ئەگەر لە ئەمریکامان بردەوە

3 کاتژمێر پێش ئێستا

نووسینی/ زیرەک کەمال

 ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، باکور و باشوور، سەراپای سەرزەمینی وڵاتێکی عەرەبی هەموو هەژابوون. هەژاری و بێکاری هەموو لایەکی تەنیبووە و تەنگی بە گوند و شار هەڵچنیبوو. وڵات لە ڕووی سەقامگیری و ئاسایشی نیشتمانی و کومەڵایەتی و سیاسی و ئابووری داڕووخابوو. کارەبا چووبووە خانەی نەبووان. خەڵکی شار بۆ پێویستی ڕۆژانەیان بە دۆلکە و مەسینە ئاویان پەیدا دەکرد. کوشتن و دزی و تاڵانی و ڕێگری تەواوی وڵاتی گرتبووەوە. قەیران بە قەیڕانی دەگوت: جێم کە هەتا ڕێت کەم. مەلیک و حکومەت بە دەست ئەو دۆخە قەیراناویەوە خەریک بوو دەبوونە باڵندەیەکی شکستەباڵ.

ئەوەی دەتبینی لەهەر شوێنێک، جنێوی بە دەسەڵات دەدا. مەلیکی وڵات چەندی دەیکرد و دەکۆشا نەیدەتوانی بەر بەو دۆخە ئاڵۆز و قەیراناویە بگرێت. ڕۆژێک ڕووی لە ڕاوێژکاری دەستە ڕاستی خۆی کرد و پێی گوت: ڕاوێژکار بە ڕای تۆ چی بکەین بۆ ئەوەی لەو بارودۆخە ڕزگارمان بێت؟ ڕاوێژکارەکەش کە لای مەلیک لەهەموو کەسەکانی دەوروبەری خۆشەویستتر بوو، گوتی: جەنابی مەلیک من تەنها یەک ڕێگا بەدی دەکەم بۆ ڕزگاربوون لەم قەیرانە، ئەویش ئەوەیە: سەرەتا لە میدیا و بڵندگۆی مزگەوتەکان هەڵمەتێکی چڕ دژی ئیسڕائیل دەست پێ بکەین، دواتر بەگژ ئەمەریکادا بچین و شەڕ لە دژیدا بەرپا بکەین. مەلیک بە توڕەبوونەوە گوتی: ڕاوێژکار ئەوە قسەیە تۆ دەیکەی؟ ئاخر ئێمە چۆن و بۆچی ئەوە بکەین؟ ئێمە و ئەمەریکا؟ ڕاوێژکار گوتی: مەلیکی وڵات، دیارە ئێمە بە ئەمەریکا ناوێرین و لەم شەڕەدا دەدۆڕێین و دواتر لەشکری ئەمەریکا وڵاتمان داگیر دەکات٠

دوای سەرسامی و ڕامانێکی قووڵ، مەلیک گوتی: ئاخر ڕاوێژکار تۆ پێم ناڵێی قازانج و دەستکەوتی ئێمە لەو شەڕەی دژی ئەمەریکا چیە؟ ڕاوێژکار گوتی: مەلیکی وڵات، ڕۆحم بە فیدات، وەکوو گوتم: ئێمە لەو شەڕە دەدۆڕێین و ئێ مەلیکی من دۆڕانیش بەرانبەر ئەمەریکا عەیب و شورەیی نیە، بەڵام باپێت بڵێم قازانجی ئێمە لەو شەڕەدا چیە. یەکەم: خەڵکی وڵاتەکەمان ڕقێکی زۆریان لە ئەمەریکایە و بۆیەش شەڕکردن لە دژیدا لای خەڵک دەمانکاتە پاڵەوانی نیشتمان. دووەم: ئەمریکا وڵاتمان داگیر دەکات و جڵەوی کاروباری حکومی و ئیداری وڵات دەگرێتە دەست و ئێمەش جگە لەوەی لەسەرزەین و وێنای خەڵکی وڵات دەبینە پاڵەوانی نیشتمان، هەروەها لە دەست قاتوقڕی و بێزاری و گلەیی و گازاندەی خەڵکی وڵات ڕزگارمان دەبێت، چونکە ئەوکات کۆمەڵانی خەڵک لەجیاتی ئەوەی بیر لە بێکاری و هەژاری خۆیان بکەنەوە، سەرقاڵ دەبن بە داگیرکاری ئەمەریکا. مەلیک پێشنیارەکەی ڕاوێژکاری پێ باش بوو، بەڵام خەیاڵی بۆ شتێکی تر چوو، بۆیە ڕووی کردە ڕاوێژکار و پێی گوت: باشە ئەو واقیعەی تۆباسی دەکەی لەکاتێکدا دێتەپێشەوە، کە ئێمە لەو شەڕەدا دۆڕاین؟ ئەی باشە ئەگەر ئێمە لەو شەڕەدا لە ئەمریکامان بردەوە ئەوکاتە چی بکەین؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی