ڕەنگە ئیتر سبەینێیەکی تر نەیەت!

7 کاتژمێر پێش ئێستا

هەردی مەهدی میکە

لەبارەی دەرفەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە.

مرۆڤ ١١ مانگی سەردەمی پێشەوای مەزن ئازاد بێت باشترە لە عومری نوحێک ژێردەستەیی
کورد بەشدار بێت و نەبێت ڕەوتی نیوەگیانکردنی ئێران و پاشان خستنی هەر بەردەوام دەبێت، هەنووکە کە هێشتا تورکیا و ئازەربایجان و پاکستان و قەتەر (کە ئەمانە هەموو دژی کوردن لە مەریخیش بێت) نەهاتوونەتە نێو شەڕەکە، خۆ گەر بێن و تۆ لەوێ نەبیت، زۆر دوور نییە بە مەرجی خۆیانەوە داخڵ بن ئەوکات ئەمریکا و ترەمپ پێویستیان بە کورد کەمتر دەبێت یان هەر نابێت، ئێستا ئەو فەرموو و بانگهێشتە ئاشکرا و خەستەی کە بۆ کورد دەکرێت لە کەس و بەتایبەت لە تورکیا و عەرەب نەکراوە و بۆیە لە کورد کراوە هەم پێکهاتەی ئێرانە و بەشێکە لە نەتەوەکانی نێو ئێران و هەم بۆ ئەوەی منەتی کەمتری تورکیا و هاوشێوەکانی هەڵبگرێت. لەگەڵ ئەوەدا نیم هەروا و بێ پلان بچینە گۆڕەپانەکەوە، چونکە کورد بەر لە کۆماری ئیسلامی و بەر لەهاتنی ئەمریکا هەر بەشاخەکانەوە بووە بۆ مافی خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا نیم بێ ڕێککەوتن بچینە مەیدانی گەرمی جەنگەوە بەڵام بە پلان و دەرخستنی خواستەوە بۆچی نا؟ گەر لەمڕۆوە بە دیاریکردنی داواکاریی شوناسخوازیی و مافتەوەریی ڕۆژهەڵات و ئامانجی کورد لەبەشداریی جەنگەکە و بەڵێکردنی بۆ هاوبەشی کورد لەگەڵ ترەمپ و هاوپەیمانان لە سبەینێ باشترە، چونکە ڕەنگە ئیتر سبەینێیەکی دیکە بۆ کورد و ڕۆژهەڵات هەر نەیەت و دووبارە نەبێتەوە.
خۆ کورد گەر ئەمە ناکات گووایە لەبەرئەوەی نەبێتە ئامراز، ئەی بۆ ئێستا لە باکوور و ڕۆژهەڵات، ئێران و تورکیا نەک وەک ئامراز خۆ وەک نەبوو و هیچ سەیری دەکەن و سفر مافی هەیە. یان دەوترێت با وەک ڕۆژئاوا و بەشداریی داعش پەراوێز نەخرێت، بۆ کوردی ڕۆژئاوا ئێستای هەزارجار لەسەردەمی ئەسەدی بەعسی و داعشی تیرۆریست باشتر نییە لە ڕووی مافەوە؟ تەنانەت مافی کورد لە سوریا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە زۆر باشترە. دەی ئەوە هی بەشدارییە لە سەنگەری دژە تیرۆردا. ئەسڵەن پەراوێزخستنی قەسەدە لە ڕۆژئاوا هی ئەوەبوو وەڵامی فەرمووی بەشداریی لە بچووککردنەوەی ئێران و حەشدی شەعبیدا بە نەخێر دایەوە بۆیە وای لێهات، دەی ئەم فەرموو و پرسیارە ئێستاش هەر لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵات دەکرێت، ئایا مێژووی نزیک بۆ پەندوەرگرتن نییە؟! یان دەوترێت با کورد نەبێتە ئامراز تا وەک شۆڕشی مەزنی ئەیلول و مەلا مستەفا بارزانی و کۆماری کوردستان و قازی محەمەدی پێشەوا فێڵی لێنەکرێت، دەی باشە خۆ ئەمەی ئێستا هەیە بەشێکی بەرهەمی خشتی بەرخودان و گیانفیدایی ئەوانە لە باشوور، مرۆڤ بۆ ١١ مانگیش ئازاد بێت هەر ئەو یانزەیەی باشترە لە عومری نوحێک ژێردەستەیی.
لەبارەکەی دیکەشدا ناکرێت تەنها لەبەر باشوور و هاوپەیمانێتی مووچەیی باشوور و پرۆ ئێرانییەکانی بەغدا ئیتر ڕۆژهەڵات وا لێبکەیت و مافی ئەوەی نەدەیتێ خەبات بۆ مافی خۆی بکات و هەلەکە نەقۆزێتەوە.
ئەوەی ئێستا هەیە و ٣٤ ساڵە لە باشوردا هەرێمێکت هەیە و ئازادیت بەرهەمی هاوبەشیتە لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمریکادا، نەک بەرهەمی پارێزگاریی برا موسڵمانەکانی ئێران و تورکیا، کە تاقانە ئەزموونی دەستووری یاساییە و ماوەتەوە بە پشتیوانیی هاوپەیمانان و گەرنا سەرجەم ئەزمونەکانی دیکە ئێران و تورکیا و عێراق لە نێوی بردوون.
جێگەی هەموو ئەمانەی کە ئێستا بوونەتە پەپوولەی ئاشتی و کوردپەروەری عەیارە ٢٤ و خەمی ئەوەیانە کورد نەبێتە ئامراز بەدەست ئەمریکاوە کە ترەمپ خۆی ڕاشکاو و ڕاستەوخۆ داوای هاوبەشیی کوردی کرد لە جەنگەکەدا و شەش مانگ زیاتریشە لە هەماهەنگیدایە لەگەڵ کوردی سێ پارچەکەدا بۆ هەمان مەبەست. هەمان ئەو کەسانەشن گلەیی ئەوەیان دەکرد لە کاتی ڕیفراندۆمی ٢٠١٧دا تەنها بە یەک ڕەشنووسی مۆرنەکراویی ئۆفیسی وەزارەتی دەرەوەیی ئەمریکا  و بە بێ گرانتی داوای دواخستنی ڕیفراندۆمی دەکرد و بۆچی کورد بە گوێی ئەمریکای نەکرد و دوای نەخست! 
«لقد كان في قصصهم عبرة لأولي الألباب»

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی