لە حەڤدەی شوباتەوە تا حەفتەیەک لەمەوپێش، هەر خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەک لەناو سلێمانیدا بکرایە، پێشمەرگەکانی بەردەم لق کە گشتیان پارتین زۆرتر قەلەق و وریاتر دەبوون.
دەوربەری لق پڕ دەبوو لە ئاسایش و پۆلیس نەکا جووڵەیەکی بچووک، دیسان ئاڵۆزی بهێنتەوە ئاراوە.
بەڵام رۆژی هەینی کە بەفر دەباری و هەزاران کەس لەشاری سلێمانی دەچوون بەرەو باخی گشتیی کە کەوتووەتە تەنیشتی لقی چوار بۆ خۆپیشاندان و خاوەندارێتی لە ڕۆژئاوای کوردستان پێشمەرگەکانی لق زۆر ئاسوودە دەردەکەوتن. بە بەفرماڵەکەی دەستیانەوە بەفر و ئاوی سەرشۆستەکەیان دەماڵی تا خۆپیشاندەرەکان نەخلیسکێن.
هیچ جارێک پێشمەرگەکانی بەردەم لق ئەوەندە ئاسوودە دەرنەکەوتوون، هیچ ترسێکیان لەوە نەبوو کە نیەتخراپییەک لەناو خۆپیشاندەرانەوە هەبێ تا ئەمانیش وریاو ئاگاداربن.
ئاسوودەیی و ڕووخۆشیی پێشمەرگەکانی پارتی لەبەردەم لقی چوار، نموونەیەکی بچووککراوەی هەموو کوردستانە کە لەم چەند ڕۆژەدا تەنیا کوردبوون دەخوێننەوەو هیچیتر.
سنوورە حزبیی و ناوچەییەکان کاڵ کاڵبوونەوە، لایک و دڵەسوورەکەی ناو فەیسبووک وەک یەک دەدرێ لە کۆمێنت و ڤیدیۆ و فۆتۆکانی کوردبوونە تازەکەمان.
من بۆ خۆم پەنجەکانم سڕبوون ئەوەندە لایک و دڵەسوورەکەم داوە لەو کۆمێنت و ڤیدیۆ و وێنانەی کوردبوونە تازەکەمانی نیشان دەدا. ئیتر سەیری ئەوەم نەدەکرد پەیجەکە کوێیە و مەسەلەکە کێ نیشانی داوە.
ئەم ڕۆژانە خاڵیین لە گرێی حزبیی، دابڕاون لەو ڕۆژانەی پێشوو کە بۆ حزب دەنووسران و بۆ حزب نیشان دەدران.
ئاسوودەیی هەرهەموومان کاتێکە کە ئامانجێیکی ڕووتی نەتەوەیی دەمانجوڵێنێت. ترسی لەناوچوون و ڕۆحی بەرەنگاریی زۆر ئاسوودەبەخشترە لەو رۆحەی دابەشکردن تیایدا باڵادەستە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی