بەرەیەکی نوێی بەدیدێكی كۆن

4 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهرۆز گەڵاڵی

دوێنی 6-2-2026 لە هەولێر زەنگی شەڕگەیەکی تازە لێدرا، بەرەیەك كە بە فیتی نەیارە تەقلیدیەکانی کورد لەدژی بیری نەتەوەیی کورد بوو.بیدایەتی شەرەێكی نوێی ناوەخت، بە داخەوە لە ڕێگای هەندێ لەخوشک وبراکانی خۆمان بەمۆرکی دینەوە خۆی نیشاندا.  زەنگی شەری ئەمجارە بەپەرۆشی بۆ ئاین و خواناسی میكیاژ كرابوو، كەبەداخەوە بەرامبەرەكەی لەبەرچاونەگرتنی دۆخی ئیستای كوردستان و رۆژئاوا بوو، بۆیە زیادە رۆیی نییە گەر بوترێت لە ئەسلدا ئەم چالاکیو خونیشاندانە لە دژی یەکگرتویی بیری نەتەوەیی کورد دەركەوت، نەك داكۆكی لەپرسێكی ئاینی. ئەم دەركەوتنە نوێیە، لەكاتێكدایە كە کورد لەپێناوی پاراستنی رۆژئاوا ئەمجارە وەك نەتەوەیەكی یەکگرتوی خاوەن ئیرادە خۆیی نیشانی دۆست ودوژمندا.

دیارە كەس نكۆڵی لەوەناكات كەزۆرینەی میللەتی ئیمە موسلمانە، بەڵام پرسی ئەم میللەتە گرفتی ئاینی نییەو نەبوە ئەوەنەی گرفتی شوناس و ناسنامەی كورد بوونی هەبوەو هەیە، لیرەدا پرسیارەکە ئەمەیە بۆ نەیاران دەیانەوی لەم کاتەدا بە ناوی ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە موحارەبەی ئەو دۆخە سیاسییە نوێیەی کوردستان بکەن ؟

وەڵامەکەی روونە ،نیشاندانی یەکگرتویی کورد نەیارانی کوردی نارەحەتکردوەو چاویان بەم هەماهەنگی و یەکگرتوییە هەڵنایەت، لەوەش زیار دوای رۆژئاوا چاویان بەم هەرێمە هەڵنایەت و دەیانەوێ کێشەوگرفتی تازە بەڵام لەبەرگێكی كۆندا بۆی دروست بکەن. رەنگە كەم میللەت هەبێت لەمیژوودا هێندەی كورد سەرکردەو پێشرەوەكانی، شاعیرو بیرمەندەكانی كەسانی ئاینی و ئەهلی حوجرە و شێخ بوبێتن، رابردووی ئەم گەلە، هەمیشە پێكەوە ژیان و ئاشتی كۆمەلایەتی بەشێك بووە لەپەیامە ئاینی و خواناسییەكەی، ئیتر ئەم بەرێزانە بۆ لەئیستادا تەكفیری خەڵك دەكەن، یان ئەمە گەمەیەكی تری دەرەكییەو دوژمنانی کورد دەیانەوی ئیتیهامی کورد بکەن و بەوەی کە میللەتی كورد دورە لە ئاینی ئیسلام وخواناسی. لەرابردوودا ئاینی ئیسلام و خواناسی ئاویتەی بیری نەتەوەیی و كوردایەتی بوو، ئیستا نەیاران دەیانەوێت لەرێگەی ختوكەدانی هەستی ئاینییەوە دوبەرەكییەكی مەترسیدار دروستبكەن كەبەداخەوە هەندێك بەنەزانی خەریكی خۆشكردنی ئاگری ئەم شەرگە نوێییەن كە هیچ سودێكی نەبۆ ئەم دنیامان دەبێت نە بۆ ئەو دنیامان. گەورە ترین مەترسی ئەوەیە ئاین بكرێتە هۆکاریک بۆ ململانێکردنی بیری نەتەوەیی و كۆمەڵگە، گەورەترین چەكی كوشندەی خوێناویی ئەوەیە خۆت ئەو ئاماژەیە بدەیت بەنەیارانت گوایە فڵان لایەن و گروپی کورد کافرە. گەرتەماشای میللەتانی هاوسێ بکەین دەبینین کوچەو کۆلانەکانیان پرن لە شوینی مەشروبخواردنەوە و شتی تر، کەسیش باسیان ناکات،بەداخەوە لێرە خەریكە هۆنراوەیەك دەكرێتە كراسەكەی حەزرەتی عوسمان و دەیانەوی قەوانیکی تازە بە ناوی دینی پیرۆزی ئیسلام لیبدەن و کورد بەرەو هەڵدیر ببەن.. بەداخەوە لێرەوە دەڵێم دوینێ ئەوەی لە هەولێر رویدا، راگەیاندی شەرێکی ترو كردنەوەی شەرگەیەكی تر بوو، بۆیە پێویستە بەوریاییەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بكرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی