ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵگری سەدان چیرۆکی ڕاستەقینەی جەنگی گرنگ و چارەنووسسازە لە مێژووی ئایینەکان، ئیمپراتۆریەتەکان، دەوڵەتان و گروپە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکانی ئەم ناوچەیە. هەندێک جەنگ لە مێژوودا خاڵی وەرچەرخان و "منداڵدانی" دابەشکاریی نوێ و جێگۆڕکێی هێزەکان بوون لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
سەرنج بدەن، لێکەوتەی جەنگەکانی وەک (قادیسیە، چاڵدێران، جەنگی یەکەمی جیهانی، ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ و جەنگی کوێت)، تەنها سنوورەکانیان نەگۆڕی، بەڵکوو شێوازی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییان بۆ سەدان ساڵ گۆڕی. لە ئێستاشدا ئەگەر بە وردی سەرنج بخەینە سەر ئاڵۆزییەکانی نێوان (ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیل)، بە هەموو پێوەرەکان ئەنجامی ئەم کێشمەکێشە دەبێتە کلیل یان کۆدی وەرچەرخان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی.
ئایندەی ئەم ململانێیە لە نێوان دوو ئەگەری سەرەکی دایە:
درێژەکێشانی جەنگ
ڕاگرتنی جەنگ
یەکەم: ئەگەری درێژەکێشانی جەنگ
لەبەر ئەوەی ئێران تەنها دەوڵەت نییە، بەڵکوو خاوەنی چەندین گروپی بریکارە (Proxies) لە وڵاتانی ناوچەکە، درێژەکێشانی جەنگ لەوانەیە ببێتە هۆی تەقینەوەیەکی جەماوەریی گەورە لە بەرژەوەندیی تاران. لە لایەکی دیکەوە، هەیمەنەی ئێران بەسەر گەرووی هورمز و بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، واقیعێک دەخولقێنێت کە تێچووەکەی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل زۆر گران دەبێت.
هەروەها ئامانجگرتنی ژێرخانی نەوتیی وڵاتانی کەنداو و پەکخستنی ڕێڕەوی ژیان لە و وڵاتانەدا، دوور نییە ببێتە هۆی دابەزینی کێرڤی متمانەی دەسەڵاتدارانی کەنداو بە ئەمریکا؛ چونکە وا هەست دەکەن واشنتۆن نەیتوانیوە وەک پێویست بییانپارێزێت. خەڵکی ئەو ناوچانەش بەردەوام دەپرسن: "ئەم باجە لەپای چی و بۆ بەرژەوەندیی کێ دەدرێت؟"
هاوکات، سیاسەتی "بێمنەتیی" دۆناڵد ترەمپ و هەوڵدان بۆ پەلکێشکردنی ئەوروپا (بەتایبەت بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا) بۆ جەنگێک کە تەنها لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل و "ماگا" (توندڕەوەکانی ناو ئەمریکا) بێت، لای ئەوروپییەکان پەسند نییە و جۆرێک لە خۆپارێزی پەیڕەو دەکەن. بۆیە ئەگەر جەنگەکە درێژە بکێشێت، ڕەنگە "ئاگربەست و ڕێککەوتن" ببێتە کارێکی واقیعی (دیفاکتۆ). لە حاڵەتی وەهاشدا، ئەمریکا پێشەنگایەتیی پلە یەکی خۆی لەدەست دەدات و جارێکی دیکە دابەشبوونێکی نوێ لە فۆرمی سێ جەمسەری هاوتادا (چین، ڕووسیا و ئەمریکا) لە ناوچەکەدا ڕوودەدات، کە جیاواز دەبێت لەو نەزمەی دوای جەنگی سارد هاتە کایەوە.
دووەم: ئەگەری ڕاگرتنی جەنگ
ئەمریکا و ئیسرائیل هەرچەندە وەک یەک تیم دەردەکەون، بەڵام دیدگایان بۆ بەردەوامبوونی جەنگ جیاوازە؛ ئەمریکا بەدوای "تەسلیمبوونی بێمەرج"ی ئێرانەوەیە، بەڵام ئیسرائیل "ڕووخانی ڕژێم"ی دەوێت. لەم هاوکێشەیەدا کات لە بەرژەوەندیی ئەمریکا نییە. یەکلاکردنەوەی چارەنووسی جەنگ بۆ پێگەی کۆمارییەکان و ترەمپ، سەنگی مەحەکی سیاسییە بۆ ئایندەیەکی نزیک.
بژاردەی ڕاگرتنی جەنگیش لە دوو ئەگەردا کورت دەبێتەوە:
ڕاگرتنی جەنگ بەهۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ڕاگرتنی جەنگ بەبێ ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
تا ئێستا کارتەکانی بەردەست بۆ تەسلیمکردن یان ڕووخانی ئێران ڕوون نین؛ چونکە ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز نییە پشتی پێ ببەسترێت (هاوشێوەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق لە ساڵی ١٩٩١). لە مێژووی ئێراندا خرۆشانی شەقام کاریگەر بووە، بەڵام ئەم کارتە لە سەردەمی ترەمپدا تا ڕادەیەک سوتا؛ کاتێک بەڵێنی بە خەڵک دا کە پشتیوانییان دەکات، بەڵام تەنها لە ئاستی دروشمدا مایەوە و گەلانی ئێران باجێکی خوێناوییان دا، ئەمەش متمانەی بە ترەمپ لاواز کرد.
لە لایەکی دیکەوە، هەوڵی ترەمپ بۆ پەلکێشکردنی کورد بۆ ناو جەنگەکە، بە فشاری تورکیا ڕاگیرا، بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەوارەیەکی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان دروست نەبێت. ئێستا ئێران بە خێرایی بۆشایی ڕێبەرە کوژراوەکە پڕ بکاتەوە. ئەگەر ڕێبەرە نوێیەکە ڕووبەڕووی هەمان چارەنووس ببێتەوە، ڕەنگە عەقیدەی سیاسیی ئێران بگۆڕێت و لەبری "مەرگی فیزیکی"، ملکەچی یان ڕێککەوتن هەڵبژێرن.
لەکۆتاییدا، بەهۆی دەرفەتی کەم و فشاری زۆرەوە، چارەنووسی جەنگەکە لە نێوان (درێژەکێشان و ئاگربەست) لە دوو هەفتەی داهاتوودا یەکلا دەبێتەوە. ئەگەر ئەمریکا نەتوانێت مۆدێلی گۆرانکاری ڕژێم وەک ئەوەی لە (عێراق یان ئەفغانستان)لە ئێراندا جێبەجێ بکات، ناچار دەبێت "پیاڵە ژەهرەکە" هەڵبدات و مل بۆ ڕاگرتنی جەنگ بدات
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی