وەک دۆناڵد ترەمپ دەڵێت
"ئێرانییەکان، رێککەوتنیان دەوێت"، بەڵام لە راستیدا ئەوەی ئەمریکا داوای
دەکات رێککەوتن نییە، بەڵکو داوای تەسلیمبوون لە ئێران دەکات، هەوڵی تێکشکاندن و ئاواکردنی
خۆری ئێران دەدات لە رێگەی مێزی گفتوگۆوە، دەیەوێت ئێران بۆ دواوە بگەڕێنێتەوە نەک
پێشکەوتنی ئێستا.
رێککەوتنی ئەم دوو
وڵاتە، بۆ ئەمریکا دەستکەوتی تێدانییە (ئەگەر ئێران وەک وڵاتێکی سیاسی و سەربازی گەورە
بمێنێتەوە)، رێککەوتن بۆ ئێران بەردەوامیی سیاسەتی نەرمی لەسەرخۆ جوڵەکردنە، هەر ئەوەش
بۆ ئەو باشە کە ئاشتی هەڵبژێرێت. ئەگەر ئێران بچێتە جەنگەوە ئەوا هەرچی بەرهەمهێناوە
پێشتر، لەشەڕ و ململانێی ئەمریکادا دەیدۆڕێنێت، بۆیە ئێران زۆر پێی باشە و پێی خۆشە
لەگەڵ بچوکترین لێپرسراوی ئەمریکییدا کۆببێتەوە و ناوی لێبنێت "گفتوگۆ لەپێناو
ئاشتی"، چونکە بۆ ئێران پرسی ئاشتی هێندەی 400 کیلۆ یۆرانیۆمی پیتێنراو بەسوودە
بۆ ئێران.
لەسەرداوای ئێرانییەکان
شوێنی کۆبوونەوەی عێراقچی و ویتکۆف لە ئەستەنبوڵەوە خرایە مەسقەت، ئێران زیرەکبوو لەم
یارییە، ترسا لەوەی تورکەکان خاڵێک بۆ دەسپێکی خراپ دابنێن، نادڵنیایی ئێرانییەکان
لەگواستنەوەی شوێنی دیدارەکە، تورکیا بوو نەک ئەمریکا. چونکە بەنەزەری ئێرانییەکان،
تورکیا و ئەمریکا جددی نین بۆ ئاشتی و ئەوان ئاشووبیان دەوێت، تا هێڵی شیعی کەرت بکەن
و هێڵی سوننی جێی بگرێتەوە.
ئەگەر دیداری پزیشکیان
و ترەمپ بێتە ئاراوە، ئێران دەستبەرداری پرسی
یۆرانیۆم دەبێت، ئەمەش بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا پێ لەو راستییە دەنێت کە نەیتوانی
لەشەڕی دوانزە رۆژەی ئێران ـ ئیسرائیلدا، یۆرانیۆمی ئێران لەناوبدەن.
بۆچی تائێستا ئەمریکا
بڕیاری بەکارهێنانی هێزی نەداوە دژی ئێران؟
خاڵی جەوهەری بابەتەکە
ئەم وەڵامەیە:
ئێرانییەکان لەسەر
دوو تەوەر دەجوڵێن کە دەرفەت بە ئەمریکا نادات لەم کاتەدا هێز بەکاربهێنێت:
یەکەمیان ئێرانییەکان
شەڕیان ناوێت و دەزانن لەشەڕی هێزی رەقدا ناهاوسەنگیی هەیە و بۆئەوان پێچەوانەی شەڕ،
واتا ئاشتی باشە، بۆیە هەرکاتێک ئاسۆیەک بۆ ئاشتی دەردەکەوێت ئەوان قبوڵی دەکەن، وەک
ئەوەی لە ئەستەنبوڵ و مەسقەت و پاریس و ریاز بینرا.
دووەم: لە رووداوەکانی
سوریا و حەماس و حزبوڵڵای لوبنانیدا، ئێران وجودی نەبوو، ئێران بە مانای سەربازیی!
ئەگینا لەهەموو جیهانی شیعییدا، ئێران بەمانا ئایدۆلۆژی و سیاسیی و دینییەکەی بوونی
هەیە، بۆ ئەمریکاش ئێرانێکی سەربازیی بەهێز خەتەرە نەک ئێرانێکی فیکریی، بۆیە تائێستا
ئێرانییەکان بەو زیرەکییەی خۆیان لەشەڕ و ئاشووبی ئەمریکا دوورن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی