ئێران لە دوولا مەست و حەیرانە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

حەمەدەمین سلێمان




لێدوانە بەردەوامەکانی ئەو چەند ڕۆژەی ڕابردووی سەرۆکی ئەمریکا لەمەڕ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئێراندا کە تا ئاستێکی باش سەرکەوتوو بوو لە دەرخستنی ڕوویێکی ساختەی ئاشتیخوازانە و بە نزم هێشتنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و کات کوشتن بۆ ئامادەکاریی هێرشی زەمینی کە دەمێکە وەک بژاردەیەکی سەر مێز باسی لێ دەکرێت، هەروەها توانی زلهێزیی ئەو وڵاتە لە پاراستنی هاوسەنگیی ئیدارەی جیهان بپارێزی و دڵەڕاوکێی وڵاتان لەو شەڕە کەم بکاتەوە؛ هاوکات ئێرانیشی خستووەتە نێو ڕاڕایی و گومانێکی زۆرەوە کە ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا وەک خەڵەتاندنێکی دیکەی هاوشێوەی هەردوو جاری ڕابردوو لێکبداتەوە کە لەکاتی دانوساندا پەلاماری لە ناکاوی دراو بەهۆیەوە زیانی گەورەی پێگەیشت .

هەر چەند لەگەڵ لێدوانەکانی تڕامپ لەبارەی گفتوگۆ هەوڵی وڵاتانی "پاکستان، میسر، سعودیە و تورکیا" لە ئێستادا وەک نێوەندگیر بۆ هێورکردنەوەی گرژیەکان و کۆتای هێنان بەو جەنگە لە ئارادایە و چاوی باسەکان زیاتر لەسەر ئاشتین، بەڵام پێشهاتەکان ئاماژەی پێچەوانە و زەنگی قۆناغێکی نوێ و هەستیار لەو جەنگەدا لێدەدەن؛ بە بڕاوی من لە ئێستادا پانتایی گەمەی سیاسیی ئێران ئەوەندە بەرتەسک بووەتەوە ئەو وڵاتەی خستووەتە نێو بەرداشی دوو بژاردەی نەخوازراو، کە لێرەدا دەکرێت ئاماژەیێکی کورتیان بۆ بکەین:

- بژاردەی یەکەم ئاشتییە؛ بەڵام ئەو ئاشتییەی کە لەڕێی هێزەوە بەدی دێت، ویستی ئەمریکا و ئیسڕائیلی لەسەرە و لە نێو پێشنیارە پازدە خاڵییەکەی ئەمریکادا چوارچێوەکەی ڕەنگڕێژ کراوە، جگە لە چۆکدادان و تەسلیمبوونی تەواوەتی ئێران لەژێر بنمیچی ڕێکەوتندا هیچ مانایێکی دیکە هەڵناگرێت !
جێی خۆیەتی لێرەدا بپرسین؛ ئایە بەرپرسانی ئێران ئەو بژاردەیە قبوڵ دەکەن؟ ئەگەر قبوڵی دەکەن بۆچی بەر لە جەنگ و لە گفتوگۆکاندا قبوڵیان نەکرد و ئەو هەموو کوشتار و نەهامەتیی و کاولکارییەیان بەسەر وڵاتەکەدا هێنا ؟

- بژاردەی دووەم شەڕ: بەردەوامیی بۆردومان و توند کردنی لێدانی دامەزراوە سەربازیی و ئابورییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسڕائیل هاوکات لەگەڵ هێنانی هەزاران سەربازی مارێنز بۆ ناوچەکە، بێگومان ئامادەکارییە بۆ قۆناغی سەختی داهاتووی جەنگ و هێرشی زەمینیی لە ئەگەری قبوڵ نەکردنی بژاردەی یەکەم لە لایەن ئێرانەوە، ڕەنگە هەر ئەوەش بێت ئێرانییەکان دوودڵیی و نیگەرانی خۆیان لەمەڕ وتووێژ لەگەڵ ئەمریکادا بە وڵاتانی نێوەندگیر ڕاگەیاندووە، ئەو بابەتە بە خەڵەتاندن دەزانن و تا ئێستا وڵامی پێشنیارە پازدە خاڵییەکەی ئەمریکایان نەداوەتەوە .

ماوەتەوە بڵێین: هەریەک لەو دوو بژاردەیە ئاسۆیێکی ڕوونیان بۆ ئێران لێبەدی ناکرێ و هەریەکی بە جۆرێک بە ئەگەری زۆرەوە  دەستەڵاتی ئێران بەرەو داڕمان و خاڵی سفر دەبەن .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی