گلەیی بێ...

4 کاتژمێر پێش ئێستا

دكتۆر محەمەد عەلی

یەک: جێفری ئیپستۆن؛ گومانی پەیوەندییەکی نزیکی لێدەکرێت لەگەڵ سیخورێکی دەزگای موسادی ئیسرائیلی.
خاوەنی تەونی پەیوەندیەکی فراوان لەگەڵ چین و توێژە جیاوزاەکاندا. لەڕێگای تۆڕێکی بەرفراوانی ناوخۆیی و ھەرێمی و نێوەدەوڵەتیەوە؛ بەپشتیوانیەکی ماددی و تەکنەلۆژی فراوان؛ سەرقاڵی سازدانی ئاهەنگ و پەیوەندی سێکسی بووە لەگەڵ منداڵ و کیژۆڵەی هەرزەکار بۆ سیاسی و کەسە نێودارەکان، وەک تەڵەیەک (تەپکە) بۆ تێوەگلانی نوخبەی جیاواز، بەتایبەتی سیاسیەکان.
دوو: ئایا ڕەوایە ڕەفتاری نەگریسی سیخوڕو نەخۆشێکی منداڵباز و  ترەمپێکی بێ پرەنسیپ و بێ پەروەردەو کەمینەیەک؛ ببێتە بیانوو بۆ ئەوەی پەلاماری  ٣٤٩ ملیۆن لە دانیشتوانی ئەمەیکا، ٤٥٣ ملیۆن دانیشتوانی یەکێتی ئەوروپا بدەیت بەڕەھایی؟ تەواوی ئەو مێژوو و شارستانیەتە سفربکەیتەوە؟ کە ئەو شارستانیەتە دێت پەردە لەسەر ڕووی ڕەشی تاوانباران هەڵدەماڵێت، ڕاپێچی هۆبەی دادگاکانیان دەکات. ئەم حکومە گشتگیرو ڕەھایانە؛ لە ھەردوو بەرەی چەپەکان و ئیسلامیەکانەوە بە ئاشکرا پەخش کران، بەبێ ئاماژەدان بەو سیستەمە یاساییەی ئەم سکانداڵە مێژوویەی بۆ ئاشکرا کردین! 
سێ: ئایا ڕەوایە بەھۆی کارە قێزەونەکانی کەمینەیەک وەک داعش و بۆکۆ حەرام لەنێجیریا ( دەیان منداڵی قوتابخانەیان فڕاندوە لەو وڵاتە)؛ ڕەوایەتی بدرێت بە پەلاماری دوو ملیار موسڵمان؟ تەواوی مێژو و شارستانێتی ئیسلامی بە ڕەھایی سفر بکرێتەوە.
چوار: ئەگەر کەمینەیەکی ڕیزپەڕو نامۆ بەبەھا چینییەکان کردەیەکی قێزەون ئەنجامبدەن؛ ئایا ڕەوایە کەسێکی ڕۆژئاوایی پەلاماری یەک ملیار و نیو لە دانیشتوانی چین بدات؟ تەواوی پاشخانی ئەو شارستانێتە گەورەیە لە ڕابردوو و ئێستادا بێ ئەرزشبکات؟ بەتایبەت لەڕووی ئابوورییەوە کە چین ڕۆڵی باڵای گێڕاوە لە برەودان بە تەکنەلۆژیای سەردەم، کرانەوەی دەرگای بازاڕەکانی بەرەو ڕووی بازاڕە جیهانییەکان، تەناهی کردنی ڕایەڵە بازرگانیەکان لە ئاستی نێونەتەوەییدا.
پێنج: شارستانیەتی ڕۆژئاوا؛ ئەزمونێکی مرۆییەو پاکژو بێ گرفت نیە، دەیان ڕەخنەی لەسەرە. ئەمریکاو ئەوروپا ھیچیان نەکردبێ؛ خاوەن دەزگا، سیستەمی لێپرسینەوە و سزادانن. وەک لە ڕابردوو دیمان و دەشبینین؛ کەزۆربەی ئەوانەی لەم کارە قێزەونەوە تێوەگلاون سزای یاسایی و سیاسی دەدرێن. ئەدی چما لێرە، ئەو وڵاتانەی کە ئەو برەدارانە شانازی پێوە دەکەن، کامە سیستەم و پێودەنگییەک هەیە کە بتوانرێت سزای گروپێکی لەو بابەتەی پێبدەن؟
گلەیی بێ کە بابەتەکەتان لە بەستێنی (سیاق)ی خۆی دەرھێنا، بەرگی  ئایدۆلۆژیا و ئاینییتان بەسەریدا کرد. نا لۆژیکییانە پەلاماری ئەمریکا و ئەوروپاتان دا. لە کاتێکدا سەرزەمینی ئەو وڵاتانە، بوونەتە مەنزڵگەیەکی ژیانی ئارام، دەستخستنی بژێوی و پاراستنی کەرامەتی سەدان موسڵمان و ھەڵگرانی ئایدیای چەپ و دەیان کەمینەی ستەملێکراوو چەوساوە لە شوێنە جیاوازەکانی دونیا.
گلەیی بێ، زۆریش گلەیی، کەخۆتان لێبوە بە فریشتە! مێژوو ئێستا و کەیسەکانی دادگا و دەرئەنجامی توێژینەوە کۆمەڵایەتیەکان؛ دەرخەریی ئەو ڕاستییەن کە وانیە.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی