سەردەمی کۆتایی پێشبینییەکان

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سۆزان حەمەتاتە


لەوەتەی سیاسەت هەیە، بەپێی قۆناغ و سەردەمەکان، هەم کارەکتەری سیاسیی جیاواز هەبوون و هەمیش شیکەرەوەی سیاسی و پێشبینیکاریی بۆ رووداوەکان یان ئەگەری روودانیان، هەڵگیرسانی شەڕ و ئەگەری سەرکەوتن یان شکست و کۆتاییهاتنیان و زۆر بابەتی دیکەی پەیوەندیداریش بە سیاسەت و سیاسەتمەدار یان دەوڵەتمەدارەکانەوە، بەڵام ئەوەی لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ دا تێبینی دەکرێت ئەوەیە خەریکە دەبێتە کۆتایی سەردەمی شیکردنەوە و پێشبینیی سیاسی و خەریکە ئاوەز و لۆژیک بەهایەکیان بۆ نامێنێتەوە.

لێدوانە سەیر و سەمەرەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا وایانکردووە بارودۆخی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و تەنانەت راگەیاندنەکانیش ناسەقامگیربن و کەس متمانەی بە کاتژمێرێک دوای ئەوکاتە نەبێت کە تیایدا قسەدەکات.

بەتایبەت لەبارەی شەڕی وڵاتەکەی و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران واپێشبینیدەکرا گەڕی سێیەمی دانووستانەکان لە ڤیەننا بەڕێوەبچێت، بەڵام هەر ئەوەندی زانرا هێرشی لەناکاوی کردە سەر ئێران و رێبەر و فەرماندە گەورەکانی کوشتن، ئێستایش بە لێدوانە دژ بەیەکەکانی کەس ناتوانێت پێشبینی ئەوە بکات سبەینێ چی دەبێت: شەڕەکە گەرمتر دەبێت یان رادەوەستێت؟

لە دوایین لێدوانیدا ترەمپ دەڵێت "ئەو جەنگە راناوەستێ تا ئەوكاتەی هەژموونی تەواوی سەربازییمان بەسەر ئێراندا دەسەپێنین و كۆنترۆڵی دەكەین"، هەر خۆی رۆژێک پێشتر دەڵێت "توانای هێزی دەریایی و درۆن و بەرگریی ئاسمانیی ئێرانمان کۆتایی پێهێناوە یان تواناکانیان سفر بووەتەوە"، ئیتر زۆر لێداوانی دژبەیەکی دیکەیش.

رۆژنامەیەکی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە کەوا ترەمپ رۆژانە ٢٢ درۆ دەکات، ئەوە رەنگە بەڵگەی ئەوەیش بێت کە سەرۆک ترەمپ بۆ خۆیشی لە راڕاییەکی سەیردا دەژی و دڵنیا نییە لە سەرکەوتنەکانی لە شەڕی دژی ئێراندا، هەروەک گرانبوونی نرخی وزە و دروستبوونی کێشە بۆ رێڕەوەکانی گەیشتن بە بازاڕە جیهانییەکانیش بوونەتە جۆرێک فشار لەسەر سەرۆکی ئەمەریکا و بەردەوام دەیەوێت بە لێدوانە میدیاییەکانی جۆرێک لە پەردەپۆشی ئەو راڕاییەی بکات.

کەس گومانی لەوە نییە کەوا ئەمەریکا و ئیسرائیل تواناکانی ئێرانیان بەئەندازەیەکی زۆر پەکخستووە، بەڵکوو قسە لەسەر ئەو هەموو لێدوانە دژبەیەکەیە کەوا سەرۆک ترەمپ دەیدات و وایکردووە شڕۆڤەکارانی گەورەی بواری سیاسەت و سەربازیش پێشبینییەکانیان کورت بهێنێت لەکاتێکدا پێشتر وا نەبووە و هەست بە زۆر لایەنی سیاسەت و دەوڵەتداری و شەڕ و ئاشتی و سەرکەوتن یان شکستی دانووستانەکان دەکرا و بەرهەمیشی دەبوو، بەڵام وا خەریکە لەمەودا "کەس پێشبینییەکان بە پۆلێک ناکڕێ".

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە