بڕیاری واشنتۆن بۆ دانیشتن لەگەڵ تاران لە کاتێکدایە کە ئێران
لە ناوچەکەدا لە پاشەکشەی تونددایە و کارتە بەهێزەکانی گوشاری لەدەست داوە؛ دیوە شاراوەکەی
ئەم هەنگاوە ئەوەیە: بۆچی ئەمریکا دەیەوێت هەناسەیەکی سیاسی بداتە ڕژێمێک کە پێیەکی
لەسەر لێواری ڕووخانە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە لە مێژووی یارییە سیاسییەکانی ئەمریکادایە.
ئەگەر ئاوڕێک لە جەنگی کەنداو، ڕووخانی سەدام و تا دەگاتە ئەفغانستان بدەینەوە، دەبینین
هەمیشە پێش هەڵگیرسانی ڕەشەبای جەنگ، جۆرێک لە دانوستان هەبووە. لێرەوە تێدەگەین کە
ئەمەی ئێستا ڕوودەدات دیپلۆماسییەت نییە بۆ گەیشتن بە ئاشتی، بەڵکو تەنیا تەکتیکێکی
زیرەکانەیە بۆ کڕینی کات. کۆشکی سپی باش دەزانێت کە ئەم گفتوگۆیانە لەم بارودۆخەدا
هیچ بەرهەمێکی نابێت، بەڵام دوو ئامانجی مەترسیداری لەپشتەوەیە:
لە ڕووی سەربازییەوە: ڕەخساندنی کاتێکی بێدەنگ بۆ تەیارکردنەوەی
هێزەکانی لە ناوچەکە و ئامادەکاری بۆ گورزێکی گشتگیرتر.
لە ڕووی سیاسییەوە: واشنتۆن دەیەوێت بە جیهان بڵێت ئێمە هەموو
دەرگاکانی ئاشتیمان تاقی کردەوە. ئەمە کڕینی شەرعیەتە بۆ ئەوەی کاتێک تەپڵی جەنگ لێدرا،
کەس مەلەفی ئاشتی بەڕوویاندا نەداتەوە.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە، واشنتۆن مەلەفی مافی مرۆڤی بە کاتی وەلاناوە
و تەنیا سەرنجی خستووەتە سەر ئەتۆم و مووشەک و تیرۆر ئەمە فێڵێکی یاسایی بێوێنەیە؛
چونکە لێدان لە دەوڵەتێک تەنیا بە بیانووی مافی مرۆڤ، لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا
سەرئێشەی یاسایی زۆرە. بەڵام کاتێک وڵاتێک وەک هەڕەشەیەکی ئەتۆمی جیهانی دەناسرێت،
ڕێگاکە بۆ بەکارهێنانی هێز زۆر کورتتر و سادەتر دەبێتەوە.
لە ناو جەرگەی ئەم گەمە سیاسییەدا، خامنەیی لەبەردەم سێ ڕێگای
تاڵدایە کە چارەنووسی ئێران و ڕژێمەکەی دیاری دەکەن:
کەنارکەوتن و پاشەکشە:
بۆ ئەوەی ئێران وەک وڵات ڕزگار بکات، کە ئەمە لەگەڵ عەقڵییەتی دەسەڵاتی تاراندا زۆر
دوورە لە ڕاستییەوە.
ملکەچبوون بۆ مەرجەکانی ترەمپ: قبووڵکردنی مەرجە قورسەکان
تەنیا بۆ ئەوەی "ڕژێمەکە" لەناو نەچێت؛ ئەمە ئەگەرێکی زۆر چاوەڕوانکراوە
بۆ مانەوە لە دەسەڵات.
هەڵبژاردنی جەنگ: پاراستنی میراتە ئایدیۆلۆژییەکەی لە ڕێگەی
ڕاکێشانی وڵات بۆ ناو جەنگێکی ماڵوێرانکەر؛ کە ئەمەشیان مەترسییەکی بەهێز و جیدییە.
پێویستە کاربەدەستانی تاران لەوە تێبگەن؛ دانیشتن لەسەر مێزی
وتووێژ، گەرەنتی نییە . ئەزموونی مادورۆ لە ڤەنزوێلا چاک دەریخست کە ئەمریکا دەتوانێت
لە کاتی زەردەخەنە گرتن بۆ کامێراکان، خەنجەرە ئابووری و سیاسییەکانی لە پشتەوە بوەشێنێت.
دواجار مەرج نییە ئەو دەستەی بۆ ئاشتی درێژ دەکرێت، هەڵگری
پەیامی ئاشتی بێت. زۆرجار ئەمە ڕەشەبای پێش زریانە. لە کاتێکدا تاران لەژێر باری سزاکان
و پاشماوەی بۆردوومانەکاندا دەیناڵێنێت، ئەم مێزی گفتوگۆیەی ئەمریکا زیاتر لە تەڵەیەکی
سیاسی دەچێت بۆ داڕشتنی نەخشەی کۆتایی، نەک دەرفەتێک بۆ ڕزگاربوون. ئەو دووکەڵەی لە
پشت پەردەی دیپلۆماسییەوە دەبینرێت، زیاتر بۆنی جەنگێکی یەکلاکەرەوەی لێ دێت وەک لە
بۆنی ئاشتی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی