تۆمەتێکی ئامادە؛ بە ناوی ئیسلام و ئیسرائیل

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سلێمان مستەفا حەسەن

زۆربەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، خۆیان بە ناوی ئیسلام ناساندووە، بەڵام ئیسلامیان وەک ئامرازێکی سیاسی بەکارهێناوە، نەک وەک بنەمایەکی ئەخلاقی باڵا و یەکسان، دەیان بەڵگە هەیە هەمیشە ئایینی پیرۆزی ئیسلامیان بەکار هێنا و بۆ درێژەدان بە داگیرکەری و جینۆسایدکردن و قڕ کردنی کورد، لە سەردەمی خەلافەتەکاندا دەیان گوت دەوڵەت دەوڵەتی خەلافەتە نەک دەوڵەتی نەتەوە، لە لایەکی تر دەڵێن کورد نەوەی جنۆکەیە، لە ساڵی ١٩٨٨بە ئایەتی ئەنفال تاوانی جینۆسایدیان ئەنجامدا، لە شنگال بەناوی ئایین و ئەللەهو ئەکبەر دایک و خوشکانیان کردن بە سەبایە و کەنیزەک، لە تازەترین تاوانی قێزەونیشیاندا وەزارەتی بەناو کاروباری ئایینی سووریا، لە گشتاندنەکەیدا بۆ مینبەری مزگەوتەکان دەڵێت تەگبیر لێدەن هەروەها دەڵێت فەتحە و ئایەتی ئەنفال بەکار دەهێنێت بۆ هەستان و جۆشدانی هەستی ڕەگەز پەرستی دژی کورد. لەگەرەکی شێخ مەقسوود سوکایەتی بە جەستەی شەرڤانێکی کورد دەکەن و لە باڵەخانەیەکی بەرز فڕێدەدەنە خوارەوە، لە لایەکی تر جەستەی شەرڤانیك دەشێوێنن کەزی دەبرن. ئەوە ١٠٣ ساڵە، بە تۆمەتێکی ئامادە، بەناوی ئیسلام و ئیسرائیل، لە دوای ڕێکەوتنە شوومە کەی لۆزان بە بەرنامە هەر چوار دەوڵەتی بەناو مووسڵمان ئەنفالمان دەکەن و بە کافر و تێکدەر و جوداخواز و موخەریب و مارکسی و ئیسرائیلی دووەم و نەوی جنۆکە و کوردی کێوی و بە کرێ گیراو و تیرۆریست... دەیان و سەدان ناو و ناتۆری ترمان بۆ ئامادە و ڕیز دەکەن و نکۆڵی لە مافی نەتەوەیی و بوونمان دەکەن بەناوی سەروەری و یەک پارچەیی، ئەم دەستەواژانەی باسکراون وشەی ئاسایی نین، ئەمانە ئامرازی سیاسی و ڕاگەیاندنی داگیرکەرانن بۆ گۆڕینی ڕاستی و ڕەوایەتی دان بە پیلانەکانیان.

وشەی ( پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلا )یش ئەو ووشانەن کە لەفەرهەنگی ئەواندا تێکدەرو جودا خوازن، لای کوردیش گەورەترین و پیرۆزترین ووشەن لە فەرهەنگ و ئەدەب و چیرۆک و بەرخودانی کوردان.
جا ئەگەر بپرسین هەر بە ڕاست ئەوانە ئیسلامن و ئەوەیە ئیسلام؟ وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ هەموو کوردێکی دڵسۆز و نەخاپێنراو جێ دەهێڵم، چونکە ئایینی پیرۆزی ئیسلام دوورە لەو ڕق و کینە و نکۆڵی کردن لە مافی گەلان، هەر وەک پێغەمبەر دروودی خودای لەسەر بێت دەفەرموێت (من لا یؤمن أحدکم حتی یحب لأخیە ما یحب لنفسە)هەروەها لە ئایەتی ١٣ سورەتی الحجرات، هاتووە )ێا أێُّهَا النَّاسُ إِنَّا خڵقْنَاکُم مِّن ذَکَڕ ۆأُنثێٰ ۆجَعڵْنَاکُمْ شُعۆبًا ۆقَبَائِڵ لِتَعَارَفۆا ۚ إِنَّ أَکْرَمَکُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاکُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عڵِیمٌ خَبِیر)
ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ لیستی دەستەواژ و تۆمەتەکان لێردا کۆتایی نایەت، لیستی تۆمەت و دەستەواژەکان دوور و درێژە، هەر کاتێک کورد داوای مافی بوونی خۆی بکات لەسەر خاکی خۆی، داوای دەوڵەتی کوردی بکات، داوای مافی چارەی خۆنوسین بکات، تۆمەت ئامادەیە بەڵێ تۆمەتێکی ئامادە هەیە لە بەرک و گیرفان و سەر زارو بنزاری هەموویان ئامادەیە، ئەویش کورد دۆستی ئیسرائیلە، کورد ئیسرائیلی دووەمە!

ئەم شەڕە دەروونی و هەڵمەتە نا مرۆڤانەیە، جگە لە پڕوپاگەندەیەکی نەتەوە پەرستی ڕەگەز پەرستی بۆ ترساندنی کورد و بە خاین و دوژمن وێنا کردنی بە دژی ئیسلام شتی تر نییە، لە هەمان کاتدا ڕیاکارێکی گەوەرەیە چونکە زۆربەی ئەو دەوڵەتانە پەیوەندی ڕاستەوخۆ یان نادیاریان هەیە لەگەڵ ئیسرائیل. ئەگەر بۆ ئەوان ئاسایی بێت باشە بۆ بۆکوردان ئاسایی نەبێت، لە کاتێکدا کورد گرێ گرتەوە بەکرێگیراوی هیچ دەوڵەتێک نییە، بەڵکوو نەتەوەیەکی گەورەی خاون (٦٠) ملیۆن کەس لە ماف بوون و نیشتمانی خۆی بێ بەشکراوە، هەر پەیوەندێکیش بیکات بۆ ئاشقایەتی ونوکەرایەتی و دژی نەتەوەیەکی تر نییە، بەڵکوو بۆ بەرژەوەندی و قازانجی دۆزی گەلەکەیەتی. گەلی کورد هۆشیارە، زۆر لەوە گەورەتر و بە ئیرادە تر و هۆشیار ترە لە دامەی دۆستی ئیسرائیل و ئەمریکا بکەوێت، گەلی کورد خۆی بەرگری لە خۆی دەکات ئێمە نەتەوەین، نەک گرووپێکی دۆڕا و و بەکرێ گیراو، ئەوەی ئێستا لە ڕۆژ ئاوای کوردستان ڕوو دەدات شەرمەزارێکی تری بازرگانانی شەڕە، ئەمە کردەوەکانی سیستەمی هیچوپووچییە، شەڕڤانان سەلماندیان بەرگری لە دۆزو گەلەکەیان دەکەن، هاودەنگی کوردان لە باشوور و باکور و ڕۆژەهەڵات و ڕەوندی کوردی ئەوەی سەلماند کوردی ئەمڕۆ کوردی دوێنێ نییە، هەموان بەکەیەوە وتیان (٢ + ٢ )یەکسانە بەیەک. ئیتر بەرخودانی کوردان لەم سنوور ناوەستێت، دڵنیاین بەبێ داننان بە مافی چارەی خۆنوسین ئارامی نابینن و داوا کردن مافیش تاوان نییە، ئایینیش بۆ ئەخلاقە و مرۆڤایەتییە نەک بۆ جینۆسیاد، داگیرکەریش بە هیچ ئایینێک پیرۆز ناکرێت، ئەوانەش خەیاڵیان خاوە ئیتر، بە ناوی ئیسلام کورد بکوژن، و بە ناوی ئیسرائیل کورد تاوانبار بکەن، تەواو نیەت و مەرامی داگیر کاری و ئەنفال و جینۆساید ناشاردرێتەوە، ئیتر ڕۆژی حەق و حیسابە، ڕۆژی مافی چارەی خۆنوسینە، ڕۆژی وەرگرتنی مافە بە ئاشتی ئەگەر ناچاری بەرگریمان نەکەن، شۆڕشی شکۆی کەزییە، داواکاریی کورد مافی نەتەوەیی و ئاشتییە، وڵاتە نیشتمانە، چونکە کورد یەکە و کوردستان یەکە، ئیتر بێ دوودڵی و شەرم بە دەنگی زوڵاڵ داوای ماف و نیشتمان و ژیان و ئازادی دەکەین، ئیتر کاتی بڕیار و پلانە، کاتی یەکێتیی و یەکبوونە، کاتی کوردایەتییە بۆ ڕزگاری نیشتمان بۆ مافی چارەی خۆنوسین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی