موجتەبا خامنئی : ” ئایەتوڵڵایەکی زاهید یان ئیمپراتۆرێکی ئابوری “ لە کۆماری تەوریسدا !

5 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ئەمیر حسێن

ئەم وەرچەرخانە مێژووییە ، دەکرێ وەک مەترسیدارترین قۆناغ لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ، لە ساڵی ( 1979) وە دیاریبکرێ ، کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران لاپەڕەی سێهەمی سەرکردایەتی شۆڕشی ئیسلامی ، لەژێر باڵی فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی ئەمریکاو ئیسڕائیلدا کردەوە ، بە دەستنیشانکردنی موجتەبا خامنەئی ، وەک جێگرەوەی باوکی ، کە هێشتا پرسەکەی تەواو نەبوەو تەنانەت تەرمەکەی نە نێژراوە ، ئێران بە فەرمی چو بۆ ناو سەردەمێکی نوێ ، سەردەمی ” ڕەهبەری سێهەم “ . ئەم گواستنەوەی دەسەڵاتە دەکرێ بە " بوومەلەرزەیەکی سیاسی " وەسف بکرێ ، بە ئەگەری زۆرەوە تسۆنامی بەدوای خۆیدا بێنێ ، چونکە تەنها بە ڕێکارێکی پرۆتۆکۆڵی ئاسایی و سروشتی نەبوو لەلایەن ” ئەنجومەنی شارەزایانی ڕەهبەری “ یەوە ، بەڵکو زیاتر دەرئەنجامی چالاکی و هەڵسوڕانی چەندین دەیە بوو بۆ خودی موجتەبا ، لە بنیاتنانی هەژموونێکی بێدەنگ لەناو کۆریدۆرە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێراندا .

 موجتەبا بردنەوەی متمانەی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕەهبەری بە کۆدەنگی ، لە هێز و توانای ” کاريزما “ی کەسی یان لێهاتویی و هونەری وتارخوێنی جەماوەرییەوە وەرنەگرتووە ، وەک قوتبێکی سیاسی یان ئاینی ، بەڵکو لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی وردو بەسەلیقەی ، ماڵی ڕێبەری ” بەیت ڕەهبەری“ یەوە ، کە زیاتر لە دەیەیەکە دەزگایەکی گرنگ و هەستیاری بڕیار بەدەستی سێبەرو نادیاری دەسەڵاتەکانی باوکیەتی ، ئەمەش دەرفەتی زێڕینی بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی پتەو، لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران و دامودەزگا ئەمنی و سەربازیەکان بۆ ڕەخساندوە ، ئەو متمانەی بەدەست هێناوە . موجتەبا بەدرێژایی ڕێبەرایەتی باوکی ، زیاتر وەک ” ئەندازیاری ئەمنی “ دەناسرێت ، بەردەوام دەزگا هەواڵگرییەکانی بۆ جێگیرکردنی پایەکانی ولایەتی فەقێ بەکارهێناوە ، هەر ئەمەش وای کردووە دامەزراوەی سەربازی لەم کاتەدا ، موجتەبا وەک تاکە زامنێک بۆ بەردەوامی ” کۆماری ئیسلامی “ ببینێت ، لە ناوەڕاستی ئەو هەمو زریانە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییانەی ، لە ڕابردو لە ئێستادا ، خەریکە پایەکانی ئەم وڵاتە دەهەژێنن .

   ئەوەتا سەرچاوە ئاینی و میدیاییەکانی تاران ، بەردەوام هەوڵ دەدەن ، موجتەبا وەک ” ئایەتوڵڵا “ یەکی زاهید و شارەزا لە فیقهی ئیسلامی وێنا بکەن ، بەڵام ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە ڕۆژئاواییەکان ، وێنەیەکی تەواو جیاواز دەخەنە ڕوو . ئەم ڕاپۆرتانە باس لە ” ئیمپراتۆریەتێکی ئابووری“ گەورە دەکەن ، لە پشتی پەردەوە کە موجتەبا بەڕێوەی دەبات ، هەروەها لەهەمان کاتدا ، باس لە گەشت بۆ ئەوروپا ، بە پاساوی چارەسەری پزیشکی و ئامانجی وەبەرهێنان ، لە دڵی ئەوروپادا ،(بەتایبەت لە لەندەن) دەکەن . لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی تەمەنی ، ئەمریکا بە شەیتانی گەورە ، وڵاتانی ئەوروپاش بە فەرخە شەیتان وەسف دەکا ، ئەمەش تەمێکی گەورە دەخاتە سەر تابلۆی ڕابردوە شۆڕشگێڕییەکەی لە ناوخۆدا ، تا ڕادەیەکی باش وێنەکەی تاریک و تەڵخ دەکات ، وەک پارادۆکس لەگەڵ ئەو هەموو ژمارە قورس و قەبانەی ، لە ڕوی سەرمایە گوزاری نێودەوڵەتیی دەخرێتە پاڵی .

   لە ڕووی سیاسییەوە ، موجتەبا خامنەیی نوێنەرایەتی ڕادیکاڵترین باڵی نەریتخوازەکان ، یان ( بناژۆخوازەکان ) دەکات . مێژووەکەی پڕە لە دوژمنایەتی ڕەها بەرامبەر ڕەوتی چاکسازیخواز( إصلاحی ) ، ئەو بوو سەرپەرشتی سەرکوتکردنی ” بزووتنەوەی سەوز “ ی کرد ، لە ساڵی ( 2009 ) ، هەر ئەویشە تا ئەمڕۆ ، گەمارۆی سیاسی خستووەتە سەر کەسایەتییە ڕیفۆرمخوازەکانی ، وەک محەمەد خاتەمی و میر حسێن موسەوی . بۆیە بە دەسەڵات گرتنە دەستی ، وادەردەکەوێت بژاردەی ” کرانەوەو چاکسازی “ لە ناوخۆدا ، دوایین بزماری ژەنگاوی لە تابوتی خۆی دابکوتێ ،  لێرەوە ئیتر مەیدانەکە بۆ دەوڵەتێکی ” ئەمنی - سەربازی “ بێ ڕکابەر تەواو چۆڵ دەبێت . بێگومان ئەم فۆڕمەش لە حوکمڕانی کلاسیکی پیاوانی ئاینی ، چیتر لە ناوخۆی شەکەت و ماندو نە لە دەرەوەی گەمارۆدراو قبوڵکراو نەماوە .

     موجتەبا ئەمڕۆ لەبەردەم تەحەدایەکی تری وجودیدایە ، دەستنیشانکردنی ئەو لە شوێنی باوکی ، مەترسی ڕوبەڕو بونەوەی شەپۆلێک تۆمەتی لە ناوخۆدا ، لە مەڕ” تەوریسی سیاسی “ ی لێبکەوێتەوە ، ئەو پرەنسیپ و بنەمایەی شۆڕشی ئیسلامی لە بنەڕەتدا ، بۆ ڕووخاندن و کۆتایی پێ هێنانی ، سەردەمی دەسەڵاتی ” پاشا “ یەتی لە ئێراندا بەرزی کردبۆوە .
[3/9/2026 6:46 PM] shaza maila: ئەوەتا ئەمڕۆ لە سایەی جەنگێکی وێرانکەردا لەگەڵ ئەمریکاو ئیسڕائیل ، دەبینین ڕۆژ لەدوای ڕۆژهێرشەکان چڕتر و سەقفی داواکاریە سیاسیەکانی تڕامپ و نەتانیاهۆ، بڵند تر دەبنەوە ، ئەگەرچی لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی ئێران ، تەنها مانەوەیان لە دەسەڵاتدا بەسەرکەوتنێکی مێژووی دەبینن ، لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیارەدا ، بەڵام بەیعەت بە موجتەبا ، پێدەچێ هەمو دەرگاکان بۆ گۆڕانکاری خێراو دراماتیکی و بژاردەی زیاتری هێرش و سییناریۆی هەڵگەڕانەوە و ناڕەزایی ناوخۆ ، لە داهاتودا بخاتە سەر پشت . بێگومان ئەگەر موجتەبا بڕیاربێ شوێن پێکانی باوکی ، لە بەرکەوتن لەگەڵ پرسەکانی ناوخۆو دەرەوە پێڕەو بکا ، ستەم و برسیەتی و بارودۆخی ئاڵۆزی سیاسی و ئابوری ، توڕەییەکی بێدەنگ و گشتی جەماوەری ، بەتایبەت دوای خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییە ، ڕاستە بارودۆخی ناوخۆ جۆرێک لە کپی پێشان دەدات ، بەڵام شیمانەی تەقینەوەی ئەم بارودۆخە ناوخۆییە لە ئێستادا ، لە هەمووکات کراوە ترە ، بۆیە ڕێبەری نوێ خۆی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا دەبینێتەوە : ئایا دەتوانێت بە مشتێکی ئاسنین یەکپارچەیی ڕژێمەکە بپارێزێت ، لەبەردەم باهۆزی ئەم هەمو میراتە ئەستورەی قەیرانی ناوخۆ ، لەڕوی ( سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ) ؟ . یان کاریگەریەکانی دەرەوە ، بەتایبەت گەڕی ئەمجارەی ئەو جەنگە وێرانکەرە ، موجتەبا بەشوێن چارەنوسی تراژیدی باوکیدا بۆ فیردەوسی ئەعلا هەڵدەکێشێ ؟! یان دواجار” تەوریس “ وەک خاڵی وەرچەرخانی هەڵگەڕانەوە ، لە مانفێستی شۆڕشی ئیسلامی ، دەبێتە ئەو درزە سەرەتاییەی ، کۆتایی بە داهاتووی ڕژێم دەهێنێت لەناوخۆدا ؟ .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی