"جاهیل لە ئەقڵی دڵنیایە، زانا لە زانینی بە گومان"

6 کاتژمێر پێش ئێستا

ناسر حەفید


لە وێـرانەدا بـولبـول ناخـوێـنـێـت

(ئەم وتارە دەربارەی "ئێستاش وا دەڵێم"ەکانی سەباح غالب و سەردەمەکەیەتی کە لە کۆڕێکی مەڵبەندی کوردۆلۆجییدا وتوونی.#)

مەبەست دەهزرێت مێژوو ناهزرێت
مێژوو ناشێوێت، ئەوەی دەشێوێت تێگەشتنی خەڵکێکە دەربارەی مێژوویەک
دالی دۆلار (دد) هەر خۆی پێ دەشکێت (#)
مێش هەڵوێست لە گوڵ دەگرێت هەنگ لە تەپاڵە
هەر کەسێک پاڵ بە بەردەقارەمانەوە بنێت پاشەڵی قوڕاویی دەبێت


سەباح غالب بە دەنگێکی غوباب دەڵێت: "دەبێت خەڵکی کورد ئەوە بزانێت کە پەیمانی سیڤەر، ئەو سێ بەندەی کە پەیوەندیی بە کوردەوە هەیە بەرهەمی تێکۆشانی کورد نیە. بەرهەمی ئەقڵی کورد نیە. بەرهەمی سیاسەتی کورد نیە. بەرهەمی چەک و جبەخانەی شۆڕشی کورد نیە. بەرهەمی ئینگلیزە. ئەمە ئینگلیز کردوویەتی."
یەکەم، کێ وتوویەتی کە ئەو سێ بەندە بەرهەمی ئەقڵ، سیاسەت، چەک و جبەخانەی شۆڕشی کوردە؟ بەندەکانی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش ودرۆد وڵسن دەربارەی مافی گەلان، بە گوزارشتی سەباح، بەرهەمی تێکۆشان و ئەقڵی کورد نین. شاخی گوێژە و بارانیش کە دەبارێت بەرهەمی کورد نین، کورد دەبێت ئەمانەش بزانێت. سەباح بەو قسانەی خاڵێکی پوچەڵ دەدات بە خۆی. بەڵام ئەم قسە و هزراندنانە بەرهەمی ئەقڵی سەباحن، بە دەرن لە زانست و زانیاریی.
دوهەم، مێژوو بەو جۆرە نیە کە رێکەوتننامەیەکی وەکو سیڤەر کە لە نێوانی دەوڵەتە هاوپەیمانەکان و وڵاتی عوسمانییدا مۆر کرا، بە بەرهەم تێی بگەیت. رێکەوتننامەکە لە نێوان بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتالیا و یۆنان لە لایەک و وڵاتی عوسمانیی لە لایەکەی دیەوە مۆر کرا. ئەو سێ بەندەی رێکەوتننامەکە کولیچە نە بوون بوترێت بەرهەمی  فاتمەخان بوون یاخود هێلکە نین بوترێت مریشکە رەشە کردوونی. کوردیش لە سەر مێزی مۆرکردنی پەیمانی سیڤەر نە بووە هەتا سەباح غالب ئێستا لە کوردی بگەیەنێت کە ئەوە ئینگلیز بوو نەک کورد، بە زمانی سەباح ئەو سێ بەندەی کرد.
ئایا سەباح غالب بە چ مەبەستێک ئەو قسانە دەکات؟ بابەتەکەی سەباح غالب مەبەستەکانێتی نەک مێژوو. مەبەست دەهزرێت لێ مێژوو ناهزرێت. وەکو کاتی خۆی بۆ د.کەمال مەزهەرم نوسیبوو: "مێژوو بە بیری قووڵ نانوسرێتەوە دوکتۆر کەمال مەزهەر!"
سێیەم، سەباح غالب ئیشی بەم بەندانەیە کە تۆپەڵیان بکات و بیانگرێتە خەباتی مەلیک مەحمود. دەیەوێت بڵێت ئەوەتا ئینگلیز لە سیڤەردا ئەو بەندانەی بۆ کورد کرد، بەڵام مەلیک مەحمود بو بە هۆی ئەوەی کە ئامانجەکەی ئینگلیز سەری نە گرت.
چوارەم، ئەو سێ هێلکەیەی کە بە قسەی سەباح ئینگلیز لە سەر مێزی پەیماننامەی سیڤەر کردنی، پیس دەر چون، هیچیان هەڵ نە هێنا. لە رێکەوتننامەی لۆزاندا ساڵی ١٩٢٣ مافی کورد و ئەرمەن سڕانەوە. هەر سەباح غالب خۆی دەربارەی ئەم رێکەوتننامەیە و بەندە کردووەکانی ئینگلیز پێشتر لە وتارێکدا بابەتەکە لە مێشکیدا دەهاڕێ و دەیسەباحێنێت:
"لە سیڤەردا بڕیاری دامەزراندنی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان هەبوو، بەڵام هێندە مەرجی تێدا بوو کە بۆ ئەو کاتی کورد و ئێستاشی لەگەڵدا بێ و دوای ١٠٢ ساڵ تێپەڕبوون بە سەر ئەو پەیمانەدا، کورد و حیزبەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان، بێ بواردن و ئەم و ئەو هەرگیز ناتوانن لە ئاستی جێبەجێ کردنیدا بن (١)."
بۆ کەسێک کە شمشێری مقەبای هزراندنی هەڵ کێشابێت، ئەو قسانە بە بێ گرفت دەکرێن. بەڵام سەباح ئەو راستییەش دەخاتە بەر چاو کە بەندەکان قسەی سەر کاغەز بوون.
کەواتە ئەمە بانێکە و دو هەوا. لە لایەکەوە بە سیڤەر و ٣ هێلکەکەی بەریتانیادا هەڵ دەدا و لە لایەکی ترەوە لەگەڵ ئەوەیە کە هێلکەکان پیس دەر چون. سەباح بەم "بانێکە و دو هەوا"یە هێلکە پیسەکانی ئینگلیز لە سەری خۆیدا دەشکێنێت. چونکە لە زانستدا ئەگەر بابەتیک ناکۆکیی تیادا بوو سکوت دەکات. ئیتر قسەی لە سەر ناکرێت. بەڵام بۆ سەباح و ئەوانەی گوێی لێ دەگرن ئەوە کەی گرفتە؟ ئایا سەباح باکی بە یاسا و ئامرازی زانستیی هەیە؟ مادام دەستەڵاتی لە پشتە، هەموو ئەو دەزگا و کەسانەی کە سەریان بۆ دەستەڵات هەڵ گرتووە حەز دەکەن بەو شێوەیە بێت کە سەباحی ئەکادیمیست بۆیان دەهزرێت.
داگیرکردنی باشوری کوردستان
سوپای به‌ریتانیی له‌ مانگی دوانزه‌ی ساڵی (١٩١٧)دا خانه‌قینی گرت. هه‌روه‌ها رۆژی ٢٨/٠٤/١٩١٨ کفری گرت و رۆژی دوایی له‌ (٢٩)ی ئه‌پریلدا توزخورماتو و له‌ رۆژی (٠٧/٠٥/١٩١٨)شدا که‌رکوکی داگیرکرد.
شێخ مه‌حمود و که‌سانی تری سیاسیی و ئازادیخوازیش که‌وتبوونه‌ په‌یوه‌ندیی، کۆبوونه‌وه‌ و نامه‌گۆڕینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی ئینگلیزدا له‌ خانه‌قین، کفری و به‌غداد. شێخ مه‌حمود نامه‌یه‌کی نارد بۆ "وڵسن"ی نائیبی حاکمی گشتیی عێراق. له‌ نامه‌که‌یدا نوسی:
"مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌کان له‌ جه‌نگدا، هه‌ر وه‌کو له‌ به‌یاننامه‌که‌ی سه‌رکۆماری ئه‌مریکا و چه‌رچڵی شالیاری به‌ریتانیادا هاتووه‌، داننانه‌ به‌ مافی گه‌له‌ مافخوراوه‌کان و سه‌ربه‌خۆییاندا. ئێمه‌ به‌ پێی باوه‌ڕمان به‌م به‌یاننامه‌یه‌ و به‌ڵێنه‌کانی ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌کان هیوامان وایه‌ به ‌چاوێکی سۆزه‌وه‌ سه‌یری مه‌سه‌له‌که‌مان بکرێت و له‌ رزگارکردنی کوردستان و ده‌رکردنی تورک و بڵاوکردنه‌وه‌ی بانگی سه‌ربه‌خۆییدا یارمه‌تییمان بده‌ن."
باوه‌ڕپێکراوی کوردان
حه‌فیدزاده‌ مه‌حمود (٢)
ولسن ده‌رباره‌ی ئه‌م نامه‌یه‌ نوسیوویه‌تی که‌ نامه‌که‌ بریتیی بوو له‌ پیرۆزبایی سه‌رکه‌وتنی به‌ریتانیی و چاوه‌ڕانیی کورد بۆ بوژانه‌وه‌ له‌ ژێر سایه‌ی حوکمی به‌ریتانییدا. جگه‌ له‌مه‌ له‌ نامه‌که‌دا شێخ مه‌حمود تکای لێ کردووه‌ زامنی ته‌واوی ئه‌وه‌ بکات که‌ له‌ ژێر هیچ باروزروفێکدا رێگا نه‌درێت ده‌سه‌ڵاتی عوسمانیی جارێکی تر بگه‌ڕێته‌وه‌ کوردستان. ئینگلیزه‌کان وه‌ڵامیان بۆ شێخ مه‌حمود نارد که‌ نوێنه‌ری ئه‌وان بێت. لە نامەکەدا دەر دەکەوێت کە کورد و شێخ مەحمود داوای یارمەتیی لە ئینگلیز دەکەن بۆ سەربەخۆیی و رزگارییان. واتە ئامادەیی سەربەخۆیی و رزگارییەکە لە لای کوردەوەیە و ئینگلیز بە حساب یارمەتیدەربن بە پێی ئەو گفتانەی کە دابوویان بە میللەتان.
شێخ مه‌حمود و لایه‌نگرانی که‌وتنه‌ خۆئاماده‌کردن بۆ راپه‌ڕینێک دژی تورکه‌کان و ده‌رکردنیان له‌ کوردستاندا. بەڵام هاوکات رۆژی ٢٤/٠٥/١٩١٨ ئینگلیزەکان له‌ شاری که‌رکوک کشانه‌وه‌ بۆ بێجی. عوسمانییه‌کان چونه‌وه‌ ناو که‌رکوک. فه‌رمانده‌ی سوپای شه‌ش "خه‌لیل پاشا" فه‌رمانی دا به‌ سه‌رکرده‌ی هێزی عوسمانیی له‌ سلێمانی "مسته‌فا به‌گ" که‌ شێخ مه‌حمود بگرێت. دادگای سه‌ربازیی تورک رۆژی ٣٠/٠٨/١٩١٨ بڕیاری له‌ناوبردنی مەلیک مەحمودی دا. له‌م کاته‌دا جه‌نه‌ڕاڵ عه‌لی ئیحسان پاشا بو به‌ فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی شه‌شی سوپای عوسمانیی.
عه‌لی ئیحسان پاشا که‌ له‌ ئه‌سته‌نبوڵه‌وه‌ گه‌شته‌ موسڵ حوکمه‌که‌ی لا برد، چاوی که‌وت به‌ شێخ و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ روتبه‌ی مارشاڵی پێ به‌خشی. شێخ مەحمود له‌ موسڵه‌وه‌ گه‌شته‌ که‌رکوک و له‌وێوه‌ بۆ سلێمانی. عه‌لی ئیحسان پاشا فه‌رمانی ده‌ر کرد بۆ سه‌رکرده‌ی "حامیه‌ی سلێمانی" که‌ چه‌ک و تفاقی پێویست بدات بە شێخ مەحمود بۆ دروستکردنی سوپایەکی میللی.
به‌ڵام ئایا شێخ مه‌حمود چۆن ئه‌و ئاوڕلێدانه‌وه‌یه‌ی عوسمانییه‌کان لێک ده‌داته‌وه‌ و چۆن هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌م پله‌وپایه‌یه‌دا ده‌کات که‌ عوسمانییه‌کان پێیان به‌خشی؟ شێخ مه‌حمود له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:
"تورک ویستی سودم لێ وه‌ر بگرێت، چونکه‌ پێویستی به‌ من بوو، منیان زۆر به‌ رێزه‌وه‌ نارده‌وه‌ بۆ وڵاته‌که‌م، بەڵام هاتنه‌وه‌ی منیش بۆ ئه‌وه‌ بوو بتوانم پشتگیرییتان بکه‌م و(روی دەمی لە میللەتە) رێگه‌یه‌ک بدۆزینه‌وه‌ تا بگه‌ینه‌ ئه‌و هیوایه‌ی بۆی تێ ده‌کۆشین."
رێککه‌وتنی کورد و ئینگلیز ساڵی 1918
شێخ مه‌حمود که‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سلێمانی په‌یوه‌ندیی کرد به‌ ژماره‌یه‌ک سه‌رۆکهۆز و سیاسیی و وڵاتپارێزه‌وه‌. له‌ ماڵی سه‌ید عومه‌ری مامی کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان کرد و بڕیاریان دا کۆده‌تایه‌ک دژی عوسمانییه‌کان رێک بخه‌ن، خاکه‌که‌یان له‌ تورکه‌کان پاک بکه‌نه‌وه‌ و به‌ پشتگیریی هاوپه‌یمانه‌کان به‌ گشتیی و ئینگلیز به‌ تایبه‌تی که‌ له‌ خاکه‌که‌دا بوو سه‌ربه‌خۆیی کوردستان به‌ ده‌ست بهێنن. ئه‌م نیازه‌ش ته‌ریب بوو به‌و هه‌وای پڕوپاگه‌نده‌یه‌ی که‌ هاوپه‌یمانه‌کان و به‌نده‌کانی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکیی ودرود ولسن ده‌رباره‌ی مافی مرۆڤ و سه‌ربه‌خۆیی گه‌لان خستبوویانە مەیدانەوە.
له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا بڕیاریان دا که‌ وه‌فدێک بنێرن بۆ کفری بۆ لای ئینگلیزه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش په‌یوه‌ندیی بکه‌ن به‌ و(لسن)ی جێگری حاکمی گشتیی عێراقه‌وه‌. گفتوگۆی به‌شداربووان ئه‌وه‌شی خسته‌ به‌ر چاو که‌ رێتێچوونی ناڕاستیی ئینگلیزه‌کانیش له‌ به‌ر چاو بگیرێت. وه‌فده‌که‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تیی "فایه‌ق تۆفیق" ناسراو به‌ فایه‌قی تاپۆ و ئه‌ندامه‌تیی "عیزه‌ت تۆپچی" و "تایه‌ر ئه‌فه‌ندی" رێکخرا و چوو بۆ کفری. له‌وێوه‌ په‌یوه‌ندییان کرت به‌ (ولسن)ه‌وه‌. ئه‌م گفتوگۆیه‌ ره‌نگه‌ بتوانرێت به‌ یه‌که‌م گفتوگۆی کورد له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌کان له ‌قه‌ڵه‌م بدرێت.
وه‌فده‌که‌ی کورد به‌ سه‌رۆکایه‌تیی فایه‌قی تاپۆ له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌کاندا له ‌سه‌ر پێنج بەند رێکەوتن کە لە بەر درێژەنەدان بە وتارەکە باسیان ناکەین. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌فده‌که‌ له ‌کفری شێخ مه‌حمود و هاوپه‌یمانه‌کانی کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان به‌ نهێنیی له‌ سلێمانی کرد و بڕیاری کۆده‌تایه‌کی سه‌ربازییان دا دژی تورک. تورکه‌کان به‌مه‌یان زانی و سه‌رئه‌نجام له ‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێکه‌وتن که‌ هێزه‌کانی تورک بێ شه‌ڕ خۆیان بده‌ن به ‌ده‌سته‌وه‌ به ‌مه‌رجێک چه‌کیان نه‌که‌ن و نه‌یان ده‌نه‌ ده‌ست ئینگلیز.
حوکمداریی یه‌که‌می شێخ مه‌حمود 1918
مێجه‌ڕ نۆئێل له‌ کفرییه‌وه‌ هات بۆ داریکه‌لی و له‌وێشه‌وه‌ رۆژی (١٦)ی مانگ گه‌شته‌ سلێمانی. نۆئێل به ‌بێ هێزی سه‌ربازیی ژماره‌یه‌ک که‌سی له‌ دوکتۆر، ئه‌ندازیار و پسپۆڕی تر له‌گه‌ڵدا بوو. پێشوازییەکی گەرم و پڕهیوای لە لایەن کوردەوە لێ کرا. رۆژی دوایی (١٧)ی مانگی یانزه‌ی ساڵی (١٩١٨) کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌ سلێمانی ساس کرا. مێجه‌ڕ نۆئێل به‌ پێی ئه‌و فه‌رمانه‌ی له‌ ولسنی حاکمی گشتی عێراقه‌وه‌ وه‌ری گرتبوو به‌ زمانی فارسی را یگه‌یاند که‌ شێخ مه‌حمود حوکمداری کوردستانه‌. سەباح غالب لە کتێبەکەیدا دەنوسێت کە مێجەڕ نۆئێل لە نامەیەکەدا نوسیوویەتی: "بێ هاوکاریی و یارمەتیی تەواوی ئەو (شێخ مەحمود)، کە ئێستا بە پیرمانەوە هاتووە، دەبووایە ئێمە لەشکرێکی بەهێز بنێرین (٣)."
لە راستییدا هەر لە رێنماییەکانی وڵسندا بۆ نۆئێل دەر دەکەوێت کە ئینگلیزەکان دەیانوسیت لە هەر ناوچەیەکەدا سەرکردەیەکی ناوچەکە بکەن بە دەستەڵاتدار و داردەستی خۆیان بۆ ئەوەی لە رێگای ئەو داردەستە دەستەڵاتدارەوە کۆنترۆڵی ناوچەکان بکرێن و فەرمانەکانی ئینگلیزەکان جێبەجێ بکرێن. سیاسەتی سەربەخۆیی کوردستان و حوکمدارییەکەی، لایەنی کورد و شێخ مەحمود هێنابوویانە مەیدانەوە. ئەم دو ئامانجە جیاوازەی کورد و ئینگلیز، سەربەخۆیی کورد بەرانبەر بە داگیرکاریی ئینگلیزەکان، خاڵی ناکۆکیی بوو کە لە مایسی ساڵی (١٩١٩)دا تەقیەوە.
ئەمە بە کورتیی راڤەی پێکهێنانی حکومەتی یەکەمی کوردستان بوو. سەباح غالبی ئەکادیمیست و راوێژکاری مەسعود بەرزانی ئەم بابەتە لە قاڵبی گوێزێک دەدا و بۆ رۆژ دەهزرێت و دەڵێت:
"هەلومەرجی ئەوەی کە حکومەتی کوردستان کە لە ١٧/١١/١٩١٨دا هەتا ٢٢/٠٥/١٩١٩ دامەزرا، ئەمە ئینگلیز دروستی کردووە. نە بە چەک و جبەخانەی شێخ مەحمود کراوە نە بە ئەقڵی کورد کراوە. نە بە تێکۆشانی کورد کراوە. ئەمە ئینگلیز دروستی کردووە." ئەی دوای گیرانی مەلیک مەحمود بە برینداریی لە دەربەندی بازیان، حکومەتە دروستکراوەکەی ئینگلیز چی بە سەرهات، بۆ کوێ چو؟
سەباح غالب هەروەها لە وتارێکیدا بۆ مەلیک مەحمود دەنوسێت: "لەسەرەتادا، بە کاریگەرى ئینگلیز تێکەڵاوکرا بە مێژووى کورد، دواتر خۆشى بە شێوەیەک، شتێکى خستۆتە سەر جۆرێک لە هەوڵدانى سیاسى و هەندێک داخوازى بەشێکى کورد (٤)."
سەباح غالبی ئەکادیمیست لە بەشی یەکەمی قسەکەیدا لە سەر کێشی تێکەڵاوکردنی ئاردی جۆ لەگەڵ ئاردی گەنمدا، شێخ مەحمود تێکەڵ بە مێژوو دەکات. لە بەشی دووەمی قسەکانیشیدا ئەو بناغەیە دێتە بەر چاو کە کەسێک پیتاکی بۆ بکەن بۆ مەبەستێک و ئەو کەسە خۆشی شتێکی بخاتە سەر. ئەمە بە ئارەزوهزراندنی ئەقڵێکی رووتی بە دەر لە مێتود و زانستە کە مێژووش لە سەر قاڵبی تاقیکردنەوەکانی ژیانی تایبەتی خۆی دا دەڕێژێت.
درۆکانی ئینگلیز و نۆکەرەکانی
سەباح بەو هەوایەی کە لە ژێر سەریدایە ئنجا دەڵێت: "ئێستاش بە لای منەوە وایە کە شێخ مەحمود نەیتوانیووە ببێت بەو حاکمە." کام حاکم و بۆ و چۆن؟ سەباح سەری با دەدا و دەڵێت: "ئەمە عەیبە نیە بۆ ئەو، عەیبەیە بۆ قۆناغەکە پێش ئەوەی عەیبە بێت بۆ شێخ مەحمود." عەیبە و قۆناغ، ئاگادار بن ئەمانە بەرهەمی ئەقڵی سەباحن، هی کورد نین. عەیب لە قۆناغەکەماندا بوو بۆیە لە سایەی ئینگلیزەکاندا نە بوین بە دەوڵەت. مەڕمیللەت نەک لۆری سەباحیاتیش بە ئەقڵیدا دەچێت.
 سەباح لە ئاخاوتنەکەیدا قسە بە خۆی دەبڕێت، زۆر لای گرنگە کە قسەیەک لە کتێبەکەیدا فەلسەفانوویەتی، لە کۆڕەکەشدا بیڵێتەوە.  ناوبراو دەڵێت: "من لە کۆتایی ئەو کتێبەدا مێژووی کورد و کوردستان کە باسم کردووە بریتیە لە چی؟ بریتیە لەوەی کە دەڵێم: کورد حکومەتی بۆ دروست کرا بەڵام حوکمداری نە بوو. ئێستاش وا دەڵێم."
داخەکەم سەباح غالب لەو سەردەمەدا نە بوو. ئەم قسە بێ بەڵگە و بێ ناوەڕۆکانە جێگا بۆ ئەوە خۆش دەکەن کە سەباح لە بنەڕەتدا بڵێت کە ئەو حوکمدارییە کەسێکی دانا و لێهاتووی وەکو سەباحی غالبی لێ کەم بوو. چونکە چەندەها کەسی ناسراوی نۆکەری ئینگلیزیش هەبوون کە بۆ ئینگلیز بون بە وەزیر و بوونیادنەری سوپای کوردکوژ و کارهەڵسوڕێنەری دی لە نمونەی ئەمین زەکی بەگ و تۆفیق وەهبی. هەر سەباح لەوێ نە بوو کە کلیلی قفڵەکە بوو. حەیف بۆیە کورد نە بوو بە دەوڵەت. ئەگینا کورد لە سەرەی دەوڵەتدا، بە قسەی سەباح، ژمارە یەک بوو.
سەباحی ئەکادیمیست و راوێژکاری کاک مەسعود بارزانی هەروەها دەڵێت: "کورد لێپرسینەوەی بۆ دروست کرا، بەڵام لێپرسراوی نە بوو. ئێستاش هەر وا دەڵێم. نەیتوانی مامەڵە بکات." ئەم بیرانە چۆن، بۆ و لە کوێوە هاتوون؟
سەباح دەڵێی باسی شوتیفرۆشێک دەکات کە باوکی دوکانی بۆ دا نابێت و بەڵام ئەو زو زو دوکانەکەی بەجێ هێشتبێت و نەشیتوانیبێت باش شوتیەکان بە هەرزان بکڕێت و بە گرانتر بیانفرۆشێتەوە. سەباح کە پێشتر ئەم قسانەی کردوون، دەڵێت ئێستاش هەر وا دەڵێم. ئەمە قسەیەکی خۆم بیر دەخاتەوە کە نوسیوومە: "جاهیل لە ئەقڵی دڵنیایە، زانا لە زانینی بە گومان."
سەباح بەم هزرانەی دەیەوێت ئینگلیز بەو هەموو داگیرکاریی و بێشەرەفییانەوە، وەکو کورسی کۆن ئیسپرتۆ بکاتەوە. ئاخر لادانی رەفتار نەبێت، چ شتێک مرۆڤ دەخاتە سەر هەوای ئەو قسانەی کە سەباح و کلکەکانی دەیانکەن؟ ئینگلیزەکان لە کوردستاندا تەنانەت مریشک و ئاژەڵی جوتیارانیشیان بۆردومان دەکرد. نە ئینگلیز خۆیان و نە هەموو دنیا نکۆڵیی لە داگیرکاریی گەلان و وڵاتان ناکەن لە لایەن ئینگلیزەکانەوە. بە گوێرەی مێژوونوس ستیوارد لەیکۆک (٩٠٪)ی وڵاتانی سەربەخۆی ئێستا لە لایەن بەریتانیاوە یان داگیر کرابوو یان بەریتانیا سوپای تیایاندا هەبووە. ئەمەش کردوویەتیە نزیکەی ١٧١ وڵات لە کۆی ١٩٣ وڵات. تەنها ٢٢ وڵات هەرگیز ئینگلیز داگیری نە کردوون. یان بە ئەقڵی سەباح ئینگلیز تەنها بۆ ٢٢ میللەت وڵاتی دروست نە کردووە. ئەگینا بۆ ١٧١ میللەت دەوڵەتی دروست کردووە لەوانە هندستانی گاندی. شێخ قادری حەفید کە دژایەتیی ئینگلیزەکانی نە کردووە و لەگەڵ مەلیک مەحمودی برای نە بووە، دەربارەیان دەڵێت:
"هەتا ئینگلیز نەهاتبووە ناومان نە ئەوەندە دەرد نە ئەوەندە درۆ و ناپاکیی هەبوو، خۆزگە بەو خاکەی کە ئینگلیزی تیادا نیە و پیایدا نە ڕۆشتووە، کە هات و پیایدا رۆشت ئیتر ئەو خاکە لە بنج دەر دێنێت (٥)."
سەباح کە ئێستا خۆی راوێژکاری مەسعود بارزانی و بندیواری حکومەتی هەرێمە، ئەوەشی نە خستۆتە رو ئەگەر مەلیک مەحمودی بەراورد کردبێت بە کاک مەسعود بارزانی. ئایا بە گوێرەی کام پێوەرانەی حوکمدارییەکەی هەرێم، مەلیک مەحمود کورتی هێناوە؟
سەباح غالبی ئەکادیمیست دەست دەکات بە خۆیدا و بە حسابی خۆی کۆڵەکە دەداتە بەر هزرەکانی و دەڵێت:
"دەنا پێش ئەوەی دەوڵەت هەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێش ئەوەی تورکیا هەبێت، پێش ئەوەی ئێرانی تازە هەبێت، پێش ئەوەی سوریا و فەلەستین و ئوردون و سعودی عەرەبی و عێراق هەبێت یەکەم لایەنێک یەکەم میللەتێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوە کورد بوو کە ئینگلیز دەوڵەتی بۆ دروست کرد. بەڵام بە داخەوە کورد لەو ئاستەدا نە بوو کە بتوانێت پەرەی پێ بدات و ببێت بەو دەوڵەتەی وەکو ئەوانەی کە هەبوون."
سەباح غالب ئەمەشی لەگەڵ سەرەی هێلکە یاخود سەرەی خانوودا لێ تێک چووە. وا لە مێژوو گەیشتووە وەکو ئەوەی کە ئینگلیزەکان هاتبن و گەلانیان ریز کردبن بۆ دەوڵەت. کورد لەم سەرەیەدا ژمارە یەک بووە کە چی بە هۆی بێموبالاتیی خۆیەوە سەرەکەی سوتاوە. ئەگینا کورد پێش فەلەستین، عێراق، ئوردن و سعودیە بووە. تورکیا کە لە دابەشکردنی قەڵەمڕەوی عوسمانییەوە مایەوە، سەباح دەڵێت تورکیا نە بوو. ئێران کە شانبەشانی قەڵەمڕەوی عوسمانیی هەبوو، سەباح لەم سەرەیەدا تازەی دەکاتەوە و دەڵێت ئێرانی تازە نە بوو. وڵاتە عەرەبییەکانیش لە ئاکامی دابەشکردنی دەوڵەتی عوسمانییەوە لە نێوانی براوەکانی جەنگدا دروست بون. ئەگینا پرەنسیپەکەیان ئەوە نە بوو دەوڵەت بۆ میللەتان دروست بکەن. بە پێچەوانەوە، عەرەبستانیش لە ناو قەپی وڵاتە کۆلۆنیالیستەکاندا لەت لەت کرا. سەباح و زۆربەی روناکبیران تا ئێستاش وا حاڵی کراون کە دەوڵەت بۆ گەلەکانیان دروست کراوە.
سەباح دەهزرێت کە یەکەم میللەت کورد بوو کە ئینگلیز حکومەتی بۆ دروست کرد بەڵام کورد نەیتوانی پەرەی پێ بدات و ببێت بەو دەوڵەتەی وەکو ئەوانەی کە هەن. وەکو ئەوەی ئینگلیزەکان خاکی کوردیان بە جێ هێشتبێت بۆ کورد خۆی سەرپشک بێت چی دەکات. ئەی ئینگلیزەکان بۆ گیانی کێ سوپای عێراقیان پێک هێنا کە ئەمین زەکی بەگ لە دامەزرێنەرانی بوو. ئەی فڕۆکەکانی ئینگلیز کە کوردستانیان بۆمباباران دەکرد بە ئەقڵی سەباح بۆ ئەوە بوون کە کورد گەشە بە حکومەتەکەیان بدەن و شێخ مەحمود نەی دەهێشت؟ سەرچاوەی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەی ناو کورد ناگەڕێتەوە بۆ خراپیی مێشک، خودی مێشک هێندە خراب نیە مرۆڤ بتوانێت هێندە پێی گەوج ببێت. بەڵکو گرفتەکە لە شوێنێکی دیدایە کە ئەوەش بابەتێکە بۆ خۆی.
لە بنەڕەتدا هیچ کەسێک هێندە نەفام نیە بەو شێوەیەی سەباح لە دنیا تێ بگات. کێشەکە لەخشتەبردنی خەڵکە دەربارەی مێژوویەک کە شەرمەزاریی ئەم سەردەمە دەر دەخات. سەباحیش ئیشی بە زانست و مێژوو نیە. دەیەوێت لە ناو ئەم گەندەڵییەی باشوردا، بە سەر بێ موچەیی مامۆستایان و فەرمانبەراندا، بێ پشک نەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش بە بنێشت دالێکی دۆلاری (دد) نوساندووە بە خۆیەوە و بەو هەوایەی کە لە ژێر سەریدایە چۆنی بۆ باش بێت ئاوا دەهزرێت بە بێ ئەوەی رەحم بە خۆی بکات.
فاکتەری سەردەم لە مێژوودا
فاکتەری دەستەڵات کاریگەرە لە سەر ئەوەی کە خەڵک چۆن لە دنیا و دیاردەکان تێ بگەن. بە شێوەیەک کە وتراوە مێژوو دەستەڵاتی براوە دەینوسێتەوە. شاعیری کۆچکردوو رەفیق سابیر لەم بارەیەوە دەڵێت: "کێ دەڵێت مێژوو شمشێرێک و قەڵەمێکی خوێڕی ناینوسنەوە؟" میشیل فۆكۆ دەڵێت: "هەموو کۆمەڵگایەک رژێمێکی دەستەڵاتی خۆی هەیە بۆ راستیی (٦)." لەگەڵ ئەوەدا کە دەستەڵات بە گوێرەی سیاسەت و بەرژەوەندیی خۆی واتا دەبەخشێت بە بابەتەکان، جەماوەرێکیش دەخاتە سەر ئەو رێگایەی کە بە چ شێوەیەک لە بەرژەوەندییان بێت بیر بکەنەوە و راستیی ببینن یان نەیبینن. بە رستەیەکی دی، مێژوو لە سیاسەت و فاکتەری ترەوە ئاڵاوە کە لێرەدا جێگا نیە بۆ باسکردن لەو فاکتەرانە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا "راستیی رەها" بە فۆرماندنی گوێرەیی نابێت بە شتێکی دی. زەوی بەوە پان نابێت ئەگەر دەستەڵاتێک لە خەڵکەکەی بگەیەنێت کە ئەرز خڕ نیە. بەڵام دەتوانێت ئەو راستییە گوێرەییە لای خەڵک دروست بکات کە خەڵک لایان وا بێت ئەرز پانە. کەواتە لێرەدا دو جۆر راستیی دەخەمە بەر چاو:
یەکەم، راستیی رەها کە بوونێکی ئارایی هەیە بە حوکمی خودی خۆی، بە بێ ئەوەی بەند بێت بە هۆکاری دەرەکییەوە.
دوهەم، راستیی فۆرماو  کە بریتیە لەو فۆرم و شێواندنە گوێرەییەی دەبێت بە تێگەشتنی سەردەم یان جەماوەرێکی زۆر دەربارەی راستییە رەهاکە.
ئەوەی پەیوەندیی بە راستیی رەهاوەیە بابەتی زانست و مێژووە. بەڵام ئەوەی لە راستیی فۆرماو دەدوێت باس لە ژمارەیەک فاکتەر دەکات تەنها مێژوو نەبێت. لەوانە، باس لە مەبەستی کەسەکە، ویستی سەردەمەکە، ئایدۆلۆجیی و دەستەڵات دەکات..هتد
ئینگلیزەکان جگە لە چەک و بۆمباران ئامرازی سیاسیی و جاسوسییشیان بە کار هێنا دژی مەلیک مەحمود و دەوڵەتی کوردیی. رۆژنامەی تایبەتیان دەر کرد بۆ شێواندنی راستیی مەلیک مەحمود و بزووتنەوەکەی. منەوەرە خۆفرۆشەکانی کورد لەم هەڵمەتی دژایەتییەدا بەشدار بوون. بە شێوەیەک کە گاڵتەیان بە دەوڵەتی کوردیی دەکرد و درۆیان هەڵ دەبەست. "لە خەوما"ی جەمیل سائیب کە ژمارەیەک روناکبیری جاهیل وایان پێ باشە چیرۆک بێت، یەکێک لەو درۆ و هەڵبەستانە بوو کە ئینگلیزەکان بە دەمێکی کوردیی پەخشیان دەکرد. پڕوپاگەندەکانی ئینگلیز ئەمە سەد ساڵە وەکو داخی سەر سمتی رەشەوڵاخ بە ئەقڵی شکاوی زۆربەی روناکبیرانەوە چەسپیووە. ئینگلیزەکان لە رێگای درۆ و هەڵبەستەکانیانەوە هوشیاریی جەماوەریان بردۆتە ئاستێکی هێندە نزم کە مرۆڤ شەرم لە خۆی بکات چۆن مرۆڤ دەتوانێت هێندە گەوج ببێت. کورد بە گشتیی تا ئێستاش ئەمە بە ئیهانە نازانێت کە ئینگلیزەکان و نۆکەرەکانیان رادەی ئەقڵی کوردیان بەو جۆرە خوێندۆتەوە کە قسەڵۆکی لەم جۆرانەی خوارەوەی تیادا سەوز ببێت:
"کورد بۆیە نە بوو بە دەوڵەت چونکە شێخ مەحمود ئامادە نە بوو تەوقەیان لەگەڵدا بکات. شێخ مەحمود فەقیانەکەی لە دەستیەوە دەئاڵاند کە تەوقەی لەگەڵ ئینگلیزەکان دەکرد، لای وابوو غەیرە دینن. شێخ مەحمود لە هەر شوێنێک میزی کردبێت ئیتر ئەو ئەرزەی تاپۆ کردووە لە سەر خۆی. ئینگلیز بۆیە کوردی نە کرد بە دەوڵەت چونکە شێخ مەحمود نامەی ناردبوو بۆ تورکەکان. شێخ مەحمود لە پێش هەموو شتێکدا کەسێکی ئاینیی بوو. شێخ مەحمود رقی لە خوێندەوار بوو. جەمال عیرفانی روناکبیر و زانا شێخ مەحمود کوشتی. شێخ مەحمود چو بۆ شەڕی شوعەیبە ئیتر (بە قسەی د.کەمال مەزهەر) ئینگلیز چۆن دژی کورد نەبێت (٧)؟..هتد"
هزرەکانی ئەکادیمیست سەباح غالب جوینەوەی ئەو جۆرە تۆمەت و گەوجبوونانەن:
"ئینگلیز حکومەتی بۆ کورد دروست کرد بەڵام کورد حوکمداری نە بوو. ئینگلیز بەرپرسیاریی بۆ کورد دا نا بەڵام بەرپرسیار نە بوو. ئینگلیز لە پێش هەموو میللەتێکدا حکومەتی بۆ کورد دا مەزراند بەڵام کورد گەشەی پێ نە دا ببێت بە دەوڵەت وەکو ئەوانی دی. ئینگلیز ویستی کورد ببێت بە دەوڵەت بەڵام عەیب لە قۆناغەکەدا بوو."
هەروەها دد.سەباحی غالب لە کتێبەکەیدا دەهزرێت:
"تا ئێستاش لایەنە ئاڵۆزی و ناجۆرییەکانی جوڵانەوەکانی شێخ مەحمود، بوونەتە هۆی باجدانی خەڵکی کورد لە باشووری کوردستان بە تایبەتی و لە سەر ئاستی هەموو کوردستان بە گشتی."
"شێخ مەحمود ئیسلامی تەنیا وەک خوداپەرستی وملدانی بێ ئەملا و ئەولای بۆ خەلیفە و دەوڵەتی تورک دەناسی. هەر ئەوەش وای لێکردبوو کە لە ساڵانی جەنگی یەکەمدا و دوای شەڕیش، دڵی بۆ رژێمی عوسمانیی تورک و کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی و خەلیفە و تەنانەت مستەفا کەمال پاشاش لێبدا و هاوکارییان بکات. چیشی پێکرا بۆ پشتیوانییان درێغی نەدەکرد."
"شێخ مەحمود هەمیشە بە هەستی برایانەی موسڵمانێتی، ویستی خزمەتکردنی دەوڵەتی عوسمانی و تورکی داوە بە سەر چارەنووس و بەرژەوەندیی کورددا (٨)."
دد.سەباحی غالب لە کتێبەکەیدا بە بێ ئەوەی شتێک بۆ خۆی بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی با نەیبات، گەلێک تۆمەت، وێنەی شێواوی راستیی و هێرشی بۆ سەر مەلیک مەحمود بە کار هێناوە کە لێرەدا شوێنی باسیان نیە. ئەو قسانەی دد.سەباح دەیانفرۆشێت، هەر دەستەڵاتێک بیانکڕێت لە شەرمەزاریی بەوە لاوە هیچی تری لە مێژوودا پێ وەر ناگرێت.
هزراندنەکانی دد.سەباحی غالب و سەردەمەکەی لە سەر ئەو هێڵە کۆنە بەردەوامن کە لە بنەڕەتدا دژایەتیی سەربەخۆیی کوردە. لە بازنەی مێژوودا نین. بەڵکو لە رێگای هێرشکردنە سەر مەلیک مەحمودەوە دژایەتیی کولتوری سەربەخۆیی و مێژووی رزگاریی دەکەن. هێڵی کوردنەبوون دەگرن و خۆیان لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا دەگونجێنن. بەم خۆهەڕاجکردنەش وەکو کارت خۆیان دەکڕێنن تا دەگەنە ژمارە:
دەستەڵاتی بزووتنەوە دەستێخراوەکان بە بەراورد بە مێژووی مەلیک مەحمود، موراڵ و پرەنسیپەکانی مەرجی کوردبوون و وڵاتپارێزیی پڕ ناکاتەوە. بۆیە ئاساییە کە تێگەشتنێکی فۆرماوی شێواو دەربارەی راستییە رەهاکان، بکەن بە راستیی تێگەشتنی خەڵک. میدیاکانی دەستەڵات و دۆلاربیرانیشی حەزیان لەو جۆرە قسەڵۆکانەی سەباح غالب بێت. دوکتۆر دۆلارەکان بە ئەکادیمیست ناو بەرن و لەم رێگایەوە لەگەڵبوونی خۆیان بۆ دەستەڵات پیشان بدەن.
سەباح غالب کە مێژوویەک چەوت دەهزرێنێت، لە هەمان کاتدا بە شانوباڵی دەستەبژێرکیشدا هەڵ دەدات، ئەمەش دیوەکەی تری سەباحە کە لێرەدا شوێنی نیە.
لە کۆتاییدا پێویستە راستییەکی رەها هەیە بیخەمە بەر چاوی جەماوەری کورد. ئەویش ئەوەیە کە ژێرکەوتنی مەلیک مەحمود و دەوڵەتی کوردیی، ژێرکەوتنی ستراتیجی پرسی کوردیش بوو. ئیتر لێرەوە گۆڕانێکی جۆرایەتیی روی دا. کێشەی کورد لەوەوە کە نوێنەرایەتیی و سەرکردایەتیی بکرێت، بو بە ئەوەی کە مامەڵەی پێوە بکرێت، بەکار بهێنرێت بۆ بەرژەوەندیی بێگانە و بازرگانەکانی جەنگ. بۆیە ئاساییە کە جەنگی دژی مەلیک مەحمود بەردەوام بێت. بەڵام هەر کەسێک پاڵ بە بەردەقارەمانەوە بنێت، پاشەڵی قوڕاویی دەبێت.
سەرچاوە و تێبینی:
#. ئەم کۆڕە لە ٢٤/٠٢/٢٠٢٦ لە مەڵبەندی کوردۆلۆجی بۆ سەباح غالب ساز کرا بە بۆنەی کتێبێکیەوە دەربارەی ئەمین زەکی بەگ. هەروەها سایتەکانی نمونەی خەندان و هاوڵاتی قسەکانیان بڵاو کردەوە. ئەمەی خوارەوە لینکی ڤیدیۆکەیەتی: https://www.facebook.com/share/v/1D2ETDSPn8/
#. مەبەستم لە (دد) دوکتۆرایە بۆ دۆلاری پیسخۆریی. ئێستا بڕوانامەش وەکو پلە سەربازییەکان پەڕپوت و زۆر بوون. ژمارەیەک کەس لە زانکۆ توڕەهاتەکان یان بە ساختە دالی دوکتۆرا پەیدا دەکەن و وەکو کارت دەرگاکانی پیسخۆریی پێ دەکەنەوە.
١. هاوڵاتی، ژمارە ١٩٨٠، چوار شەمە ١٧/٨/٢٠٢٢، سەباح غالب، بڕیارمان دا دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێنین بەڵام بە مەرج
٢. ناسر حەفید، یەکەم کۆشش دوای بابانەکان لە پێناوی ئیدارەیەکی کوردیی سەربەخۆدا — یادنامه ی شیخ مه حموودی حه فید، ناسر حه فید و ئه وانی تر. بڵاوكار: بنكه ی ژین - سلێمانی چاپی ساڵی: 2006
٣. ل، ٤١٣، د.سەباحی غالب، مێژووی کورد و کوردستان، دۆزی کورد، بەرگی یەکەم، بەشی یەکەم.
٤. سایتی خەندان. سەباح غالب، دوو نامە: لە شێخ مەحمودەوە بۆ باڵوێزى بریتانیا لە بەغدا، لەویشەوە بۆ شێخ
https://www.xendan.org/detailwtar.aspx?jimare=5442...
٥. ناسر حەفید، یاداشتەکانی شێخ قادری حەفید. ٠٥/٢٠٢٥
٦. . Victor Moberger, Objektiva sanningar, Filosofisk tidskrift, Nr 1. Årg. 43 . Feb 2022
٧. چاوپێكه‌وتنێكی د.كه‌مال مه‌زهه‌ر كه‌ گۆڤاری لڤین له‌ ژماره‌ی (80)دا له‌گه‌ڵی ساز كردووه‌. کاتی خۆی وەڵامێکم دایەوە کە قسەکانی بە مەبەست و بە ئارەزو کراون. ناوی وتارەکە: مافەکانی ئینگلیز وەکو ساچمە بڵاو بونەوە.
٨. ل،٣٥٢، ل، ل، ٣٥٦، ل ٣٦١، د.سەباحی غالب، مێژووی کورد و کوردستان، دۆزی کورد، بەرگی یەکەم، بەشی یەکەم.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی