شەڕ و ڕاڕایی لایەنەکان

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردار عەزیز

ئەکتەرە سەرەکیەکانی شەڕەکە هەریەکە و ڕاڕاییەکی قوڵ و چارەسسەرنەبوی هەیە کە پاڵنەڕی شەڕەکەیە لە ئێستادا. یەک بە یەک ئاماژەیان پێدەدەم بە کورتی:
ئێران، ڕاڕایی قوڵی ئێران ئەوەیە کە ئێران لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە بڕیاری نەمانی دراوە، تەنها چۆنێتی ئەنجام دانی لە ئارادایە. بۆیە ئێران جۆرێک دڵنیایە کە ئەگەر ئەمجارەش نەڕوخێت ئەوا ماوەیەکی تر هێرش دەکەنە سەری. بۆیە ئامانجی ئەوەیە کە چۆن دۆخێک دروست بکات کە هێرشکردنەوە بۆ سەری ئاسان نەبێت، لەم ڕوەوە ڕەنگە ئابوری چەکی بەهێزی بێت نەک سەربازیی. بۆیە هەتا پێی بکرێت دەیەوێ شەڕەکە درێژ بکاتەوە، هەتا ئازار بە خەڵکی ئەمریکا بگەیەنێت لە ڕێگای نرخی گالۆنی بەنزین و نەوتەوە، پاشان وڵاتانی تر. بەڵام ئەم گەمەیە بەبێ مەترسی نیە، کاتێک ئەگەری ئەو گەرەنتییە زۆر سەختە و پاشان هەتا بگاتە ئەو دۆخە ڕەنگە ئێران نیمچە وێرانێک بوبێت.
ئیسرائیل: ئیسرائیل وەها بیر دەکاتەوە کە ئێران بمێنێت بە هەر حاڵێک بێت وەک دوژمێکی وجودی دەمێنێت، بۆیە ئەگەر ئێستا لە ناو نەبرێت ئەوا ئەگەر بمێنێتەوە ڕەنگە ببێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ببێت بە مەترسییەکی وجودی ڕاستەقینە لە سەری. بۆیە دەبێت بەردەوام بێت لە لەناوبردنی، چونکە گۆڕینی ڕەفتار و ڕێکەوتن و چاودێری و ئەمانە دادی نادات. ئەم ڕاڕاییە پاڵنەری سەرەکیی هێرشەکانی ئیسرائیلە، ئیتر بەلایەوە جێگای بایەخ نیە ئێران دەبێتە پشێوی یان جەنگی ناوخۆ یان هەر دۆخێکی تر. 
ئەمریکا، ئەمریکا خاوەن ستراتیژێکی ڕون نیە. بەڵکو ستراتیژی دەگۆرێت. هۆکاری ئەم گۆڕانە ئەوەیە کە ترەمپ خاوەن دیدی ڕون نەبوو، بەڵکو وەک چۆن پوتین چوو بۆ ئۆکرانیا هەتا چۆن هیتلەر نەمسای بە شەوێک گرت، ئەویش وەها بە خێرا بیگرێت. بەڵام ئەوە چوار ساڵە تیایدا چەقیوە. ترەمپیش بەهامانشێوە بە هەڵەداچوو. فاکتەرێکی تر دیموکراسیی بونی ئەمریکایە. ئەم دیموکراسییە وەها دەکات کە ترەمپ ناچاربێت بیر لە نرخ و دۆڕان و بەهێزبونی نەیارەکانی بکاتەوە. 
لە ئێستادا ترەمپ کۆمەڵێک بژاردە هەڵدەسەنگێنت، پاش ئەوە ڕژێمەکە نەڕوخا بە کوشتنی خامنەێی ئێستا بیر لەوە دەکرێتەوە چۆن تەواو لاواز بکرێت و ڕێگە لە بەهێزبونی بگیرێت. ئایا ئەمە لە ڕێگای گرتنی خارکەوە و خنکانی ئابوریی، یان دەستوەردانی ناوخۆیی یان بژاردەی تر.
ئەم شەڕە بۆ ئەمریکا شەڕێکی وجودی یان مەترسی نیە، بەڵکو زیاتر شەڕێکی خوازراوە.
کەنداو، ڕەنگە ئەو لایەی کە هەرچۆنێک دۆخەکە تەواوبێت هەر زەرەمەندبێت کەنداو بێت.  کەنداو نە ئێرانی دیموکراسی دەوێت، نە ئێرانی بەهێز، نە ئێرانی پشێو، نە گۆڕینی ڕژێم. ئەوان دەخوازن ئێران وەک عێراقی سەردەمی سەدام بێت. هەرچۆنێکی تر مایەی مەترسییە لە هەموو ئاستێکدا.
کەنداو لە هەمانکاتدا دڵخۆش نین بە باڵادەستبونی ئیسرائیل، هەروەها بە مامەڵەی سوکی ئەمریکا بۆ خواستەکانیان. 
هەموو ناوچەکە لە سودانەوە هەتا ئەفغانستان باجی بەهێزبونی کەنداو دەدات. ئایا کەنداو کەمێک دەبنە مرۆڤ یان دەخوازن بگەڕێنەوە بۆ سەردەمێک کە بۆ هەمیشە گوزەشت. 
وەک دەبینن زۆربەی ڕاڕاییەکان بێ چارەسەرن. نەبونی چارەسەر پاڵنەرە بۆ گرژی و ترس. بەخێربێن بۆ سەردەمی ناسەقامگیریی درێژخایەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی