کە هەواڵەکە گەیشت و بڵاوکرایەوە، شاری
بەغدا هێشتا تاریک بوو، هەواڵی کوشتنی ژنێک بوو، تەنها ژنێک.. ئەو نە ژەنەڕاڵ، نە
سوپاسالار، نە وەزیر، نە پەرلەمانتار، نە کەسایەتیەکی ناو دەسەڵات بوو، ئەو تەنها
ژنێک بوو لە ناو جەرگەی کۆنەپەرستیدا قسەی کردبوو، ژنێک کە ڕەتیکردبووەوە بێدەنگ بێت،
ژنێک کە باوەڕی وابوو ئازادی نابێت ئیمتیازێک بێت،
بەڵکو دەبێت بنەما بێت بۆ ژیانی مرۆڤەکان بە یەکسانی.
ڕەنگە بەو زووانەش، یان چەند ڕۆژیتر
ناوی ئەو، لە ناو میدیاو هەواڵەکاندا نەمێنێت،
چونکە لە وڵاتێکدا کە بەهۆی جەهل و شەڕ و
تەقینەوەی ڕۆکێتوو و قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانەوە هەژاوە، کوشتنی ژنان بە خێرایی
دەبێتە تەنها ئامارێکی دیکە لە ئاماری توندوتیژیدا.
چەندە بە ئازارە کە کەمێک بەر لە 8ی مارس، لە کاتێکدا ڕێکخراو و حیزبوو دامودەزگا و
میدیاکان ئامادەکاری دەکەن، وتار لەسەر
مافەکانی ژنان ئامادە دەکەن و سیاسەتمەداران و پیاوانی دەوڵەتوو پەرلەمانتار پەیامی
ساڵانەی خۆیان لە رووی زمانەوانی و ئەدەبیەوە بە بێ هیچ گۆرانکاریەک دادەڕێژنەوە، لە شوێنێک، لە گۆشەیەکی تاریکی
شاری بەغدا ژنێک دەنێژرێت کە تاکە (تاوانەکەی) تەحەدای جەهل و کۆنەپەرستی و نەزمی
پیاوسالاری و دەستەڵاتی مەزهەبگەرا بووە، چەندە خەمێکی قوڵە بۆ ئەو مرۆڤانەی کە لە
خەمی کەرامەتی ئینسانی و هاوتایی دان، کە تا دێت لە ناو کۆمەڵگای عێراقیدا نەریتە
پیاوسالاری و مەزهەبگەراکان بەهێزدەکرێن و وەکوو یاسا دادەڕیژرێن و بەردەوامیان
پیدەدرێت، لەلایەن دەسەڵات و مەرجەعە ئایینییەکانەوە شەرعیەت وەردەگرن و لەلایەن گروپە
سیاسییەکانی ناو دەستەڵاتەوە دەپاریزرێن،
لە ناو ئەو پێکهاتەیەدا جەستەی مێینە وەکوو خاکێک دەبیندرێت کە دەبێت چاودێری و کۆنترۆڵ
بکرێت، لە ڕێگەی ئەخلاقەوە، لە ڕێگەی خێزانەوە، لە ڕێگەی ئایین و هەندێکجاریش لە ڕێگەی
توندوتیژی ئاشکرادا.
لە ناو رایەڵە جیاوازەکانی کۆمەڵگای عێراقیدا
ئەو جۆری کۆنترۆڵە بە تایبەتی بووەتە
دیاردەیەکی زۆر دڕندانە و نا ئینسانی، دوای دەیان ساڵ لە شەڕ وماڵوێرانی و هەڵوەشاندنەوەی
ستراکچەری سیاسی، سیستەمێکی سیاسی دەستی بەسەردا گرتووە کە حزبە ئایینییەکان و پێکهاتەکانی
دەسەڵاتێکی کۆنەپەرست کاریگەرییەکی بەرچاویان لە ناویدا هەیە، زۆرێک لەو هێزانە بەناوی
جیاجیای
ئایین، ئەخلاق، یان ناسنامەی نەتەوەییەوە
قسە دەکەن و بەردەوام سیاسەتەکانیان نوێنەرایەتی گەڕانەوە بۆ نۆرمەکانی پیاوسالاری و کۆنەپەرستیەکی پێناسەنەکراو دەکەن،
ئەوەی کە ئەوان چاورێی دەکەن تەنها ئەوەیە کە ژنان هەڵگری شەرەفی کۆمەڵگا بن، چاوەڕوان دەکەن
کە ژنان ئەخلاقی میللەت و نەتەوە بەرجەستە
بکەن، چاوەڕوان دەکەن کاتێک پیاوان باسی سیاسەت
دەکەن ژنان بێدەنگوو دەمبەستراو بن، وە ئەگەر بێدەنگیش نەبن، نرخەکەی دەتوانێت ئەوەبێت
کە دەیبینین.
کوشتنی چالاکوانانی ژن هەرگیز تەنیا تاوانێکی تاکەکەسی
نییە، پەیامێکی ڕوونە، پەیامێک بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە بوێرن و دەنگیان لە
بەرامبەر ئەو جەهل و نەزمە پیاو سالاریە دینیەدا بەرز دەکەنەوە.
یەکێک لەو دەنگە هەرە بەرزو گرنگانە لە ناو ئەو تیکۆشانەدا، چالاکوانی داکۆکیکاری مافی ژنان (یەنار محەمەد)بوو، ئەو ساڵانێکی
زۆر دژی کوشتنی شەرەف و توندوتیژی پیاوسالاری و دەسەڵاتی سیاسی حزبە ئایینییە کۆنەپەرستەکان لە عێراقدا خەباتی
کرد و تێکۆشا، (یەنار محمد) چەندین رێکخراوی بۆ پاراستنی ژنان دامەزراند، پەناگەی نهێنی بۆ ئەو
ژنانە دروستکرد کە لە کوشتنی شەرەف هەڵدێن و دەنگی بەرزی بەو کەسانە بەخشی کە
ساڵانێک بوو بە بێدەنگی لە سێبەردا دەمانەوە، بۆ زۆرێک لەو ژنانەی کە ژیانیان لە
ژێرهەڕەشەدابوو، ئەو پەناگانە وەکوو تاکە شوێنی سەلامەت بۆیان چانسی مانەوەیان بوو.
یەنار محمد چەندین جار هەڕەشەی کوشتن و
ناوزڕاندنی لێ کرابوو، بە دوژمنی ئایین و نەریتوو کۆمەڵگا ناوزەد کرابوو، هێزە سیاسییە
کۆنەپەرستەکان هەوڵی بێبەهاکردنیان بە تێکۆشان و کارەکانی دەدا، چونکە ئەو حەقیقەتێکی
سادەی بەیان دەکردوو قسەی لە بارەوە دە کرد، ئەویش ئەوەبوو کە چەوساندنەوەی ژنان
رێکەوتوو چارەنووسێکی فەرهەنگی نییە، بەڵکو سیستەمێکی سیاسیی و کۆمەلایەتیی و
مەزهەبییە، سیستەمێک کە لایەنە سیاسیەکان بە بەهێزی بەرگری لێدەکەن و بەکاری دەهێنن، سیستەمێک کە لەلایەن پێکهاتە خێزانییە
پیاوسالارو مەزهەبیەکانەوە لە ناو کۆمەڵگەی عێراقی بە خراپترین شێوە بەرهەم هێنراوەتەوە.
کوشتنی یەنار محمد لە بەغدا چەند ڕۆژێک
بەر لە 8ی مارس، ئەوە نیشان دەدات کە قسەکردن
لەسەر مافی ژن لە ناو ئەو کۆمەڵگایەو لەبەرامبەر ئەو دەستەڵاتە پیاوسالارو
مەزهەبیەدا چەندە بە سەرپێی و بە ڕاستەقینەیی دەبێت بمێنێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی