هەستیارترین دەماری کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا

محەمەدعەلی دەستماڵی




قۆناغێکی نوێی سیاسی و مێژوویی لە ڕۆژاوای کوردستان دەستی پێکردووە و کورد، ڕووبەڕووی پرسیارێکی گرنگ و بنەڕەتی دەبێتەوە.
هاتنی هێزەکانی ژێر فەرماندەیی ئەحمەد ئەلشەرع بۆ ناو شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕووداوێکی گرنگ بوو کە سەرەتای سەردەمێکی نوێیە.
میدیا و چاپەمەنی تورکیا، هەوڵیاندا ئەم ئاڵ و گۆڕە وەکوو شکست و بنکەوتن و ئاشبەتاڵێکی نوێی کوردی ناوزەد بکەن. بەڵام ئەم بانگەشەیە دوورە لە ڕاستی. دیارە ئەوەی لە ئێستادا لە ڕۆژاوای کوردستان بەدیهاتووە، وەکوو قەوارەیەکی سیاسی نییە و فەرق و مەودایەکی لەبەرچاوی هەیە لەگەڵ ئاوات و چاوەڕوانی پێشووی کورددا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نرخ و بەهای خۆی هەیە و ناکرێ بە دەسکەوتی هەرزان و لاوەکی وەسف بکرێت. 
ئەگەر بمانەوێ بە نیگایەکی ئیستیعاری (مێتافۆر) چاو لەم دەسکەوتە بکەین، ئەتوانین بڵێین: کلووە بەفرێکی گەورە کەوتۆتە دەستی کوردانی ڕۆژاوا. کورد ئەتوانێ لە جیاتی ئەوەی بەفرەکە لە بەر بین و هەناسەی خۆی بگرێ و بە گەرمای دەست و بە قسە و قسەڵۆک بیتوێنێتەوە، بە سەر بەفرەکانیتردا بە ڕؤڵکردن بیباتە پێش و گەورە و گەورەتری بکاتەوە. 
لە ئێستادا ترسی ئەوەمان هەیە لەبەر ئاسایی نەبوونی دار و باری سیاسی سوریا و تەماوی و نادیاربوونی چارەنووسی دەستوور لەم وڵاتەدا، ئەو دەسکەوتانە لە داهاتوودا نکۆلێ لێبکریت. ئیمتیازاتی دامەزراوەیی – وەک هەڵبژاردنی پارێزگار یان پێکهێنانی یەکە سەربازییە سنووردارەکان – لە بنەڕەتدا ناجێگیرن. بەبێ کردەوەی سیاسی بەردەوام و دروستکردنی هاوپەیمانی و شەرعیەت، لەوانەیە ئەم دەسکەوتانەش لەژێر فشاری دەوڵەت، زلهێزە ناوچەییەکان، یان هەڵوەشاندنەوەی ناوخۆییدا لەناوبچن. بەڵام وا دیارە پشتیوانی ئەمریکا و فرەنسا وەکوو گەرەنتۆر و پشتیوان، ئەم ترسە تا ڕادەیەکی لەبەرچاو، دوور ئەکاتەوەو جیالەوەش، کورد لە ڕۆژاوا پێوسیتییەکی تەواوی هەیە بە یەکبوون و یەکڕیزی. ئەوەی لە ئێستادا گرینگە، هەوڵدان بۆ ئەم دوو حاڵەیە: 
یەکەم: جێگیرکردنی ماف و دەسکەوتەکان.
دوهەم: هەوڵدان بۆ گەورەکردنەوەی ئەم دەسکەوتانە بە خەباتی سیاسی و ڕێکخستنی لە ئێستا و خەباتی پەرلەمانی لە ئایندەدا. (لە درێژەی بابەتەکەدا بەوەش ئاماژە ئەکەم کە ئەم هەوڵدانە تەنیا بە لایەنێکی سیاسی، ناڕواتە پێشەوە.
چواندن و شوبهاندنی گەورەکردنەوەی دەسکەوتەکان بە ڕۆلکردنی بەفر، لەبەر ئەم هۆکار و حاڵەتەیە: سەرکەوتنە بچووک و بەرجەستەکان دەتوانن ببنە هێزی پێکهاتەیی. بەو مەرجەی، بەرەو هاوپەیمانی و نوێنەرایەتی و چەسپاندنی دامەزراوەیی بڕوات.
تۆ ناتوانی بە نیگایەکی خەیاڵی و ماکسیمالسیتی بڵێی: "هەموو شتێکم دەوێ و هەر ئێستاش دەمەوێ". لە هەمان کاتدا، نابێ بڵێی هەر ئەمەیە و هیچیترم دەسناکەوێ. نەخێر. ئەمە ڕەوت و پرۆسەیە. واتا، خاڵ نییە، هێڵە.  
بۆ ئەوەی بە تەواوی لەو ڕاستییە تێبگەین کە دیمۆکراسی و جێگیربوونی ماف، ڕەوتێکی خێرای نییە، ئەکرێ ئاماژە بە بیرۆکەی چەند زانیاری بەناوبانگی جیهان بکەین: ئەلێکسیس دی تۆکڤیل پێی وابوو دیموکراسی لە ڕێگەی خوو و پراکتیک و دامەزراوە ناوخۆییەکانەوە گەشە دەکات نەک موعجیزە دەستوورییە کتوپڕەکان. هەروەها ڕۆبێرت داڵ پێی وایە کە دیموکراسی وردە وردە، لە ڕێگەی فراوانکردنی بەشداریکردن و کێبڕکێیەوە، هەنگاو بە هەنگاو سەرهەڵدەدات. هەروەها دانکوارت ڕوستۆ لە سەر بنەمای بیرۆکەی دەربازبوون بۆ دیمۆکراسی، بەردەوام باسی ئەوە دەکات کە دیموکراسی لە هەلومەرجی ئایدیاڵ لەدایک نابێ و مەرجی گەشەکردنەکەی لە خەباتی سیاسی درێژخایەن و سازان و فێربووندایە. ئەوەی گرنگە پابەندبوونی بەردەوامە، نەک پاکی یان قەبارەی ئیمتیازاتی سەرەتایی.
دیار و نادیار
هێشتا نازانین ئەم سەردەمە تازەیە، لە داهاتوودا پڕ دەبێت لە هەواڵی گرژی و ململانێی نێوان کورد و حکومەتی ناوەندی سوریا، یان هەنگاونان بەرەو ئارامی و گەشەپێدان و هاوکاری. بەڵام لە هەنگاوی یەکەمدا، دەستنیشانکرانی پارێزگاری نوێی حەسەکە لە لایەن حکوومەتی شامەوە، مزگێنی و دڵخۆشییەکی تازەی بەدیهێنا. چونکا ئەندازیار نوورەددین عیسا پارێزگاری نوێی حەسەکە، وا لە لایەن فەرماندەی گشتی هەسەدەوە پێشنیار کرابوو، لە زووترین کاتدا لە لای شام قبووڵکرا و دەستی بەکار کرد. ئەمە خۆی لە خۆیدا ڕەمز و هێمایەکی زۆر جیددیە. چونکا نوورەددین باوکی شەهید و برای شەهیدە و سەرجەم ١٣ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو لە ڕیزی شەڕڤانانی یەپەگە و قەسەدە دا گیانیان فیدا کردووە. هەر بۆیە هەڵبژاردنی ئەم زاتە لە لای کوردەکان و قبوڵکرانی لە لای شامەوە، هەڵگری واتایەکی سیاسی و ئەمنی تازەیە و ئەکرێ وەکوو سەرەتایەکی گرینگ چاوی لێبکەن. 
ئێمە یەک خاڵیتر، بە ڕوونی و پانی، لێمان دیار و ئاشکرایە: ئەگەر هەسەدە، وەکوو ئەو هێز و لایەنە وا کە ڕۆژاوای کوردستان دەسەڵاتی هەیە، لەگەڵ بەرە کوردییەکەیتر واتا "ئەنەکەسە" (ئەنجومەنینیشتمانی کورد لە سوریا) ڕێککەوتن و هاوئاهەنگی نەبێت و بە شێوەی پاوانخوازانەی پێشوو، لە خەبات و کاری ڕێکخستنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی حیزبەکانی ئەنەکەسە بەرگری بکات، ئەوا بێگومان، پشتی کورد لە سووریا ئەشکێ! کەوایە شادەماری هەستیار لە ڕۆژاوای کوردستاندا ئەمەیە: ئایا هەسەدە، زەخت و گوشار ئەخاتە سەر پارتە کوردییەکانی ناو ئەنجومەنی ئەنەکەسە و دوو هێڵی جیا و دژبەیەکتر بە ناوی پارتە ئۆجالانییەکان و پارتە بارزانییەکان لەمەوبەدوا بەردەوام خەریکی شەڕەقسە و شەڕەمیدیا ئەبن یان نا؟ هیوادارم، هەسەدە لەمەبەدواوە پارتەکانی ناو ئەنەکەسە بە قەرزداری خۆی نەزانێ و پێیان نەڵێ: "لەو کاتەدا وا ئێمە شەڕمان ئەکرد و هەڤاڵانمان شەهید ئەبوون ئێوە لە هۆتێل و فیندقەکانی ئەم وڵات و ئەو وڵاتدا خەریکی سەیران و گەڕان بوون". هەندێک لە میدیاکانی نزیک لە پەکەکە دوای دیداری شاندەکەی ئەنەکەسە یان ئەنجومەنی نیشتمانی کورد، بە زمانی توند و تاڵ و بەتارۆز، ئەو دیدارەیان خستە ژێر گومانەوە. ئەگەر ئەمە ببێتە ڕەوت و هەموو کردەوەیەکی ئەنەکەسە شەرمەزار بکرێ و لە خەباتی ئەو حیزبانە ڕێگری بکرێ، ئەگەری ئەوە هەیە کورد لە ڕۆژاوا دوژمنشاد ببێ و دەسکەوتەکانی لەناوبچێ. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی