فۆرمات کردنەوەی پەروەردەی نیشتمانی

11 کاتژمێر پێش ئێستا

دانا رەشید


ئەوە ئاشکرایە کورد ، ئەو میلەتەیە لە نیاندەرتاڵەوە  لەو سەرزەمینەی ئێستە پێێ دەوترێت کوردستان ، درێژە بە ژیان دەدات ، سەردەمەکانی تێپەراندوە ، بەرگەی هەموو گۆڕانە جوگرافی و جیۆلۆجی و کەش و هەوای گرتوە ، ڕوبەڕوی کارەساتەکان و جەنگەکان بۆتەوە و ، لەم ڕوبەڕوبونەوەیە  هەمیشە بەرگریکار بوە لە مانەوەی خۆی ، بە پێچەوانەوە هیچ کات هێرشبەر نەبوە وەک کورد کە خواسبێتی لەسەر خوێنی گەلانی تر دەسەڵاتێک پێکەوە بنێ و ببێتە خوێنخۆری مرۆڤایەتی ، ئەمە وای کردوە هەمیشە بەدرێژایی مێژو ، کورد بەشخوراو ، ڕاونراو ، داگیرکراو بێت ، چونکە ئێستەشی لەسەر بێت ،گەلێکی بەخشندە ، خۆنەویست ، میوانپەروەر ، دیندار ، خاوەن بروا بوە و هەیە ، لێرەوە کە پەیامی دینی ئیسلامیشی وەرگرتوە ، وەک کورد وەری گرتوە ، ئەو دینەی کە لە  عەرەبستانەوە بۆی هات ، وەریگێراوەتە سەر ئەو هەموو خەسڵەتە جوان و مرۆڤانەیەی خۆی ، بۆیە مسوڵمانی کورد جوانترین  دیندارن  لە مێژوی کۆن و نوێدا ،ئەمە دەردی  لە وتاری  وتاربێژی ئاینی دەوترێت ، اما بعد .
 کورد لە ١٠٠ ساڵی ڕابوردودا ئەگەر چی توشی دەیان تێکشکان و هەڵچون و داچون بوە، بەڵام  فێری یان  بە جۆرێکی تر  تێزێک هاتە سەر زمان ، لەناو دنیای سیاسەتی نێودەوڵەتان ، پێی دەوترێ قەزیەی کورد ، ئەگەرچی بە پلانی دابەشکردن و ئەوەی پێی دەوترێت سایکسپیکۆ ، نیشتمانی کورد بۆ چوار پارچە بەش بەش کرا ، وەلی ئەگەر لە دیوی سەرەوە داپلۆسین بوو لە ناوەخندا بەدەرکەوتنی قەوارەی کوردستان بوو ، بە درێژایی ١٠٠ ساڵ لە خەبات و خوێنرشتن و قوربانی و  گفتوگۆ و سەرکەوتن و ژێرکەوتن ، تا بەرەبەیانی سەدەی ٢١ و ڕون بونەوەی ئاسۆی هیواکانی کوردو ، دەرکەوتنی تیشکی خۆری جۆرێک لە ئازادی و دەستبەر کردنی ماف ، ئێستە کورد لە دۆخێکدا دەبێت خۆی فۆرمات بکاتەوە وەک میلەت ، ئەمەش بەڕای بەندە لە چەند خاڵێکدا خۆی دەبینێتەوە ،
یەکەم ، کورد وەک میلەت دەبێت وانەی پەروەردەی نیشتمان بڵێتەوە بە نەوەی تازەو بۆ نەوەی داهاتو ، لێرەوە نیشتمان دەکرێت نیشتمانی هەموان بێت بە ناسنامەی کوردستان ، دینیش ئەو دیننانە بێت کەلەم سەر زەمینەدا پەیرەو دەکرێت .  
دوەم ، ئاڵا  ئەو ئاڵایە بێت کە جێگەی شانازی هەموو زمان و  ئاینە جیاوازەکان بێت لەم نیشتمانە 
سێیەم ، دەبێت زمانی کوردی  وەک زمانەکانی تریش لە پاڵیدا ئیشی لەسەر بکرێت ، زمانی هیچ نەتەوەو گەلێک  زۆرایەتی بێت یا کەمایەتی نابێ بێ ئەرزش سەیر بکرێت ،
چوارەم ،نەوەی نوێ بەو گیانە پەروەردە بکرێت ، کە خۆشەویستی نیشتمان لە ئیمانەوەیە ، ئەمە حەدیسی پەیامبەرە ، ئەگەر خۆشەویستی نیشتمان لە ئیمانەوە بێت کەواتە ، ئیمان یەکسانە بە سەروەری  نیشتمان ، کاتێک بە فیتی  تیرۆرستانی توندرەوانی دینی وەک رەشەبای شەیتان ، وا پیشان دەدەن کورد کفر دەکات ، ئەدی بۆ بۆ عەرەب کفر نەبێت ؟ 
پێنجەم ، یەکخستنی وتاری دینی ، رێکخستنی مەنهەجی پەروەردە ،  جارێکی تر دارشتنەوەی بیری کوردایەتی وپاک کردنەوەی لەو هەموو پۆخڵەواتەی بەهۆی گەندەڵکاری پییادا هەڵواسراوە ، گرنگی دان بە خوێندنی زمانی کوردی ، گرنگی دان بە پەروەردەیەکی کوردانەی ئاینی ، ئەمەش بە دوو جۆر مامۆستا دەکرێت ، مامۆستای قوتابخانە ، مامۆستای ئاینی . 
شەشەم ، کورد سەدەی ٢٠ ی تێپەراند ، بە هەموو هەڵچون و داچونەکانیەوە ،ئێستە لە چارەکی یەکەمی سەدەی ٢١ دا دەژی ، بێ گومان  قەوارەی کورد لەم چارەکە سەدەیەدا ئەرزو ئاسمانی فەرقە لە چاو ڕابوردو ،  ڕەوڕەوەی ئەم باهۆزەش  بەرەو پێش دەروات  ناگەرێتەوە و ناشوەستێت ، ئیمانی بە خودا بە نیشتمان ، بە داهاتویەکی باشتر ، حەتمان دەیگەنەنێتە ترۆپی ئارەزو ، وەک هێمنی شاعیر دەڵێت 
گەرچی توشی رەنجەرۆی و حەسرەت و دەردم ئەمن 
قەت لەدەست ئەم چەرخە سپڵە نابەزم مەردم ئەمن

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی