نووسینى : جمعة بوكليب (الشرق الأوسط)
وەرگێڕان: د.حلمى رەسوڵ رەزا
دوو وێنە لە ناوخۆی ئێرانەوە لەم شەڕەی ئێستادا دەردەکەون
و وێنەیەکی تریش لە دەرەوەیە. وێنەی یەکەم: ژنانێکی ڕەشپۆشن کە بە کوڵ بۆ تیرۆرکردنی
ڕێبەری باڵا "عەلی خامنەیی" دەگرین، لە بەرامبەردا ژنانی تریش هەن کە بە
هەمان هۆکار هەڵهەڵە لێدەدەن و دڵخۆشن. وێنەی دووەم: وێنەی ژنان و پیاوانی ئێرانییە
لە پایتەختەکانی ڕۆژئاوا کە ئاڵای ئێرانیان بەدەستەوەیە و چەپڵە و هیوای دەخوازن بۆ
کوژرانی خامنەیی. ئەم وێنەیەی دوایی، ئاهەنگەکانی ڕەوەندی کوبایی لە ئەمریکا وەبیر
دەهێنێتەوە کاتێک هەواڵی کۆچی دوایی "فیدێل کاسترۆ"ی سەرۆکی پێشووی کوبا
بڵاوبووەوە. ئەم سێ کۆمەڵەیە، نوێنەرایەتی ئێران دەکەن.
بەڵام وێنەیەکی چوارەمیش هەیە کە نوێنەرایەتی کۆمەڵەیەکی
تر دەکات کە لە ڕووی ژمارەوە گەورەترن؛ وێنەی "زۆرینەی بێدەنگ"ە، بەڵام
ئەم وێنەیە نابینرێت. ئەمە بەو مانایەیە کە ئێران تەنانەت پێش ئەم شەڕەی ئێستاش،
خاوەنی دڵێکی دابەشکراو بووە بۆ چەندین بەش. بەشێکیان "عەقیدەیین" و لەگەڵ
ڕژێمدان، بەشێکی تر لە ناوخۆی ئێران و لە تاراوگەی پایتەختە ڕۆژئاواییەکاندا دەژین
و ئاواتەخوازن ئەم شەڕە کۆتایی ڕژێم بێت. بەشەکەی تریش "زۆرینەیەکی بێدەنگ"ی
گەورەیە کە لە نێوان ڕەخنەگرتن لە ڕژێم و ترس لە پشێوی یان دەستوەردانی بیانییدا ڕاگیراون.
وانەکانی مێژوو و چارەنووسی ڕژێمەکان
لە لایەکی ترەوە، مێژوو ئەوەمان فێر دەکات کە ڕووخانی ڕژێمەکان
لە ناوچەکەدا بە عادەت تەنیا بە شکست لە شەڕەکاندا نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی کودەتای
سەربازی یان شۆڕشی میللییەوە دەبێت. زۆرێک لە ئێمە ئەوەمان لە بیرە چۆن سوپای هەندێک
لە ڕژێمە عەرەبییەکان لە شەڕە بەناوبانگەکاندا تووشی شکستی زۆر سەخت بوون، کەچی لەگەڵ
ئەوەشدا ئەو ڕژێمانە هەر مانەوە و نەکەوتن تا نیو سەدە یان زیاتریش تێپەڕ بوو، کە
دواتر ڕووخانیان هەر لە ڕێگەی شۆڕشی میللییەوە بوو. ئەمەش دەمانبات بەرەو ئەو دەرەنجامەی
کە ئەگەری شکستی ڕژێمی تیۆکراسی (ئایینی) ئێران لەم شەڕەی ئێستادا، ڕەنگە نەبێتە هۆی
لەناوچوونی وەک سیستمێکی حوکمڕانی، وەک ئەوەی هەندێک کەس پێشبینی دەکەن.
ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕژێمەکە هەر بمێنێتەوە، بەڵام بەبێ
ئەوەی چیتر ببێتە هۆی ترس و دڵەراوکێ بۆ نەیارەکانی لە ناوچەکە و دەرەوەیدا. لەگەڵ
ئەوەشدا، هەر توانای کۆنتڕۆڵکردنی شەقامی هەبێت؛ چونکە لە سروشتی ڕژێمە عەقیدەییەکان
وایە کە خاوەنی دەمارێکی ئەمنیی زۆر پتەون، کە ڕێگری دەکات لە ڕووخانیان تەنانەت ئەگەر
ئۆپۆزسیۆنیش هەبێت یان تووشی شکستێکی سەربازیی تاڵیش ببن.
ڕژێمی «بەعس» لە عێراقدا ١٣ ساڵ دوای شکستی لە شەڕی «گەردەلوولی
بیابان» هەر مایەوە. ئەمەش دەمانبات بەرەو دەرەنجامێکی تر، ئەویش ئەوەیە کە ڕژێمی
ئێستای ئێران بەبێ ئەو "دەست و بازووانەی" کە پێیان دەوەشاند (لە یەمەن،
سووریا، عێراق و لوبنان)، بە ناچاری و بە مەبەستی پاراستنی بوونی خۆی، ناچار دەبێت
بگەڕێتەوە ناو کایە سنوورییەکانی خۆی و تێیدا پاشەکشە بکات. ئەگەری ئەوەش هەیە دەوڵەتێکی
تر ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە ئێران لە دوای خۆی جێی دەهێڵێت. ئەو دەوڵەتە، بە بڕوای
من، ئیسرائیل نابێت؛ چونکە ئیسرائیل ناتوانێت بۆشاییەک لە ژینگەیەکی عەرەبی/ئیسلامیدا
پڕ بکاتەوە سەرەڕای باڵادەستییە سەربازییەکەی، چونکە فاکتەری "قبوڵکردنی میللی"
شک دەبات. بۆیە، ئەگەری زۆر ئەوەیە کێبڕکێیەکی توند لە نێوان چەند دەوڵەتێکی عەرەبی
و ئیقلیمیدا دروست ببێت.
لە ئیسرائیلدا، و لە ناو تینی سەرکەوتنەکانی ڕاستڕەوە
توندڕەوەکاندا، چەپی ئیسرائیلی بە هەموو باڵەکانیەوە و بە سەرکردایەتی پارتی کار ،
خۆی لە بەردەم دووڕیانێکدا دەبینێتەوە: ڕێگەیەک کە بەرەو کەندەڵانی لەبیرچوونەوەی
دەبات، و ڕێگەیەک کە بەرەو گەڕانەوە بۆ خود و دەسپێشخەریی دەبات.
ململانێی چەپی ئیسرائیلی دژی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، پێویستی
بەوەیە هەموو پارتە چەپەکان ستراتیژییەکی نوێ بگرنەبەر؛ ستراتیژییەک کە لەسەر بنەمای
ڕەخنەگرتن لە خۆ و خستنەڕووی ئەو پرسیارە دروستانە بێت کە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی
واقیعدا دەگونجێن، تا بتوانن ڕووبەڕووی پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان ببنەوە و لە هەڵبژاردنەکاندا
تێکیان بشکێنن.
لەبەر ئەوەی ئەم گۆڕانکارییە بە شەو و ڕۆژێک ڕوونادات، ئەمە
بەو مانایەیە کە هاوپەیمانیی ڕاستڕەوی توندڕەوی فەرمانڕەوا لە ئیسرائیلدا دەمێنێتەوە
و گەشە دەکات. شەڕی داهاتووی ئەوانیش هەوڵدان دەبێت بۆ داگیرکردنی کەناری ڕۆژئاوا
و جوولەکەکردنی. ئەم سیاسەتە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی نێودەوڵەتی دەبێتەوە کە دەتوانن
پشتگوێی بخەن، هەروەها ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەی عەرەبیش دەبێتەوە بۆ ئاساییکردنەوەی
پەیوەندییەکان. لێرەدا دەوری فشارەکانی ئەمریکا دێت بۆ نەرمکردنی هەڵوێستەکان یان
"شکاندنی قۆڵەکان"، کە ئەمەش بە پلەی یەکەم بەندە بەو کەسەی لە کۆشکی سپیدا
نیشتەجێیە.
کۆتاییهاتنی ڕژێم لە ئێراندا پێویستی بە بوونی چەندین مەرج
هەیە، بەڵام بێگومان ئەو "ئەفسانەیەی" کە لەسەری بونیاد نرابوو، لەسەر بەردی
واقیع تێکشکاوە. بە ڕووخانی ئەو ئەفسانەیە، کۆڵەکەکانی ئەو تەلارە داڕمان کە نزیکەی
نیو سەدە بوو لەسەری دروست کرابوو. بە مردنی ئەفسانەکە، بیرۆکەکەش دەمرێت و متمانە
مێژووییەکەی لەناودەچێت. ڕەنگە ڕژێم وەک "ئەمری واقع" (واقعێکی فەرزکراو)
هەر بمێنێتەوە، بەڵام وەک شتێکی هەڵواسراو لە هەوادا دەژی و بەرەوڕووی هەر گۆڕانکارییەکی
کتوپڕ دەبێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی