پەندێک لەفروغی جاویدانەوە

3 کاتژمێر پێش ئێستا

هونەر تۆفیق

تەموزی 1988 کە سوپای عێراق گوڕی وەرگرتبویەوە و هێزەکانی ئێرانی لەزۆربەی سنوورەکانی جەنگەکە هەراسان کردبوو تا لەناچاریدا مانگێک دواتر ڕابەری ئەوکاتی ئێران (خومەینی) گوتی پیاڵە ژەهرەکە دەخۆمەوە و قبوڵی جەنگ راگرتن لەگەڵ سەدامدا دەکەم . لەو ساتە لاوازەی ئێراندا چەکدارەکانی مجاهدینی خەلق ، بەهاوکاری عێراقیەکان و 300 تانک و 40 هالیکۆپتەر و 7000 فیدائیەوە لە قەسری شیرینەوە خۆیانکرد بە دیوی ئێراندا و تا کرمانشاه نزیکبوونەوە . ئۆپراسیۆنەکەیان ناونابوو فروغی جاویدان . بەڵام چوار ڕۆژی خایاند، چونکە پاسدارە ئێرانیەکان تەفروتونایان کردن . 
پەندی فروغی جاویدان بۆ برایانی هاوپەیمانی کوردستانی ئەوڕۆش دەستدەدات . 

ئەوان لە بەیاننامەی دامەزراندنە حەوت ڕۆژیەکەیاندا دەڵێن ئامانجمان ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێرانە ؟ 

برایان کۆمارەکە بۆ کێ دەڕوخێنن ؟؟ بۆ کوڕەکەی شا ؟ بۆ مریەم ڕەجەوی ؟ بۆ داعش و قاعیدەکانی بلوج ؟ بۆ تۆرانیەکانی ئازەر ؟ 

چونکە ئەو دەوڵەتەی ئێوە دەیڕوخێنن بەشی زۆری ئەوانیشی پێوەیە لەبری سوپاسکردنتان لەپاش ڕوخاندنەکەی لەلایەن ئێوەوە ، ئەوان داوای دامەزراندنەوە و بەشە زۆرەکەیتان لێدەکەن . بێگومان بەدیدە عەقائیدی و قەومیەکانی خۆیانەوە .

جگە لەوە ئێوە هەمووی هەفتەیەکە لەبەینی خۆتاندا هاوپەیمانن . گریمان لایەنگریە جیاوازەکانتان ، میحوەربەندیە جۆراوجۆرەکەتان لەسایەی وەعد و سۆزی ئەمریکا و ئیسرائیلدا لە ئاستی قیادیدا لەبەین چووە ؟! ئەدی لەئاست قاعیدەشدا هەمان ئاشتبوونەوە و پێکەوە گونجاندنتان مسەوگەر کردووە ؟ ئاخر چەکدارێکی یەزدان پەنا و گەریلایەکی پەژاک چۆن دەتوانن پێکەوە لەیەک سەنگەردا جێگەیان بێتەوە کە لەدوو دنیا و ئەستێرەی جیاوە گۆش پەروەردە کراون ؟ 

لەبیرمان بێت گەل بە شۆرش ڕزگاری دەبێت ، شۆرشیش تەنیا لەناوەوە بەرپادەکرێت . ئەوەی ئێوە بڕیارتان لێداوە ، بڕیاری جەنگە نەک شۆرش . جەنگێکە خوانەکردە بە پەندی فروغی جاویدان .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی