کاتێک «جون بۆڵتن»، یەکێک لە شارەزاترین و پراگماتیکترین داڕێژەرانی ستراتیژیی ئەمریکا، ڕوودەکاتە کورد و دەڵێت: «پێویستە کورد لەم قۆناغە زۆر مەترسیدارەدا لە ڕووی دیپلۆماسییەوە چالاک بێت»، ئەمە تەنیا ڕاسپاردەیەک ئاسایی نییە بۆ شان خاڵی کردن لە بەرپرسیاریەتیەکی ئەخلاق، بەڵکو هۆشدارییەکی سیاسیی راستەقینەیە. ئەم وتەیە ئاماژەیەکی تاڵە لە کەسێکەوە کە خۆی لەناو جەرگەی ناوەندی بڕیاری جیهانیدایە؛ ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کێشەی کورد لە ئێستادا نە لە ڕەوایی دۆزەکەیدایە و نە لە بوێریی شەڕڤانەکانی، بەڵکو لە «ناروونی ئایندەی سیاسی» دایە.
مەترسییەکە لە کوێدایە؟
ئەو مەترسییەی بۆڵتن باسی دەکات، تەنیا لە دەنگی تۆپ و فڕۆکەکاندا نییە، بەڵکو لەو بێدەنگییە کوشندەیەدایە کە لە پشت دەرگا داخراوە دیپلۆماسییەکاندا دەگوزەرێت. ناوچەکە خەریکە بە سەرلە نوێ داڕشتنەوەیەکی ریشەیدا دەگوزەرێت؛ نەخشەکان بەبێ پرسی کورد دەکێشرێن، هاوکێشەکان بەبێ ئامادەیی نوێنەرانی کورد دەگۆڕدرێن، و دۆسێیە مرۆییەکان دەکرێنە قوربانیی بەرژەوەندییە گەورەکان. لەم کاتەدا، غیابی دیپلۆماسیی کورد مەترسیدارترە لە هەر هێرشێکی سەربازی، چونکە ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ جێگەی نەبێتەوە، دەبێتە سووتەمەنی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سەر مێزەکە.
کاتێک خوێن نابێتە سیاسەت
کورد لە جیاتی هەموو جیهان جەنگا، بەڵام جیهانی سیاسی بە لۆژیکی «وەفا» مامەڵە ناکات. دانپێدانانە ناڕاستەوخۆکەی بۆڵتن ڕاستییەکی تاڵ دەردەخات: لە ناوەندەکانی بڕیاری واشنتۆن و پایتەختە گرنگەکاندا، کەسێک نەبووە بە زمانی «بەرژەوەندی» گرنگیی کورد ڕوون بکاتەوە. ئەمە واتە قارەمانییەتیی مەیدانی نەگۆڕدراوە بۆ هەژموونی سیاسی، و ئەو خوێنەی ڕژاوە نەکراوەتە دەستکەوتی دیپلۆماسی. کورد وەک «هاوپەیمانێکی ستراتیژی» نەناسێنراوە، بەڵکو تەنیا وەک «کارتێکی کاتی» مامەڵەی لەگەڵ کراوە.
پەیامێک بۆ کاک مەسعود بارزانی و سەرکردایەتی کورد
لێرەدا ڕووی دەممان دەکەینە بەڕێز کاک مەسعود بارزانی، وەک کەسایەتییەک کە خاوەنی شەرعییەتی مێژوویی و پەیوەندییەکی فراوانی نێودەوڵەتییە. جەنابی بارزانی! وتەکەی بۆڵتن پێش هەمووان ئاراستەی جەنابتە. لەم ساتەدا، بێدەنگی چیتر «دانایی» نییە، بەڵکو ڕەزامەندییەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ ئەوەی ئەوانی تر بڕیار لەسەر چارەنووسمان بدەن.
ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە، تەنیا بەیاننامە و کۆبوونەوەی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو:
- یەکخستنی گوتاری دیپلۆماسی: جووڵانەوەیەکی یەکگرتووی کورد کە جیهان ناچار بکات گوێ بگرێت.
- لۆبییەکی پرۆفیشناڵ: دروستکردنی تیمێکی شارەزا لە واشنتۆن و ئەوروپا کە بە زمانی بەرژەوەندیی ئەوان و مافی ئێمە بدوێن.
- گۆڕینی زمان: دوورکەوتنەوە لە زمانی «مەزڵومییەت و سۆز» و کارکردن بە زمانی «هێز و پێگەی ستراتیژی».
کۆتایی
بۆڵتن هۆشداری دەدات کە کاتەکە «زۆر مەترسیدارە»، ئەمەش واتە بڕیارەکان لە لێواری دەرچووندان. ئەوەی ئەمڕۆ لە هۆڵەکانی دیپلۆماسیدا ئامادە نەبێت، بەیانی لە نەخشەی نوێی ناوچەکەدا شوێنی نابێتەوە.
پەیامی من بۆ هەموو سەرکردەکان و بەتایبەتی بۆ کاک مەسعود بارزانی ئەوەیە: ئێوە بە هەوڵەکانتان لە رۆژئاوا کارێکی گەورەتان کرد و لە پاڵ کۆدەنگیە مەزنەکەی کوردانی دنیا رێگریتان لە هەرەسێکی گەورە گرد، بەڵام بۆ تەواوی کوردستان ئێستا دوو رێگە ماوە یان پەراوێز بکەوین یان هەستینەوە. چونکە مێژوو ڕەحم بەو گەلانە ناکات کە دەرفەتەکان دەکوژن و چاوەڕێ دەکەن ئەوانی تر دەرفەتیان بۆیان بخوڵقێنن.
خۆلقاندنی دەرفەتیش وەک ئەحمەدی خانی دەفەرموێت:
گەر دێ هەبووا مە ئیتیفاقەک،
ڤێکڕا بکرا مە ئینتیقادەک؛
رۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی،
هەمیا ژ مە تا دکر غوڵامی؛
تەکمیل دەکر مە دین و دەولەت،
تەحلیل دەکر مە عیلم و حیکمەت!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی