هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی کەنداو و هەبوونی سامانێکی زەبەلاحی نەوت و گاز ، بەجۆرێک کە خاوەنی پتر لەنیوەی یەدەگی نەوتە لەجیهاندا و لەئێستاشدا بەڕێژەی 32% - 33% بەشداری دەکات لەبەرهەمهێنانی وزەی جیهانیدا . هەموو ئەمانە بوونەتە جێی تەماح و داڕشتنەوەی ستراتیژ و جیۆسیاسیی و نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ .گرنگترین وڵاتە بەرهەمهێنەکانیش بریتین لە : سعویە ، ئێران ، عێراق ، ئیمارات ، کوەیت و قەتەر .
کەنداو لەچوار دەیەی رابردوودا چوار گەورەترین جەنگی بەخۆیەوە دیوە ؛ جەنگی یەکەمی کەنداو 1980 تا 1988 ،جەنگی دووەمی کەنداو لەساڵی 1990 - تا 1991 ( داگیرکردنی کوەیت لەلایەنی رژێمی سەدام )، جەنگی سێیەمی کەنداو لەساڵی 2023( پڕۆسەی ئازادی عێراق ) ،جەنگی چوارەمیش ئەمەی ئێستایە ( جەنگی ئیسرائیل ئەمریکا و ئێران ).
ئەم جەنگەی دوایی بەبەهانەی نەهێشتنی دەستبەسەرڕاگەیشتنی ئێرانە بەچەکی ئەتۆمی ، بەپێی دواین لێدوانی وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عومان لەمەڕ دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لەجنێڤ ، ئێران نەرمییەکی زۆری نواندووە لەمەڕ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەرووی ئاستی کەڵک لێوەرگرتنی بۆ مەبەستی ئاشتییانە و تەنانەت رازی بووە بەوەی تیمەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم سەردانی ئێران بکەن .
ئیسڕائیل خەونی گەورەی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و بەدیاریکراویش ئەوەی بەنەخشەی داود ناسراوە ( نیل تاکو فورات ) .
ئیسرائیل ، ئێران بەگەورەترین بەربەست دەزانێ لەهەنبەر ئەمنی قەومی و هەروەها پڕاکتیزەکردنی پڕۆژەکەی ( نیل تا فورات ) ، بۆیە لێدان و روخاندنی ئێران بۆ ئیسڕائیل و ئەمریکا بووەتە ئامانج ، دوای ئێرانیش تاکە دەوڵەتێک تورکیایە کەتاڕادەیەک خەونی گێڕانەوەی فەرمانڕەوایی (چوارسەد ساڵەی ناوچەکە ) هەیە و یا بەفۆرمێکی دیکە خەون بەسەرکردایەتی کردنی وڵاتانی سوننە مەزهەب دەبینێت و، لێرە و لەوێ ( دەریای ڕەش ، لیبیا ، سوریا ) بەکردەیی دەستتێوەردان دەکا و هەنێجار یاری مشک و پشیلە لەگەڵ ئەمریکا دەکات دەکرێتە ئامانج ،بەڵام ئەردۆگان بەحوکمی ئەوەی کەسایەتییەکی پڕاگماتیکییە وخاوەنی پڕەنسیپ و باوەڕی چەسپاو نییە و کور وتەنی ؛ لەزۆر ئاشان لێدەکات ، رەنگە زوو فریای خۆی بکەوێت و مو نەپسێنێ .
زۆرێکمان پێمانوابوو ئەمریکا نایەوێ ئێران بڕوخێ تاکو بەردەوام وڵاتانی کەنداو دابدۆشێ وبازاڕێکی خۆش بێت بۆ ساغکردنەوەی کاڵای جەنگیی ئەمریکا و ناچارکردنیان کەبەقەبارەیەکی گەورە وەبەرهێنان لەئەمریکا بکەن ، بەڵام داڕشتنەوەی سەرلەنوێی نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، رەنگە هەژمونی زیاتر و پاشان بەرژەوەندیی و قازانجی زیاتر بۆ ئەمریکا بڕەخسێنێ .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی