشقی تێكدا. تۆم باراك-یش مەیلی توركانی زیاترە، بۆیە پێدەچێت گفتوگۆكان درێژە بكێشێت.
ئەو دۆسیانەی لەسەر مێزی گفتوگۆ دەبێت زۆر زیاترەوە لەوەی لە رێككەوتنە 14 خاڵیەكەدا هاتووە. پرسی چارەنوسی هێزەكانی هەسەدە، سنوری قەڵەمڕەویی و پرسی ئابلوقەدانی كۆبانیی، تێكەڵكردنەوەی رێڤەبەری خۆسەرو گونجاندنی لەگەڵ رێڤەبەری دەوڵەت، مافی كورد لەدەستوری نوێی سوریا، پرسی شەراكەتی بڕیاردان لەدیمەشق و پرسی خوێندن و پەروەردە بەزمانی كوردی، هەروەها بەڕێوەبردنی سامانی سروشتیی و زۆر پرسی دیكە پێویستی بەرێككەوتن هەیە، بۆیە زۆر ئەستەمە بتوانرێت بەیەك دوو كۆبونەوە چارەسەر بكرێن، بەڵكو پێویستی بەڕێككەوتنێكی نوێ‌ هەیە، بەهەموو ئەگەرێكەوە جێبەجێكردنی رێككەوتنە 14 خاڵیەكەی 18ی ئەم مانگە زۆر زەحمەتە، چونكە لەبارودۆخێك لەدایك بوو، ئاگرباران بوو، ئێستا ئەو دۆخە گۆڕاوەو زەحمەتە جێبەجێكردنی.
لەناوخۆی ئەمریكاو لەئەوروپاو لەئیسرائیل فشار لەسەر ئیدارەی ترەمپ و سوریا دروستبووە كە نەدەبوو بەمشێوەیە كورد وەك نێچیرێكی بێدەرەتان بخرێتە بەردەم پەلاماری دڕندانەی گروپە تیرۆرستەكانی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق و توركیا، بۆیە پێویستە هەرچی زووە دۆخەكە بگۆڕدرێت و هێورییەك دروستبكرێت نەك لەژێر فشار كورد ناچار بەسازشی گەورە بكرێت هەروەك لە 18 مانگ تۆم باراك بەناوی ئەمریكاوە كوردی ناچار بەئیمزاكردنی رێككەوتنێكی تەواو لاسەنگ كرد.
بەهۆی پێداگری شەڕ راگرتن لەلایەن هەموو دونیاوە، پێدەچێت دیمەشق و تورك بەدوای رێگەیەكی دیكەدا بگەڕێت تا ئاگری شەڕ خۆشبكەن، بەپێی زانیاریی نوێ‌ لەرۆژئاوای كوردستانەوە، دیمەشق و تورك هەوڵدەدەن گروپی داعش چەكدارو بۆمبڕێژ بكەن تا پەلاماری سەنگەرەكانی هێزی بەرەڤانیی و بەرگریكاری كورد بدەن لەسەنگەرەكانی حەسەكەو قامیشلۆ، بۆ ئەم مەبەستە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیلی بۆمبڕێژ بنێرنە سەنگەرە جیاوازەكان و بیكەنە بیانووی دەستپێكردنەوەی هێرش. ئەمەش رەنگە هەوڵێك بێت لەلایەن توركیاوە بۆ تێكدانی گفتوگۆكان كە خەریكە پێشكەوتن بەخۆیەوە دەبینێت.
یەكڕیزیی و هاوهەڵوێستی خۆپێشاندانە رەنگاوڕەنگەكانی كورد لەهەموو دونیا، دەرگاكردنەوەی حكومەتی هەرێم (پارتی) بەڕووی رۆژئاوای كوردستان بۆ گەیاندنی هاوكاریی لەباشوری كوردستانەوە، رۆڵێكی ئێجگار ئەرێنی هەبوو لەبەرزكردنەوەی ورەو خۆڕاگری كورد لەرۆژئاوای كوردستان بەرامبەر تیرۆرستان. لەم قۆناغەدا ئەم یەكگرتوویی و هاوسۆزییە گەلێك گرنگە بۆ رۆژئاوای كوردستان، ئێستا كاتی حزبایەتی و دەمارگیری حزبیی نییە. بۆ كورد، یەكگرتوویی و هاوهەڵوێستیی تاكە چەك و فاكتەری ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی كوردە بەرامبەر نەیاران. پێویستە هەموولایەنەكان هانبدرێن.
.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی