سەرکردایەتیی سەربازیی ئێران لە سایەی کوشتنی ڕێبەرەکانیدا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختیار ئەحمەد ساڵح


پوختە
ئەم نوسینە لەو گۆڕانکارییانە دەدوێ کە لە بنەمای سەرکردایەتیی سەربازیی ئێراندا ڕوویداوە لە سایەی شەپۆلى کوشتنی ڕێبەر و سەرەکردەکانى ئێران لە سەرەتاى 28 شوباتى 2026 لە لایەن ئەمریکاو ئیسرائیل-ەوە. گرنگترین گریمانەى نوسینەکە ئەوەیە کە ئێران بە شێوەیەکی هەستیار و پێشگیرانە مۆدێلی سەرکردایەتیی هەرەمی (Hierarchical Command) گواستووەتەوە بۆ مۆدێلی سەرکردایەتیی تۆڕی دابەشکراو (Distributed Networked Command)، کە لە بنەڕەتدا لەسەر بەردەوامی، خءگونجان و دژ بە شێوازی بڕینی سەرى هەرەمەکە دامەزراوە.
نوسینەکە دەریدەخات کە ئەم گۆڕانکارییە تەنها لە بواری ڕێکخستندا نییە، بەڵکو: گۆڕانێکی ستراتیژییە لە فەلسەفەی شەڕ ، گۆڕانێکی بنەڕەتییە لە چۆنیەتی بڕیاردان و مۆدێلێکی نوێی هێزە لە شەڕە هاوچەرخەکاندا. 
پێشەکی
لە مێژووی شەڕی نوێدا، ستراتیژیی کوشتنی ڕێبەران یان لێدان لە سەرى هەرەمی سیاسی و سەربازى (Decapitation Strategy) بەکارهاتووە وەک یەکێک لە کاریگەرترین ئامرازەکان بۆ شکاندنی سیستمی فەرماندەیی وڵاتى نەیار، ئەم ستراتیژییە لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراوە کە سیستمی سیاسی و سەربازی وڵاتێک گرێدراوى بوونى ڕێبەر و سەرکردەى سیاسی و سەربازییە و تەنها بە بوونى ئەو دەتوانێت بەردەوام بێت. بەڵام، ئەزموونی بەڕێوەبەردنى شەڕ لە ئێران لە دواى 28 شوباتى 2026دا ئەم گریمانەیەى هەڵوەشاندەوە. ئێران لە دواى ئەو بەروارەوە ڕووبەڕووی کوشتنی ڕێبەرى گشتى، کوشتنى سەرکردە سەربازییەکان، هێرش بۆ سەر بە بنکە فەرماندەییەکان و هەوڵی شکاندنی سیستەمی بڕیاردان بوەوە، بەڵام سیستمەکە نەک تەنها تێکنەچوو، بەڵکو زیاتر خۆی گونجاند و پەرەی سەند و ئەمەش واتە هەڵەیەک لە تێگەیشتن لە بنەمای هێزی ئێران هەیە و پێویستە بە چوارچێوەیەکی نوێی شیکاری هەیە.
یەکەم: چوارچێوەی کارى نوێ
1.تیۆریی سەرکردایەتیی نا ناوەندی: ئەم تیۆریە دەڵێت کە بڕیار لەسیستمە سەربازییەکان لە چەند ئاستێکدا دەدرێت و یەکەکان توانای سەربەخۆیی خۆیان هەیە ئەو جۆرە سیستمە بەهێزترە لە بەرامبەر قەیران،  تواناى گونجاندنى خێراترى هەیە و کەمتر پەیوەندیدارن بە تاک سەرکردەوە.  لە حاڵەتی ئێراندا، ئەم تیۆریە بە شێوەیەکی پراکتیکی بەکارهاتووە.
2.تیۆریی شەڕی تۆڕی: ئەم تیۆریە لە لایەن پێنتاگۆنەوە پەرەپێدراوە، بەڵام ئێران بە شێوەیەکی جیاواز بەکاری هێناوە و بنەماکانى بریتین لە: زانیاری گرنگترە لە هێز، پەیوەندی گرنگترە لە فەرمان و سەرکردایەتى تۆڕ گرنگترە لە شێوازى هەرەمی. لە ئێران بڕیار لە یەک ناوەندەوە نایەت بەڵکو لە تۆڕێکدا دروست دەبێت. 
3.تیۆریی شەڕی تێکەڵ: ئێران یەکێکە لە نموونە هەرە سەرەکییەکان لە تێکەڵ کردنى شەڕی فەرمى لەگەڵ شەڕی نافەرمی، هێزی دەوڵەتی لەگەڵ تۆڕی هێزى ناوچەیی ، سەربازی، سایبیری و دەروونی.
دووەم: گۆڕانی بنەمای سەرکردایەتیی سەربازی
1.لە سیستمی هەرەمى بۆ سیستمی تۆڕی: لە سیستمی کلاسیکدا: سەرکردە + فەرماندە + یەکە . بەڵام لە ئێران: تۆڕ + چەند سەرکردە + یەکەى سەربەخۆ . ئەم گۆڕانکارییە ئەم تایبەتمەندیانەى هەیە:
‌أ.فرەناوەندی: هیچ ناوەندێکی سەرەکى نییە بۆ بڕیاردان، بەڵکو چەند ناوەند هەیە و بڕیار بە شێوەی هاوبەش دروست دەبێت.
‌ب.جێگرەوەی سەرکردە : هەر سەرکردەیەک  چەندین جێگرەوەی هەیە و کوشتنی یەک کەس کاریگەریی سنووردارى هەیە .
‌ج.سەربەخۆیی یەکەکان: یەکەکان دەتوانن بەبێ فەرمانی ڕاستەوخۆ کار بکەن بە زانیاریی گشتی بڕیار بدەن. 
2.سەرکردایەتیی نەبینراو : ئێران هەوڵ دەدات سەرکردە ڕاستەقینەکانى ئەوانەى کە شەڕ بەڕێوەدەبەن بەنەناسراوى بهێڵێتەوە و بەردەوام گۆڕانکارییان تێدا بکات و هێڵی فەرماندەیی ڕوون نەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆى کەمبوونی توانای دوژمن بۆ دیاریکردنی ئامانج و ئاڵۆزی لە شیکاریی هەواڵگری.
سێیەم: پاراستنی کارکردن و شەڕی زانیاری
1.پاراستنی زانیاری : ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵدەدات لەڕێگەى بەکارهێنانی کۆدی ئاڵۆز،  گۆڕینی بەردەوامی شێوازی پەیوەندی کەمکردنەوەی ئامادەبوونی ئەلیکترۆنی پارێزگارى لە زانیارییەکانى بکات.
2.شەڕی دژە ئیشارەیی: ئێران زانیاری هەیە کە (هەواڵگریی ئیشارەیی) یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکان بۆ کوشتن لەبەر ئەوە کاردەکات لەسەر ئەوەى کەمترین بەکارهێنانی مۆبایل هەبێت،  بەکارهێنانی پیام گەیەنەرى مرۆیی و گۆڕینی بەردەوامی لوکەیشن. 
لە کۆتاییدا
دەردەکەوێت کە هێزی ئێران لە سیستمدا کۆکراوەتەوە، نەک لە  تاکە کەسدا  وئەمەش گۆڕانێکی گەورەیە لە فەلسەفەی شەڕ، بنەمای سەرکردایەتی و شێوازی بەرگری.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە