ئێران بۆ هێرشدەکاتەسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەوڵاتانى کەنداو؟

3 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختیار ئەحمەد ساڵح

پوختەی 
ئێران هێرشدەکاتەسەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو بۆ سێ ئامانجی سەرەکی ستراتیجی: ڕێگری ڕاستەوخۆ لە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەنێودەوڵەتیکردنی بەرەى شەڕەکەى لەڕێگەى ڕاکێشانی وڵاتانى کەنداو بۆ ناو ململانێکان و دروستکردنى فشار بۆ ڕاگرتنى شەڕ پێش ئەوەی ئەمریکاو ئیسرائیل بە ئامانجی ڕاگەیەندراوی خۆیان بگەن کە گۆڕینی دەسەڵاتە لە ئێران.

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران سێ سەربازى ئەمریکای لە بنکەی عەرەفجان لە کوێت کوشتووە، ئەمەش پەرەسەندنێکی مەترسیدارە کە مەبەست لێی نیشاندانی توانای ئێران بووە بۆ ئەوەی دەریبخات کە دەتوانێت زیانی ڕاستەوخۆ بە ئەمریکا بسەپێنێت. هەروەها ئێران پاڵاوگەى ئارامکۆ و بەندەرە ستراتیژییەکانی ئیمارات وەک بەندەری زەید و بەندەری جەبەل عەلی کردۆتە ئامانج.

ئێران ئامانجە ستراتیژییەکانى بەوردى هەڵدەبژێرێتو فۆکس دەخاتە سەر دامەزراوە سەربازی و لۆجستییەکانی ئەمریکا بەبێ ئەوەی زیانێکی بەرچاوی مەدەنی لە کەنداودا لێبکەوێتەوە، ئەمەش گوزارشت لە حیسابکردنی وردی دەرئەنجامە سیاسی و سەربازییەکان دەکات.

ئامانجە ستراتیژییەکانی ئێران
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو لەبەر کۆمەڵێک ئامانجی ستراتیژییە ئامانجی بەدەستهێنانی هەردوو دەستکەوتی سەربازی و سیاسیی:

1.    ڕێگریکردن لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل: یەکەم و بەپەلەترین ئامانجی ئێران، ڕێگریکردنە لە ئەمریکا و ئیسرائیل لە درێژەدان بە هەڵمەتە سەربازییەکانیان کە ئامانجیان گۆڕینی دەسەڵاتە لە ئێران. ئێران لە ڕێگەى بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی بنکەکانی ئەمریکا، پەیامێکی ڕوون دەنێرێت بەو ناوەڕۆکەى کە توانای ئەوەی هەیە زیانێکی بەرچاو بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بگەیەنێت. بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە ئێران سێ سەربازی ئەمریکی لە بنکەی عەرەفجان لە کوێت کوشتووە، ئەمەش یەکەم قوربانیی ڕاگەیەنراو و ڕاستەوخۆی ئەمریکایە لەم ململانێیەدا.

بەرپرسانی ئەمریکا بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان ڕاگەیاندووە کە هێرشەکانی ئێران بەشێکی زۆری دامەزراوەیەکی سەربازییان لەناوبردووە کە سەربازانی ئەمریکای تێدابووە.  ستراتیژی خۆڕاگری ئێران لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراوە کە ئەگەر تێچووی مرۆیی و ماددی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى لە کەنداو زۆر بێت، ڕەنگە ئەمریکا لە هەڵمەتە سەربازییەکەی پاشەکشە بکات، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی فشارە سیاسییە ناوخۆییەکانی ئەمریکا.

2.    بەنێودەوڵەتیکردنی بەرەى شەڕ: دووهەمین ئامانجی ستراتژیکی ئێران بەنێودەوڵەتیکردنی بەرەى شەڕە بە ڕاکێشانی وڵاتانى کەنداو بۆ ناو ململانێکان. ئێران لەڕێگەى بە ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی سعوودییە، ئیمارات، کوەیت و بەحرەین هەوڵ دەدات ئەو وڵاتانە ناچار بکات فشار بخەنە سەر ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی هەڵمەتە سەربازییەکەی. بەرپرسانی کەنداو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئێران لەڕێگەى بە ئامانجگرتنی وڵاتانی کەنداو بەرەى شەڕ بەنێودەوڵەتی دەکات. حکومەتەکانی سعودییە و ئیمارات دووپاتیان کردەوە کە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێراندا بێدەنگنابن و پێداچوونەوە بەبژاردەکانیدا دەکەن، چوار سەرچاوە بەڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیان ڕاگەیاندووە، محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییە لەمانگی ڕابردوودا چەند پەیوەندییەکی تایبەتی بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کردووە بۆ ئەوەی فشاربخەنەسەر هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئێران.

سعودییە دووپاتی کردەوە کە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی وڵاتەکەی دەگرێتەبەر، لەوانەش بژاردەی تۆڵەسەندنەوە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێران. ئێران لە ڕێگەی ئەم ستراتیژەیەوە هەوڵ دەدات دووبەرەکی لەناو هاوپەیمانی ئەمریکا و کەنداودا دروست بکات و دەوڵەتانی کەنداو ناچار بکات بەدانى بەهای میوانداریکردنی بنکەکانی ئەمریکا لەسەر خاکەکەیان.

3.    دروستکردنى فشار بۆ ڕاگەیاندنى ئاگربەست: ئامانجی سێیەم و درێژخایەنتر گوشار دروستکردنە بۆ ڕاگەیاندنى ئاگربەست پێش ئەوەی ئەمریکاو ئیسرائیل بتوانن بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکەیان بگەن کە بریتییە لە ڕووخاندنی دەسەڵات لە ئێران. بەئەگرى زۆر ئێران ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەرگەی هەڵمەتێکی سەربازی بەردەوام بگرێت و هەر بۆیەش بەدوای یەکلاییکردنەوەی سیاسیدا دەگەڕێت کە دەسەڵاتى سیاسی بپارێزێت.

دوابەدوای پشتڕاستکردنەوەی کوژرانى عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵاى شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە وێرانکەرترین ئۆپراسیۆنی مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستپێبکات و ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمەریکایان دەکاتە ئامانج. ئێران لە ڕێگەى بەئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمەریکا هەوڵ دەدات واشنتۆن قەناعەت پێبکات کە تێچووی درێژەدان بە هەڵمەتی سەربازی لە دەستکەوتەکانی زیاتر دەبێت و دانوستان بۆ ئاگربەست لۆژیکیترین بژاردەیە.

4.    بەئامانجکردنی هەڵبژێردراوی بنکەکان: ئێران ستراتیژیەتی بە ئامانجگرتنی هەڵبژێردراو پەیڕەو دەکات، تیشک دەخاتە سەر دامەزراوە سەربازی و لۆجستییەکانی ئەمریکا بەبێ ئەوەی زیانی بەرچاوی مەدەنی لە کەنداودا لێبکەوێتەوە. ئەم بەئامانجکردنە هەڵبژێردراوە ڕەنگدانەوەی حیسابکردنی وردی دەرئەنجامە سیاسی و سەربازییەکانە:

أ‌.    بنکەی ئاسمانی عەرەفجان لە کوێت: بنکەی ئاسمانی عەرەفجان یەکێکە لە بنکە گرنگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، هەزاران سەربازی ئەمریکی لەخۆدەگرێت و وەک ناوەندێکی گەورەی لۆجستیکی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کاردەکات. بە ئامانجگرتنی ئەم بنکە پەیامێکی ڕوون دەنێرێت سەبارەت بە توانای ئێران بۆ گەیشتن بە قووڵایی کەنداو. کاربەدەستانی سەربازی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە ئێران سێ سەربازى ئەمریکای لەم بنکەیەدا کوشتووە.

ب‌.    بنکەی ئاسمانی ئەلزەفرا لە ئیمارات: ئێران بەندەری زەیدی لە ئەبوزەبی کردە ئامانج کە ناوەندێکی بازرگانی گەورەیە و دەکەوێتە نزیک بنکەی ئاسمانی ئەلزەفرا و پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا دەکات لە ناوچەکەدا. ئەم بەئامانجکردنە ئامانجی فشارخستنە سەر ئیمارات و ناچارکردنی بە هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا. میدیاکانی ئێرانی سەر بە سوپای پاسداران بڵاویان کردەوە کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی باڵوێزخانەی ئیسرائیلی لە ئەبوزەبی کردە ئامانج. لە بەرامبەردا ئیمارات باڵیۆزخانەی خۆی لە تاران داخست.

ت‌.    بەندەری جەبەل عەلی: ئێران بەندەری جەبەل عەلی لە دوبەی کردە ئامانج کە گەورەترین بەندەری هێزی دەریایی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکات هێزە دەریاییەکانی فەرەنسا لەخۆدەگرێت. ئەم بەئامانجگرتنە پەیامێک دەنێرێت سەبارەت بە توانای ئێران بۆ پەکخستنی هێڵەکانی دابینکردنی دەریایی ئەمریکا. سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کەشتییەکی بەرنامەی ئاسایشی دەریایی (MSP)ی بە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە بەندەری جەبەل عەلی کردۆتە ئامانج و ئەو هێرشە کەشتییەکەی لەکارخستووە.

پ‌.    ئارامکۆ: پاڵاوگەی ڕاس تانورا کە لەلایەن کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە خاوەندارێتی دەکرێت لە بەشی ڕۆژهەڵاتی شانشینی سعودیە، دوای ئەوەی کرایە ئامانجی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە لایەن ئێرانەوە، داخرا.

5.    پەیامی سیاسی: هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو هەڵگری چەندین پەیامی سیاسی گرنگن کە ئاراستەی لایەنە جیاوازەکانی ناوچەکە و جیهان کراوە.

‌أ.    پەیامێک بۆ ئەمریکا: پەیامی سەرەکی ئاڕاستەی ئەمریکایە بەو ناوەڕۆکەى ئێران توانای ئەوەی هەیە زیانی ڕاستەوخۆ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بگەیەنێت و درێژەدان بەو هەڵمەتە سەربازییە تێچووی زۆری بۆ ئەمریکا دەبێت.
‌ب.    پەیامێک بۆ وڵاتانی کەنداو: ئێران پەیامێک بۆ دەوڵەتانی کەنداو دەنێرێت کە میوانداریکردنی بنکەکانی ئەمریکا وایان لێدەکات ببنە ئامانجی شەرعی بۆ هێرشەکانی ئێران، هەروەها پێویستە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا هەڵبسەنگێننەوە.
‌ج.    پەیامێک بۆ بەرەى بەرگرى: ئێران پەیامێک بۆ بەرەى بەرگرى دەنێرێت کە درێژە بە ململانێکان دەدات و توانای وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی هەیە.

دەرەنجام
ئێران هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو لە چوارچێوەی ستراتیژێکی هەمەلایەنە کە ئامانج لێی ڕێگریکردن لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە خستنى دەسەڵاتى سیاسی لە ئێران و بەنێودەوڵەتیکردنی بەرەى شەڕ بە ئامانجى بەرزکدنەوەى تێچووى شەڕ بە ئامانجى ڕاگرتنى شەڕ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە