شەڕی "مریشک" لە نێوان ئاڤا و ڕووداو؛ دابەشکردنەوەی هەستپێکراوەکان و بایۆپۆڵەتیک لە دۆخی ئاوەرتەدا

3 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێبین محەمەد

لەماوەی ڕابردوودا، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەیر و چاوەڕواننەکراو لە نێوان دوو دامەزراوەی گەورەی میدیایی هەرێمی کوردستان (ڕووداو و ئاڤا) سەری هەڵدا، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە "شەڕی مریشک" ناوزەد کرا. لە ڕواڵەتدا، ئەمە تەنها ڕکابەرییەکی میدیایی بوو لەسەر ڕوماڵکردنی شیاوی مریشک، بەرهەمی ناوخۆیی و کێشەی کێڵگە پەلەوەرییەکان. بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵناسییەوە قووڵبینەوە، ئەم ڕووداوە نمایشێکی تەواوە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی کارکردنی دەسەڵات، میدیا و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە لە هەرێمی کوردستان.

بۆ شیکردنەوەی ئەم دیاردەیە، دەتوانین پشت بە سێ چەمکی سەرەکی ببەستین: "بایۆپۆڵەتیک"ی میشێل فوکۆ، "دۆخی ئاوەرتە"ی جۆرجیۆ ئاگامبێن، و "دابەشکردنەوەی هەستپێکراوەکان"ی ژاک ڕانسیێر.
١. بایۆپۆڵەتیک: جەستە و مریشک وەک کەرەستەی دەسەڵات
لە تێڕوانینی میشێل فوکۆدا، "بایۆپۆڵەتیک" (Biopolitics) بریتییە لەو جۆرە دەسەڵاتەی کە ئامانجی کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی ژیانی بایۆلۆژیی دانیشتووانە. دەسەڵات چیتر تەنها لە ڕێگەی سزادان و کوشتنەوە کار ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی خۆراک، تەندروستی، لەدایکبوون و پێداویستییە ڕۆژانەکانەوە هەژموونی خۆی دەسەپێنێت.

"شەڕی مریشک" لە نێوان ئاڤا (کە وەک گوتاربێژی باڵی حکومەت دەبینرێت) و ڕووداو (کە نوێنەرایەتی باڵێکی تری هەژمووندار دەکات)، شەڕێکە لەسەر ئەوەی "کێ باشتر دەتوانێت ژیانی بایۆلۆژیی هاووڵاتییان بەڕێوە ببات؟". مریشک لێرەدا تەنها باڵندەیەک یان کاڵایەک نییە، بەڵکو هێمایە بۆ پرۆتین، خۆراک و مانەوەی جەستەیی دانیشتووان. هەر لایەنێک دەیەوێت خۆی وەک پارێزەری ئاسایشی خۆراک و خەمخۆری گیرفان و گەدەی هاووڵاتی نیشان بدات. ئەمە لوتکەی کارکردنی بایۆپۆڵەتیکە: کورتکردنەوەی هاووڵاتی (وەک بوونەوەرێکی سیاسی و خاوەن ماف) بۆ بەکاربەرێک کە تەنها خەمی پڕکردنی سکیەتی بە هەرزانترین نرخ.

٢. دۆخی ئاوەرتە و "ژیانی ڕووت"
هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی بەردەوامدایە (نەبوونی مووچە، کێشەی بودجە لەگەڵ بەغدا، نەبوونی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، نەبوونی پەرلەمان و حکومەت دروست کردن دواکەوتووە و هەڕەشەی دەرەکی). فەیلەسوف جۆرجیۆ ئاگامبێن ئەمە بە "دۆخی ئاوەرتە" ناودەبات؛ دۆخێک کە تێیدا یاسا و مافە بنەڕەتییەکان هەڵدەپەسێردرێن و قەیران دەبێتە شێوازی ئاسایی حوکمڕانی.
لە دۆخی ئاوەرتەدا، مرۆڤەکان دەبنە خاوەنی ئەوەی ئاگامبێن پێی دەڵێت "ژیانی ڕووت، واتە ژیانێک کە لە بەها سیاسی و یاساییەکانی داماڵراوە و تەنها لە ڕووە بایۆلۆژییەکەیەوە ماوەتەوە. کاتێک مووچە نییە، یاسا سەروەر نییە و ئایندە نادیارە، میدیای دەسەڵاتدار شەڕە گەورەکەی دەگوازێتەوە بۆ سەر مریشک. ئەمە پێمان دەڵێت کە لەم دۆخە ئاوەرتەیەدا، هاووڵاتی کورد مافی ئەوەی نییە بیر لە ئازادی، دیموکراسی، یان مافە دەستوورییەکانی بکاتەوە، بەڵکو دەبێت هەموو وزەی دەروونی و کۆمەڵایەتیی خۆی لەسەر مانەوەی سەرەتایی (خۆراک/مریشک) چڕ بکاتەوە.

٣. دابەشکردنەوەی هەستپێکراوەکان: میدیا چیمان نیشان دەدات؟
ژاک ڕانسیێر پێی وایە سیاسەت لە بنەڕەتدا پرۆسەیەکە بۆ "دابەشکردنەوەی هەستپێکراوەکان" . واتە سیاسەت و دەسەڵات دیاری دەکەن کە چی دەکرێت ببینرێت؟ چی ببیسترێت؟ کێ بۆی هەیە قسە بکات؟ و چ بابەتێک شایەنی گفتوگۆیە؟
میدیاکانی وەک ئاڤا و ڕووداو دەسەڵاتێکی گەورەیان هەیە، چوونکە داهات و پارەی وڵات بەشێوەیەکی فراوان لەبەردەستیاندایە، لە دروستکردنی ئەم "هەستپێکراوانە"دا. بە هەڵگیرساندنی شەڕی مریشک، ئەوان خەریکی ڕێکخستنەوەی سەرنجی گشتی بوون. ڕانسیێر پێمان دەڵێت دەسەڵات تەنها بە زەبروزەنگ کار ناکات، بەڵکو بە داگیرکردنی فەزای بینین و بیستن کار دەکات. کاتێک هەردوو کەناڵەکە کاتژمێرەها پەخشی ڕاستەوخۆ، ڕاپۆرت و گفتوگۆ تەرخان دەکەن بۆ مریشک، ئەوان لە ڕاستیدا شتانێکی دیکە "نامەرئی" (نەبینراو)(لەبەرچاو ون) دەکەن.

لەم پرۆسەی دابەشکردنەوەیەدا:
ئەوەی دەبینرێت و (پێویستە خەڵک دوای گوتاری ئەم هەستپێکراوانە بکات دوو باڵی دەسەڵاتدار و هەژموونداری سیاسی دەیانەوێت) دەخرێتە چەقی سەرنج: مریشک، کێڵگە پەلەوەرییەکان،  و ڕکابەرییەکی میدیایی سەقەت.
ئەوەی دەشاردرێتەوە و لە هەستپێکراوەکان دەردەکرێت: گەندەڵی گەورە، نەبوونی بوودجەی وڵات، نەبوونی حکومەت و داخستنی دەرگای پەرلەمان و نەنوسینەوە دەستوور، قەیرانی سیستەمی تەندروستی و ئەو هەموو رەخنەی لە یاساکانی وەبەرهێنان هەیە، لە سەرووی هەموویانەوە، پرسی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین.
ئەمە جۆرێکە لە دروستکردنی "شانۆ" (نمایش) وەک ئەوەی گای دیبۆرد باسی دەکات؛ نمایشێک کە ئامانجی سەرقاڵکردن و بێهۆشکردنی کۆمەڵگەیە.
ڕکابەرییەکەی نێوان ئاڤا و ڕووداو لەسەر مریشک، ڕکابەری نەبوو لەسەر گەیاندنی ڕاستییەکان بە هاووڵاتییان، بەڵکو ڕکابەریی باڵەکانی دەسەڵات بوو لەسەر ئەوەی کێ دەتوانێت باشتر فەزای گشتی داگیر بکات و کۆنترۆڵی "هەستپێکراوەکان"ی کۆمەڵگە بکات.
دەرەنجام
"شەڕی مریشک" نوکتەیەکی میدیایی یان هەڵەیەکی ڕۆژنامەوانی نەبوو، بەڵکو دەرکەوتەیەکی ئۆرگانیکی ئەو جۆرە لە حوکمڕانییە کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. حوکمڕانییەک کە لە "دۆخێکی ئاوەرتە"دا، هاووڵاتییەکانی کردووە بە خاوەنی "ژیانێکی ڕووت"، و لە ڕێگەی "بایۆپۆڵەتیک" و کۆنترۆڵی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە دەیانبات بەڕێوە. لە هەمان کاتدا، لە ڕێگەی زەبەلاحیی ئامێرە میدیاییەکانیەوە، دەستکاریی "دابەشکردنی هەستپێکراوەکان" دەکات، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لەبری بیرکردنەوە لە گۆڕانکاریی ڕیشەیی سیاسی، سەرقاڵی وردەکارییەکانی دۆخی تەندروستی باڵندەیەک بێت لە بازاڕدا، بێ ئەوەی بپرسێت ئەی حکومەت بۆ پشکنینی بۆ ناکات؟ 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی