ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابووردوو بە قۆناغی شۆڕش و بەرخودانی لاوانی کورد دادەنرێت بە تایبەت لە باشوری کوردستان، دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێ پۆل پۆل لاوانی کورد لە شار و شارۆچکەکانەوە پەیوەندیان دەکرد بە شۆڕشەوە لە ڕێگای ڕێکخستنە نهێنیەکانەوە، لەشکرێک لە لاوان خزابوونە ناو کوچە و کۆڵان و فەرمانگە و شوێنە گرنگەکانی بەعس، چالاکی پێشمەرگانەیان دەکرد پەلاماردانی دامودەزگاکان و بەرپرسانی بەعس وایکردبوو کە ترس و لەرز گەیشتبووە دڵی هەموو بەرپرسانی ڕژێم ئەگەر ڕێگری نەکرێت ناوچە کوردیەکان لەدەست دەدەن.
ناوچەیەکی فراوانی کوردستان ئازاد کرابوو دەسەڵاتی خۆبەڕێوەری شۆڕش ئەو ناوچانەی بەڕێوە دەبرد تا تاوانی ئەنفال.
حکومەت دەستی کرد بە گرتن و ڕاوەدونانی ڕێکخستنەکان و شەهید کردن و زیندانی کردنیان هەرچی جۆرەکانی ئەشکەنجەدان بوو لە دژی شۆڕشگێران بەکاری هێنا ، تا دواجار لەسەر دەستی حکومەتی بەعسی ڕوخاو نزیکەی دوو سەد هەزار هاوڵاتی کورد ئەنفال کرا و شاری هەڵەبجە و زۆر ناوچەیتری کوردستان کیمیاباران کرا کە بووە هۆی وێران کردنی نزیکەی پێنج هەزار گوند و شار و شاڕۆچکە و هەزاران هاوڵاتی سڤیل شەهید بوون.
هەرچەندە وەکو ئێستا شۆسیال میدیا و ڕاگەیاندن نەبووە تا دەنگمان بگەیەنێتە وڵاتانی جیهان و پارچەکانی تری کوردستان.
بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ ڕوحی کوردایەتی و هەستی نیشتیمانپەروەری لای لاوانی کورد زیاتر دەبوو تادواجار حکومەتی بەعسی فاشیست ڕوخاو کوردستان ئازاد کرا.
ئەو چەند دێڕەی سەرەوە بە کورتی باسم کرد خەبات و تێکۆشانی دوو دەیە زیاتر بۆ ئەوەبوو کە بیری لاوەکانی ئێستا بهێنینەوە ڕۆژگارێک بووە باشوری کوردستان بە قۆناغێکی سەختی کوردایەتیدا تێپەڕیوە.
لە چەند ساڵی ڕابووردوودا بەردەوام گوێبیستی تێکۆشەرانی دێرین و ڕۆشنبیران دەبووین دەیان وت ئێمە خەمی ڕەنج و ماندوبوونی خۆمان نییە کە وەکو پێویست بەرپرسانی باشور لە ئاست خواستەکانمان نەبوون ، بەڵکو خەمی ئەوەمانە جیلێکی نوێ لە کوڕان و کچان دروست بوون ئینتیمای نیشتیمانیان کەمە.
ئێستا کە لە سەرەتای قۆناغی چارەکی دووەمی سەدەی بیست و یەکداین جارێکیتر ڕوحیەتی کوردایەتی چووە بەری کچ و کوڕانی هەر چوار بەشەکەی کوردستانی لەتکراو .
بۆ مرۆڤی هوشیار و نیشتیمان پەروەر كە گەلی كوردی بەلاوە گرنگە، پرسی جیاوازی ئایدۆلۆژی حیزبی و پرسی ناكۆكی لەسەر پۆست و ئیمتیازاتی حیزبی و کەسی جێگای بایەخ نابن، ئەوەی کە گرنگە و دەبێتە پرسێکی بنەڕەتی كورد و کوردستانە.
ڕۆژئاوای کوردستان ماوەی ۱٥ ساڵە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەری هەیە و حکومڕانێکی سەرکەوتو بوون پێشمەرگە و شەرڤان یەکێک بوون لە هێزە سەرەکی و کاریگەریەکان کە ڕێگربوون لە زیادکردنی هەژمونی دەسەڵاتی داعش کە مەترسی هەبوو لەسەر هەموو جیهان لەو پێناوەشدا هەزاران ڕۆڵەی کورد بووە قوربانی.
دوای ئەوەی بە پشتیوانی ئەمریکا و وڵاتانی زلهێز بەعسی سوریا ڕوخا و ئەحمەد شەرع هاتە سەر دەسەڵات کورد بە ئومێد بوو ڕۆژئاوا بە مافە زەوتکراوەکانی بگات کە دەیان ساڵە لە لایەن حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی سوریاوە پێشێل دەکرێن.
بەڵام هەرزوو دوای جێگیر بوونی دەسەڵاتەکەی نیەتی پیس و گڵاوی ناسیۆنیالیستی عەرەبی ئەوانیش دەرکەوت و پەلاماری دوو گەڕەکی کوردنشینی ئەشرەفیە وشێخ مەقسودی دا ، دوای بەرگریەکی بێ وێنەی شەرڤانان کە پێنج ڕۆژ وەکو قەڵغان ڕێگریان لە هێزە بەربەریەکەی محمد جولانی کرد بەڵام نابەرابەری هێز و پاڵپشتی تورکیای ئەردۆغان بووە هۆی گرتنی هەردوو گەڕەکەکە.
کۆبوونەوەکەی ڕۆژی ۱٨ی کانونی دووەمی ۲۰۲٦ نێوان تیمی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی تۆم باراک و تیمی کورد بەسەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی و کاک مەسعود هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کە وا دەرکەوت پەیامی داگیرکاری دەسەڵاتی هەسەدە لەلایەن هێزەکەی ئەحمەد شەرع بە تیمی کورد ڕاگەیەنرا بە پاڵپشتی ئەمریکا و تورکیا و چەندین دەوڵەتی تری عەرەبی.
بۆ ڕۆژی دواتر چونی مەزڵوم عەبدی بۆ دیمەشق و کۆبونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع کەداوای ڕادەستبوونی هەسەدە کرا تا لەناودەسەڵاتی سوریا و سوپادا بتوێنەوە.
هەڵوێستی سەرکردەی ئازا و بەتوانا و لێهاتو مەزڵوم عەبدی تەواوی هاوکێشەکانی گۆڕی لە پەیامێکدا کەبە ئەحمەد شەرع سەرۆکی ڕاگوزەری سوریای وت ( دەچمەوە حەسەکە و تا دوادڵۆپی خوێنم دەجەنگم ، جارکیتر دەیسەلمێنین ئیرادەی گەلان لە هەر جۆرە هێرش و داگیرکاریەک بەهێزترە ، ئەمڕۆ ڕۆژی کەرامەتە و لە دێرکەوە تا کۆبانی دەکەینە گۆڕستانی داعشە نوێیەکان).
لەم سەردەمی پێشکەوتوی تەکنەلۆجیا و سۆشیال میدیا کە هەموو چرکەیەک ئاگاداری ڕوداوەکان دەبین بڕیارە یەکلاکەرەوەکانی داگیر کەران وا بە ئاسانی تێناپەڕێت ، ڕەنگە هیچ كەس هێندەی كورد هەست بە بێ دەوڵەتی نەكات و دەشزانێت تەنها دەوڵەت و چوارچێوەیە دەتوانێت چارەنووس و داهاتووی ئەم گەلە بپارێزێت.
هەر دوای پەیامەکە لە نیوەشەوێکی باراناویدا کوردانی باشور لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردسان ڕژانە سەر شەقامەکان و پاڵپشتی پەیامەکانی بەڕێز مەزڵوم بوون ، بەشێکی زۆری مامۆستایانی ئاینی کە لە هەموو شۆڕشەکانی کوردا پێشەنگ بوون ئەمجارەش مەردانە پاڵپشتی خۆیان بۆ ڕۆژئاوا دەربڕی.
دواتر بە لێشاو کوڕ و کچانی کورد لە باشور و ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان و وڵاتانی تری جیهان بەرەو ڕۆژئاوا هەواری خەبات و تێکۆشانیان گواستەوە، جارێکیتر بەدوژمنانی گەلی کوردیان وت ڕۆڵەکانی کورد هەمیشە لە خەبات و تێکۆشاندان ، دەسترێژی داگیرکەران لە هەرشوێنێکی کوردستاندا هەبێت ڕێگری لێدەکەن و بە خوێنی ئاڵی لاوەکان مێژوی سەرکەوتن تۆمار دەکەن.
لە گەڵ ئەوەی هۆش و هەستمان لای خوشک و براکانمانە لە ڕۆژئاوا چرکە بە چرکە چاومان لە سەریانە ، ڕۆژانە ڕێپێوان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا و جیهان بەڕێوە دەچێت بۆ پاڵپشتی خوشک و براکانمان ، ئەوەش بووە هۆی هورە بەرزی وڵاتپارێزەرانی ڕۆژئاوا و هاتنە دەنگی بەشێک لە سیاسی و چالاکوانانی وڵاتانی جیهان، بەڵام کاتێک دەبینین جۆش و خرۆشی کوردایەتی ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیاد بووندایە تەواو دڵخۆش دەبین کە لاوی کورد هەستی کوردایەتیان هەمیشە هەبووە و دەبێت.
شاعیری گەورە و نیشتیمانپەروەری کورد شێرکۆ بێکەس لە تێکستێکدا وەڵامی داگیر کەران دەداتەوە
"ئێوە ئەتوانن شیعرمان دەربەدەر کەن
گوڵدانەکانی چێرۆکمان وردوخاش کەن
ماڵەکانمان بدەن بە کۆڵی دووکەڵ و دەبابەدا و بە کۆمەڵ بیانگوێزنەوە
کێ نایزانێ؟!
ئێوە ئەتوانن ئازارمان، لە پێکەنینی خۆتانا بتوێننەوە
ئەتوانن و ئەتوانن و ئەتوانن
بەڵام ئەوەی لە خەونی گورگەبۆرەکەی یەکەمەوە،
نەهاتە دی و ناشیەتە دی
ئەوەی هەرگیز پێتان ناکرێ، سڕینەوەی ئازادییە، لە ڕۆحمانا
کوشتنی ئەشقی ئەبەدیی داروبەردە، لە ناخمانا
ڕاماڵانی خۆشەویستیی دیاربەکر و کەرکووکە، لە دڵمانا
کۆتاییی ئێمە، کاتێکە کە کۆتاییی هەناسە هات
ئەوەی ئایە و نابێ بە نا
کوژانەوەی ئایندەیە، لە چاوی یەکبەیەکمانا"
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی