لەپڕ خۆشم نازانم چۆن لەژێر ئەو ئاسمانە تەماوی و ڕێسمانە وێرانەدا، بەسەر باڵی خەیاڵەوە گەیشتمەوە کەونارای گوندەکەم، کە پێم لەسەر خاکی زێدەکەم دانا، یەکسەر کۆمەڵێک یادەوەری ژیانی منداڵیم بیر کەوتنەوە، بەتایبەتی ئەوکاتەی تا نەگریابام دایکم کلکە کراس و فەقیانەکەی نەدەکردەوە و عانەی نەدەخستە ناودەستم. لەو قۆناغ و سەردەمی منداڵیمەوە، تاکوو ئەو هەموو ڕێگا تولانی و دوورو درێژەی بەناو دنیای سیاسەتدا بڕیم و دواتریش بوومە عاشق و کرمی ناو کتێبان، ئەو پرسیارە لە خۆم دەکەم، کەوا مرۆڤ بۆچی هێندە پارەی خۆش دەوێت؟ لە پێناوی بە دەستهێنانی پارەدا بۆچی ئاوا هەورازەکانی چیای قاف و ڕێگای پڕ مەترسی هات و نەهاتیشی گرتۆتەبەر و زۆرجاریش سەری خۆی لەم ڕێگایە داناوە؟ دیارە زیاتر لە دووهەزار ساڵ دەبێت سوقڕات و ئەرستۆ باسی ئەو مەترسیانەیان کردووە، کە پارە لە ناخی مرۆڤدا دروستی کردووە.
(نیتشە)ی فەیلەسوفیش کە لە ڕێگای فەلسەفەکەی، جاڕی مەرگی یەزدانیدا، گوتی زۆر دەترسم ڕۆژێک دابێت مرۆڤ هاوشێوەی خوا پارەش بپەرستێت. (مارکس)ی فەیلەسوفیش لەنێو ڕستە و دەقە تیئۆری و فەلسەفییەکانی خۆیدا باسی مەترسییەکانی پارەی کردووە. زیاتر لە دوو هەزار و حەوت سەد ساڵە مرۆڤ پارەی دروست کردووە و وەکو ئامرازی کڕین و فرۆشتن لە بازاڕ بەکاری دەهێنێت، بەڵام لە هیچ سەردەم و قۆناغێکدا وەکوو ئێستا نرخی مرۆڤ و بەها و نۆرم و کولتووری مرۆڤدۆستی ئاوا لەبەرانبەر پارە و سەرمایە دانەبەزیوە و پاشەکشەی نەکردووە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ بوو بە سەرۆکی ئەمەریکا. ئەو پیاوە هەموو شتێک، سیاسەت، ئاین، هاوڕێیەتی، عەشق، هەموو جۆرە پێوەندیەک لەسەر بنەمای پارە و بە تەرازووی پارە دەکێشێت. ترامپ ئەخلاقییات و هەموو پرەنسیپ و نۆرمێکی لەبەر مرۆڤ داڕنی.
خەریکە جگە لە پارە و قازانج مانا بۆ هیچ شتێکی تر ناهێڵێت. ئاخر پێی وایە کەسێک بە دەستی ڕاست تەوقەی لەگەڵ کرد، دەبێ بە دەستی چەپ پارەی بداتێ. ماوەیەک پێش ئێستا لە ناوەندێکی هەواڵ خوێندمەوە، کە ترامپ چاو و قاوە و نیسکافەی نووسینگەکەی و موچەی پاسەوانەکانی خۆیشی کەم کردۆتەوە، دەڵێن ژنی ترامپ بە ترامپی گوتووە پیاوەکە با ئێمەش وەکوو ئەو خەڵکە سەفرەیەکی خێزانی بکەین، دەڵێن ترامپ وەڵامی داوەتەوە و پێی گوتووە دانیشە ئافرەت پارەی تێدەچێت و بەو بێپارەییە کەی وەختی سەفرەیە! منش خەریکی ئەو نووسینە بووم لەپڕ ناسکەی هاوسەرم خۆی کرد بەژورداو بەتوندییو بەتوڕەیی هەردوو دەستی لەیەکتریداو گوتی پیاوەکە ئیدی تەواو، لەمەوپاش فلس بەفلسی موچەکەت تەسلیمی من دەکەی.
منیش گوتم ناسکەخان خێر بەو سبەینێی ساڵحان چی ڕوویداوە، ئەوها قسان دەکەی، پارە چڵکی دەستە، پارە چییە؟ ناسکە گوتی: نانا، ئەوە نەما، دەبی لەمەوپاش هەموو پارە لای من بی، چونکە ترامپە سۆر گوتویەتی پارە لای کێ بێت دەسەڵات لای ئەوە. بیرم کردەوە، ئەوەی ترامپ دەیکات، زۆر ترسناکە، ئەو تێگەیشتنە مادیگەراییە، بە جۆرێک پەخش دەکات، منداڵ و ژن و گەورە و گچکە فکری لێ دەکەنەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی