لەنێوان چوار پێ‌و دوو پێ

9 کاتژمێر پێش ئێستا

زیرەک کەمال

لەئەفسانەی کۆنی یۆنانیدا هاتووەو دەڵێت: لەسەرەتاو بەرەبەیانی مێژوودا، کە مرۆڤ دروستبوه‌و نێرومێ یاخود ژن‌و پیاو هەردوکیان یەک جەستەبوون‌و کێشەیەکی واشیان لەگەڵ یەکتری نەبووە.

ئەو مرۆڤە چواردەست‌و چوار قاچ‌و چوار چاوو چوار گوێ‌و دوو سەرو دوودڵ‌و ....هەبووە، هەر لەتەوەرێکی تری مێژووی ئەو ئەفسانەیەشدا گوتراوە: دڕترین‌و ئازاترین بوونەوەری سەر ڕووی زەویش، ئەو مرۆڤە خۆی بووە، پەلاماری دارو بەردی داوە، بەدرەختەکان هەڵگەڕاوەو گەڵاکانی ڕنیوەتەوە، کانیاوەکانی کوێر کردووەتەوە، ڕێگای لە ڕووبارگرتووەو لەشوێنی خۆی وەستاندوویانەو لێنەگەڕاون  بەرەو دەریا بڕوات.

دەریایان لەشەپۆل خستووەو سەرچاوەی هەموو ئاوێکیان شێلوکردووە، پەلاماری ئاژەڵ‌و باڵندەو هەموو جۆرە مارو مێرولەو خشۆکێکیان داوە، ئەو مرۆڤە هێندە بەهێزو لەخۆ ڕازیبوە، پێیوابووە خۆر لەڕێگای بانگکردنی ئەوان هەموو سپێدەیەک لەپشت کێوەکان لەخەو هەڵدەستێت‌و سەرزەمین بەتیشکە زیوینەکانی خۆی ڕووناک دەکاتەوە.

دواتر هەر ئەو مرۆڤە دوای ئەوەی سەرزەمینی ئەو هەسارەیەی کردە وێرانە، دواتر ویستی پەلاماری ئاسمان بدا و ئەسترەکان دابگرێت، هەربۆیەش خوا شیرێکی خێواندە جەستەی مرۆڤ و لە ناوەڕاستەوە کردیە دووپارچە و یەکێکیان بووە نێر و ئەوی دیکەیان بووە مێ.

هەر لەوکاتەشەوە ئیدی کۆمەڵگه‌ی مروڤایەتی بەسەر ژن‌و پیاودا دابەشبوو، خوێنەری ئازیز سەرەڕای ئەو هەموو شەڕانگێزیی‌و دڵڕەقیەی مرۆڤی چوارپێ‌و چواردەستی ئەوکات هەیبوە، بەڵام بڕوابکەن من ئەوانم زۆر لەمرۆڤی دووپێی ئێستا پێباشترە، دەزانن بۆ؟ چونکە ئەفسانە یۆنانیەکە دەڵێت: مرۆڤی ئەوسا ڕقیان لەدووڕوویی دەبووەوەو تەنها یەک ڕوو بوون.

مڕۆڤی ئەوکات دوژمنیان درۆبووە، کەچی ژیانی تایبەتی و کۆمەڵایەتی و لاپەڕەی فەیسبووکی بەشێکی بەرچاوی ئێمەی مرۆڤی ئێستا پڕە لە درۆی ڕەنگاوڕەنگ و ناپاکیی جۆراوجۆر، بۆ نموونە بڕوانن کابرا دووکاندارە و تەرازووی فرۆشتنی خواردەمەنی ناهاوسەنگ و لار دەکات، بۆ فرۆشتنی بڕێک لە شتەکانی، ڕۆژانە چەندین درۆ دەکات. مرۆڤی چوارپێی ئەوکات ڕقیان لە تۆمەت و قسەوقسەڵۆک بۆتەوە، کەچی بەشی زۆری دوو پێیەکانی ئێستا هەر بۆیان بڕەخسێت هەوڵی شکاندنی وێنەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مەعنەوی هاوڕێیەکەی خۆی دەدا و بوختانی ترسناکی بۆ هەڵدەبەستێت. 

دەڵێن مرۆڤی چوارپێی ئەوکات  نیشتمانەکەی خۆش دەویست و ئامادەبوو خۆی لە پێناودا بەخت بکات، کەچی مرۆڤی دووپێی ئێستا لە شەوانی سووری شایلۆغاندا سات و سەودا بە خاک و ئاوی نیشتمانەوە دەکات و لە ئاوەدانی و مەجلیسانیش حیتوهۆڕ پێ دەکەنێت. هەر لەو ئەفسانەیەدا هاتووە، کە مرۆڤی ئەوکات ڕقیان لە شەڕی یەکدی بووە، کەچی لە ناخی زۆربەی دوو پێیەکانی ئێستا، جەنگاوەرێک ئامادەیە بۆ شەڕی ناوخۆ. دواجار هەست دەکەم لە سەردەمی مرۆڤی چوارپێ، سیستەمی ئیداری بەتەزکیە خەڵکی دانەمەزراندو بەشێکی  ئۆپۆزسیۆنیش کورسییەکانی خۆی نەدەفرۆشت!جا توخوا ناهەقمە بڵێم مرۆڤی چوارپێی ئەوکات لە مرۆڤی  دووپێی ئێستا باشتر بووە؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی