رۆژی 25ی شوباتی 2026 پەرلەمانی ئەوروپا جارێکی دیکە دەرگای هۆلەکانی بۆ پرسی کورد خستە سەر پشت، سێ کاتژمێرێ بۆ دوو پانێلی جیاواز بە گوێگرتنی پەرلەمانتاران و نوێنەری بەشێک لە پارتەکانی ئەوروپا لە میوانانی رۆژئاوا و باکووری کوردستان تەرخانکرا.
شایانی باسە، ئەنجامدانی کۆنفراس و دیداری ئەمجارەی پەرلەمانی ئەوروپا تایبەت بە پرسی کورد بە دەستپێشخەری پەرلەمانتاری کورد "ئەڤین ئینجەر" نوێنەری پارتیی سۆسیال دێمۆکڕاتی سوێد لە پارلەمانی ئەوروپا بوو.
هەروەها ئیدارەدانی یەکێک لە پانێلەکان لە لایەن "عەنبەری زەمان" ڕۆژنامەنووسی شارەزا لە کاروباری کورد و تورکیا بەڕێوەچوو، کە لە دوو پەنێلی جیاواز پەرلەمنتاران و ئامادەبووان گوێبیستی ووتەکانی "ئیلهام ئەحمەد" بەرپرسی کاروباری دەرەوەی هەرێمی ڕۆژئاوا و "ڕۆهڵات عەفرین" فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژن بوون.
هەروەها لە پانێلی دووەم مدحەت سنجار ئەندامی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمرالی قسەی کردوو و تیشکی خستە سەر دوا پەرەسەندنەکانی پڕۆسەی دانوستانی (تورکیا – ئیمرالی).
شایانی باسە، گرنگی ئەو دیدارە لە کات و شوێنەکەی دایە، چونکە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان خەریک بوو ئەومان پێبڵێت کە جیهان لە ئاست ئەو تاوانانەی بەرامبەر کورد دەکرێت دیسان بێ دەنگی هەڵدەبژێرێت.
بەڵام هەر بە دەستپێشخەری ئەو گرووپەی دیدارەکی ڕۆژی چوارشەمەیان سازکردبوو گرووپی “کار بۆ کورد لە پارڵەمانی ئەوڕوپا" پێشتر پەرلەمانی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕەوشی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دابوو، هەر لەو کۆبوونەوەیدا گفتوگۆ لەبارەی دەرکردنی بڕیارێک بۆ پاراستنی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا وەرگیربوو.
لێرەدا دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستابیان بەسەر دابەشکراوە بە بەرنامە هەوڵ دەدەن پرسی کورد ببەنەوە ناو چوارچێوەی پرسی ناوخۆیی ئەو وڵاتانە، ئەویش بە مەبەستی دابڕاندنی پشتیوانی نێودەوڵەتی لە پرسی کورد.
وروژاندنی پرسی ڕۆژئاوای کوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر زاری دوو کاراکتەری ژنی دیار (ئیلهام ئەحمەد، رۆڵهات عەفرین)، هەروەها قسەوباس لەسەر دوایین پێشهاتەکانی پڕۆسەی ئاشتی (تورکیا- ئیمرالی) هەروەها خستنەڕووی زانیاری لەبارەی دوایین ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی پەرلەمانی تورکیا و دیدگای ئۆجالان لەبرانبەر ئەو پێشهاتانە لەسەر زاری مدحت سنجار ئەندامی شاندی دیداری ئیمرالی شکست بەو هەوڵانە دەهێنێت کە دەیانەوێت کورد بێ پشتیوان بمێنێتەوە و جیهان لە ئاست سیاسەتی ئینکارکردنی ئەوان بۆ چارەسەری پرسی کورد قسەی نەبێت.
ئەوەی ڕۆژی ٢٥ی شوبات لە پەرلەمانی ئەوروپا بیندرا هەوڵێکی گرنگ بوو بەوەی تواندرا لە هۆڵەکانی پەرلەمانی ئەوروپا مژار تایبەت بکرێن بە پرسی کورد لە دوو پارچەی گرنگی کوردستان (ڕۆژئاوا،باکوور) ئەوەشی کە زیاتر گرنگی دیدارەکەیدەرخست، ڕۆڵی میدیایی کوردی بوو کە هەموونیان بەو چەپکە گوڵەی مایکە کوردییەکان دڵخۆش کرد، کە دەبیندرا شەش مایکی کوردی لەسەر سەکۆی پەرلەمانی ئەوروپا دەنگ و ئێشی کوردان بە زمانە جیاوزەکان بۆ رای گشتی دەگوازنەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی