لەنێوان بێباکیی دەسەڵات‌و مەترسیی قەوارەدا؛ هەرێم لەبەردەم تاقیکردنەوەى مانەوەدا

16 خولەک پێش ئێستا

سیروان عوبەید

زۆرجار هۆشداریدان لە کاتێکدا کە هێشتا مەترسییەکان لەسەر کاغەزن یان لە قۆناغی ئامادەکاریدان، بە زیادەڕۆیی یان دژایەتی دەخوێندرێتەوە. ساڵانێکە لەسەر مەترسییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان قسە دەکەین، کەچی لەبری ئەوەی گوێیەکی بیسەر لەلایەن دوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە هەبێت، زۆر جار وەک دژبەر و نەیار سەیر کراوین. ئەمڕۆ کە بەشێک لەو مەترسییانە هاتوونەتە سەر زەوی و بوونەتە واقیعێکی تاڵ، قسەکردن لەسەریان تەنها بۆچوونێک یان خوێندنەوەی دۆخەکە نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و پێشریش هەر لەو سۆنگەییەوە قسەمان کردووە.

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی عەلی زەیدی و لە ژێر سایەی هاوئاهەنگیی نێوان واشنتن و تاراندا، بەندە لە زۆر شیکاری و نووسندا ئاماژەمان بەوە داوە کە دۆخی عێراق و ناوچەکە بەرەو وەرچەرخانێکی جیاواز دەڕوات و گۆڕانکاری لە ستراتیژی ئەمریکا لە عێراق دا ، چەند کاریگری و ڕەنگدانەوەی ستراتیژی و ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێم دەبێت. ئەو کات باسی ئەمڕۆمان دەکرد و ئامانج و ڕێڕەوی حکومەتەکەی زەیدی و ئەگەری لێکەوتەکانمان بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان خوێندەوە و خستمانەڕوو. کەچی ئەمڕۆ گوێم لە هەندێک لە بەرپرس و دەسەڵاتدارانی هەرە باڵای هەرێم بوو، تازە بە تازە دەیانگوت: "بە بڕیارەکانی زەیدی سەرسام و شۆک بوون". ئەم ڕستەیە دوو ڕاستیی تاڵمان بیردەخاتەوە؛ یەکەم ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێم لە خوێندنەوەی هاوکێشە سیاسییەکاندا کورتبینن و کورت دەهێنن، هیچ پلانێکی ستراتیژیی نیشتمانییان نییە و دیدگایەکی درێژخایەنیان بۆ داهاتوو نییە. دووەمیش ئەوەیە کە لە بەرانبەر ئاسایشی نیشتمانیدا بە بێباکییەکی مەترسیدار مامەڵە دەکەن و لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەدا نین کە لەسەر شانیانە.

قوربانیی دوو جەمسەرو ئەرکی پاراستنی قەوارە
لەم هاوکێشەیەدا، هەر هاوڵاتییانی ئاسایین کە دڵیان بۆ ئەم خاک و هەرێمە ژان دەکات و ساڵانێکە باجی قورس دەدەن. خەڵک لە لایەکەوە قوربانی دەدات بۆ پاراستنی هەرێم و لە لایەکی تریشەوە لە ناوخۆدا دەبێتە قوربانیی ململانێی حیزبی و بەرژەوەندیی بنەماڵە و گرووپە دەستڕۆیشتووەکان. هاوڵاتییان باش دەزانن کە یەکێتی و پارتی تەنها کاتێک باسی یەکڕیزی و بەرژەوەندیی نیشتمانی دەکەن کە دەستکەوت، کۆمپانیا و پێگەی خێزانی و حیزبیی خۆیان بکەوێتە بەر مەترسیی ڕاستەقینە. ئەم دۆخە وای کردووە مرۆڤ پرسیار بکات؛ داخۆ چەندە ناخۆش و تاڵە کە لەسەر یەک کەشتی بین لەگەڵ دەستەیەکی بچووکی قۆرخکار و گەندەڵ کە بوونەتە بارگرانی و نەخۆشی بەسەر دۆزی ڕەوای گەلەکەمانەوە.

لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانکاری و تێبینیانەشدا، هەرێمی کوردستان ئێستا پێویستی بە بەرگرییەکی نیشتمانی و نەتەوەییی جددی هەیە. هەر کەس و لایەنێک پێی خۆش بێت بەغدا هەرێم لاواز بکات یان قەوارەکەی بچووک بکاتەوە، بە هەڵەدا چووە. هەرێم، سەرەڕای هەموو کەمموکوڕی و ناڕەزایەتییەکان، تاقە قەوارەی دەستووری و خۆبەڕێوەبەرییە بۆ نزیکەی شەست ملیۆن کورد لە ناوچەکەدا. پێشوازیکردن لە لاوازکردنی ئەم قەوارەیە بەهۆی تووڕەیی لە دەسەڵاتداران، وەک ئەوە وایە بۆ تۆڵەکردنەوە لە تاوانبارێک کە لە گوندێکدا خۆی شاردبێتەوە، گڕ لە تەواوی گوندەکە بەردەیت.

بۆیە بەرگریکردن لەم خاک و ناسنامەیە ئەرکێکی لەپێشینە و چارەنووسسازە بۆ پاراستنی تاکە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی کورد لەسەر نەخشەی دابەشکراوی کوردستان. ئەم ئەرکە نە بە هۆی هەڵە و خراپیی بنەماڵە سیاسییەکانەوە لەسەر شانی هاوڵاتییان لادەچێت، و نە بەستراوەتەوە بە حیزبایەتی و لایەنگریی ئەم و ئەوەوە.

ڕێگای ڕزگاری؛ لەتەنازولی دەرەکییەوە بۆ یەکڕیزیی ناوخۆیی
بۆ ئەوەی ئەم قەوارەیە لە مەترسییەکان بپارێزرێت، حیزب و دەسەڵاتداران پێویستە بە خێرایی ڕێگای یەکگرتوویی بگرنەبەر، کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان خۆیان وەلابنێن و متمانە لەگەڵ خەڵک دروست بکەنەوە، بە خزمەتکردنی ڕاستەقینە نەک بە دروشم. دەبێت دەسەڵاتداران ئەو ڕاستییە بزانن کە هەر دەسەڵاتێک لە خەڵکەکەی دوور بێت و لە ڕۆژی تەنگانەدا پشتیوانیی جەماوەریی نەبێت، وەک خانوویەک وایە کە لەسەر لم دروست کرابێت؛ بە یەکەم شەپۆلی بەهێز دەڕووخێت.

پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنی پەرلەمان بە زووترین کات پێویستییەکی دەستبەجێیە. لە بری ئەوەی لایەنە کوردییەکان بۆ لێدان لە یەکتر پەنا بۆ بەغدا، تاران، واشنتن یان هەر پایتەختێکی تر ببەن و سازش و تەنازولیان بۆ بکەن، دەبێت لە ناوخۆدا نەرمی و تەنازول بۆ یەکتر بنوێنن و بەرەی ناوخۆیی ڕێک بخەنەوە. تەنها بەم ڕێگایە دەکرێت هەم پشتیوانیی ناوخۆیی بەدەست بهێنرێتەوە و هەم پێگە و سەنگی کورد لە هاوکێشە دەرەکییەکاندا بێتەوە سەر ڕێی خۆی.

مەترسیی نەوت، دۆلار و گۆڕانی ڕوانگەی ئەمریکا
لە هەمان کاتدا، چاکسازی و شەفافیەت لە دۆسیەی نەوت و ئەو دەنگۆ و ڕاپۆرتانەی باس لە بەقاچاخبردنی نەوت و بردنەدەرەوەی دۆلار دەکەن لە ڕێگەی هەرێمەوە بەرەو ئێران و تورکیا، بووەتە پێویستییەکی هەنووکەیی. ئەگەر ئەم جۆرە مامەڵانە ڕاست بن، ئەوا هەرێم تەنها لەبەردەم گوشارەکانی بەغدادا نابێت، بەڵکو ڕووبەڕووی سزا و تووڕەیی ئەمریکا دەبێتەوە کە بە هەستیارییەوە چاودێریی سزاکانی سەر ئێران دەکات. واشنتن و نێردەکەی، تۆم باراک، ئاگاداری ئەم وردەکارییانەن و لەوانەیە ئەمە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی زیاتر هانی زەیدی بدەن تا دەسەڵاتی ناوەندی بسەپێنێت و هەرێم لاواز بکات.

لێرەدا نابێت ئەوە پشتگوێ بخرێت کە هاتنی سوپای عێراق بۆ ناوچەکانی هەرێم، ئەگەر بەو شێوەیە بێت کە هەوڵی بۆ دەدرێت، تەنها لە کێڵگە نەوتییەکان و خاڵە سنوورییەکاندا ناوەستێت، بەڵکو دەکرێت تا ئاستی لاوازکردنی یەکجارەکیی قەوارەی هەرێم بڕوات. وەک پێشتر ئاماژەمان پێ داوە، ئەگەر زەیدی ئەو داواکاری و بەرژەوەندییانەی بۆ ئەمریکا مسۆگەر بکات کە مەبەستییەتی، بۆ واشنتن گرنگ نییە قەوارەی هەرێم بە چ شێوەیەک دەمێنێتەوە یان نا.

بەدور لەزیادەڕۆیی، ئەم جموجۆڵ و بێدەنگیانەی بەرامبەر هەرێم بەبێ گڵۆپی سەوزو پشتیوانیی ئەمریکا ناچێتە پێش
دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبێت ئەوەش بخوێننەوە کە لە ڕوانگەی ئێستای واشنتنەوە، مانەوەی کێڵگە نەوتی و وزەییەکانی هەرێم لە ژێر دەسەڵاتی بەغدادا بە بژاردەیەکی گونجاوتر دەزانرێت؛ بەو بیانووەی کە ڕەنگە لەو ڕێگایەوە گوشار و هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان کەمتر ببێتەوە، کە ڕەنگە تا ڕادەیەک لۆژیکێکی ئەمنیی لە پشتەوە بێت.

بەڵام ئەوەی دەبێت هەرێم بە ڕوونی بیبینێت ئەوەیە کە لەدەستدانی کێڵگە نەوتییەکان و دەرهێنانیان لەژێر دەسەڵاتی هەرێم، ڕاستەوخۆ سەنگی سیاسی و دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەکانی عێراق و ناوچەکەدا زۆر کەم دەکاتەوە. ئەوکات، پابەندییەکانی ئەمەریکا بۆ پاراستنی هەرێم، بە تەواوی بێ کردەیی دەبێت و لە دیدی ئیدارەی ترەمپەوە، پاراستن و بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان زۆرتر وەک بارگرانی و سەرئێشە دەبینرێت، و وەک پرسێکی ناوخۆیی عێراق مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

لەژێر ڕۆشنایی ئەمانەدا، دەسەڵاتدارانی هەرێم پێویستە بە شێوەیەکی ڕوون و بەرپرسانە وەڵامی ئەو دەنگۆیانە بدەنەوە و ڕێگاکانی گەندەڵی و قاچاخچێتی ببڕن، تا چیتر کارتی گوشار و بیانوو نەدەنە دەست بەغدا و تۆم باراک، و بتوانن بە هەنگاوی کردەیی و یەکڕیزیی ناوخۆیی بەرگری لە پێگە و داهاتووی قەوارەکە بکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە