نوسینی: یورونیوزی فارسی
وەرگێڕان : حەمەدەمین سلێمان
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە شیکاریێکدا بە قەڵەمی
"مارگاریتا ستانکاتی" و "بینوا فۆکۆن" دەنووسێت کە ئیدارەی دۆناڵد
ترەمپ لە ئەگەری بڕیاردان لە حکومەتی عەلی خامنەیی ڕووبەڕووی هەڵسەنگاندنی ڕیسکێکی
زۆر دژوار دەبێتەوە : بەدیلێکی دیاریکراو نییە کە لە ئەگەری ڕووخانی ڕژێمەکەیدا دەستبەجێ
دەسەڵات بگرێتە دەست .
نووسەرانی ئەم مەقالە لە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ
کە لە بەشی بیروڕای گۆڤارەکەدا بڵاوکراوەتەوە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئۆپۆزیسیۆنی
ئێران دوچاری پەرتەوازەیی سیاسیی و ناڕێکوپێکی هاتووە و لە نێو هێزەکانی ناوخۆ و دەرەوەی
وڵاتدا دووبەرەکیێکی قوڵ هەیە .
ئەوان دەڵێن ئەگەر ئەمریکا ئامانجی هێنانی کەسایەتی
نەرم و نیانتر بێت بۆ دەسەڵات، ئەگەر سەرکردەکانی ئێستا لاببرێن، هیچ گەرەنتییەک نییە
کە جێگرەوەکانیان لە عەلی خامنەیی میانڕەوتر بن .
موحسین سازراگا، لە بەرپرسانی پێشووی کۆماری ئیسلامی
کە ئێستا چالاکی ئۆپۆزسیۆنە لە ئەمریکا، بەو ڕۆژنامە دەڵێت: "ئەگەر ترەمپ بە
دوای نەهێشتنی جەستەیی خامنەیی و فەرماندە باڵاکانەوە بێت، پرسیار ئەوەیە کە دواتر
چی ڕوودەدات؟ ڕەنگە ئێران ببێتە 'دەوڵەتێکی شکستخواردوو' .
بەگوتەی ئەو بڵاوکراوەیە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی
ئەمریکا لە کۆنگرێس ڕاگەیاندووە، واشنتۆن تەنها دەتوانێت هیواخواز بێت کە لە قۆناغی
ئاڵۆزی گواستنەوەدا کەسێک لەناو حکومەتدا بۆ هاوکاری بدۆزێتەوە .
جیاوازی لەگەڵ ساڵی ١٩٧٩؛ بۆشایی سەرکردایەتی
کاریزماتیک
مارگاریتا ستانکاتی و بینوا فۆکۆن ئاماژە بەوە
دەکەن کە بە پێچەوانەی سەروبەندی شۆڕشی ١٩٧٩ کە دیدێکی ڕوون بۆ داهاتوو هەبوو، ئەمڕۆ
یەکگرتوویی لەو شێوەیە نابینرێت .
لەو سەردەمەدا چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵک بە
سەرکردایەتی ئایەتوڵڵا خومەینی یەکگرتوو بوون، کە تۆڕێکی بەرفراوانی مزگەوتەکانی بۆ
هەماهەنگی بەکارهێنا. بەڵام ئەمڕۆ هیچ که سایەتییەکی ئۆپۆزسیۆنی هاوشێوه نییه که جێی
پەسندی هەمووان بێت .
ئەنیسە باسیری تەبریزی، پسپۆڕ لە چاتام هاوس دەڵێت:
"مەودای بژاردەکان زۆر سنووردارە، ئەگەر هەر بژاردەیەک هەبێت" .
جیددیترین هەڕەشە لە دژی کۆماری ئیسلامی لە
ناوخۆی وڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێرانییانی توڕە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا چەندین
جار ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٠٩ تا ڕاپەڕینی ژن، ژیان،
ئازادی لە ساڵی ٢٠٢٢ و قەیرانی ئابووریی ئەم دواییە .
بە وێنا کردنی نووسەران، ئەم بزووتنەوە جەماوەرییانە
پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی یان سەرکردایەتییەکی ڕوونیان لە ناوەوە نییە،
چونکە کەسایەتییە دیارەکانی وەک نەرگس محەمەدی
براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و مستەفا تاجزادە هەموویان لە زینداندان .
شیرین عەبادی، یەکێکی دیکە لە براوەی خەڵاتی نۆبڵی
ئاشتی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، پشتیوانی لە هێرشە
ئامانجدارەکانی ئەمریکا لە دژی سەرکردەکانی حکومەت کردوە و پێیوایە کە ئەم کارە دەبێتە
هۆی داڕمان، بەڵام زۆرێک لە چالاکوانانی ناوخۆی ئێران دژی دەستێوەردانی سەربازیین .
جێنشین؛ سیمبولی یەکێتی یان کەسایەتییەکی پەرتەوازە
ئامێز؟
ڕەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشوو، دیارترین کەسایەتی
ئۆپۆزسیۆنە لە دەرەوەی وڵات. نووسەران دەڵێن لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا ئەو
بووە بە هێمایەکی بەهێز و بانگەوازەکانی لەلایەن خەڵکەوە "پێشوازییەکی نسبی"یان
لێکراوە. ئەو دەڵێت: "من بۆ ئێران دەگەڕێمەوە. من لە پێگەیەکی بێوێنەدام بۆ
مسۆگەرکردنی گواستنەوەیەکی سەقامگیر."
لەگەڵ ئەوەشدا، نووسەران جەخت لەوە دەکەنەوە
کە ئەو هێشتا کەسایەتییەکی مشتومڕهەڵگر و دووبەرەکینەرەوەیە. زۆربەی کەمینە نەتەوەییەکان
(کورد، ئازەری و هتد) کە نیوەی دانیشتووانی ئێران پێکدەهێنن، بەهۆی ڕوانگە و شێوازی
ناوەندگەرایانەی باوکییەوە، متمانەیان پێی نییە .
مێهرداد دەرویشپوور، کۆمەڵناسی نیشتەجێی سوید،
بە واڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت: ئێمە بە هیچ شێوەیەک خوازیاری گەڕانەوەی پاشایەتی بۆ وڵات
نین .
داواکارانی تری دەسەڵات؛ لە مارکسیستەکانەوە تا
توندڕەوە ناوخۆییەکان
گرووپگەلێکی وەک "ڕێکخراوی موجاهیدینی
خەلق"یش هەن کە ڕێکخراون، بەڵام لە ناوخۆی ئێراندا بەهۆی هاوکارییان لەگەڵ عێراق
لە شەڕی ساڵانی هەشتاکاندا، لەگەڵ بێمتمانەییەکی بەربڵاو ڕووبەڕوون.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی عەرەب و ئەورووپی هۆشداری
دەدەن کە لادانی خامنەیی تەمەن ٨٦ ساڵ، لایەنی کەم بە واتای ڕووخانی حکوومەت یان
هاتنە سەرکاری میانڕەوەکان نییە.
کەسایەتییەکانی وەک عەلی ئەسغەر حیجازی (پەیوەندیبەستەری
ئەمنیی عەلی خامنەیی) یان محەممەد مەهدی میرباقری (ڕێبەری ڕەوتی توندڕەو) دەتوانن
دەسەڵات بپارێزن .
سەعید گڵکار، مامۆستای زانکۆی تێنسی، پێیوایە
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، لە ئەگەری نەمانی خامنەییدا، لەوانەیە
حکوومەتێک تەنانەت توندڕەوتریش پێکبهێنێت .
لەم نێوەندەدا، ئەگەری "پێرێسترۆیکایەکی ئێرانی"
(چاکسازی لە ناوەوە) هاتووەتە ئاراوە. هەندێک کەس باس لە عەلی خومەینی، نەوەی دامەزرێنەری
کۆماری ئیسلامی دەکەن کە لە کەسایەتییە میانڕەوەکانەوە نزیکە، وەک یەکێک لە بژاردە
ئەگەرییەکان بۆ تێپەڕبوون لە بنبەست .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی