دەمێکە
داگیرکەران و دوژمنانی کوردستان،هەوڵی زۆرترین بەکوشتدانی کوردیان داوە، ئەوەتا لەیەکەمین
جەنگی جیهانیدا، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، وەک د.کەمال مەزهەر لەپەرتووکی "کوردستان
لە نێوساڵانی یەکەمین جەنگی گەورەی
جیهاندا": دەڵێ"هەشسەد هەزار کەسی کوردی سڤیل(٥٠٠ هەزار)و سەرباز(هەزار٣٠٠)
بوونە قوربانی ئەو جەنگە، بێ ئەوەی شەڕەکە هی ئەوان بێ و پشکیان تێدا بێ".
لەشەڕی
هەشت ساڵەی عێراق _ ئێراندا، دووبارە کردنەوەی ئەو بیرۆکەیە هەوڵی بۆدرا، بەڵام زوو پووچ بۆوە.
لەهێڕشەکانی داعشدا٢٠١٤_٢٠١٩، تا سنوورێک بۆیان چووە سەرو بەشی هەرە زۆری ئەو
پێکدانانە لەکوردستان"رۆژئاواو باشوور"بەڕێوەچوون،بەڵام (شەڕڤان و پێشمەرگە)،
پەندێکی وایان پێکردن ئاغاکانیشیان پێ
تەمبێ کران، هێڕشی سوپای سوریا بۆ سەر ناوچەکانی خۆسەری دیموکراسی ، لەسەرەتای٢٠٢٦
بۆ هەمان مەبەست بوو، گەلەکۆمەییەک بەسەر ئەو گەلەدا بسەپێنن و کوردستان کاولکەن و
زۆرترین کوشتار لە کوردستانیان بکەن.
وا ئەو
جارەش لەو جەنگەی ئەمەریکەو ئیسرائیل لەلایەک، ئێران لەلای دیکە، بەهۆی ئەوەی کوردستان جەرگەی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەو ئەو ململانێیەش "جیوپۆلەتیکییە"_"هەژمونگەرای
ئەمریکەو سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزە بە قازانجی ئیسرائیل، لە رۆژهەڵاتی
ناوەڕاستدا"و نەیارانیش "کوردستان" بە ئیسرائیلی دووەمی دادەنێن،
هەر زوو لەسەرەتاوە، دوژمنانی کورد بە تایبەتی رژێمی ئۆردوگان، ویستیان رێڕەوی ئەو
جەنگە کاولکارییە بقۆزنەوەو کوردیش تێوەگلێن و کوردستانیش بکەنە مەیدانی جەنگ، بێ
ئەوەی کوردستانیان لە جەنگەکەدا بن و پشکیان تیادا هەبێ. ئەگەر چی تا ئێستا
سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام لەهەوڵی بێ هودەدان، ئەو ئامانجە بیهێنە دی، بە تایبەتی
لەلایەن سێکوچەی داگیرکەران(ئیران،عێراق، تورکیا)،بەشێکی ئەو جەنگە بخەنە
رۆژهەڵاتی کوردستان، لەرێگەی هاوکاری "هێزی بەسیجی ئێرانی و ئازەرەکانی سەر بە رژێمی ئێران"، لەدابەشکردنی
چەک بەسەریانداو راوەدونانی وڵاتپارێزانی ئەو بەشەی کوردستان و بە هەماهەنگی ئێران
ورژێمی ئۆردوگان، لە رۆژگاری شۆڕشی(ژن،ژیان،ئازادی)یەوە، لە"تەورێز و
ئورمێ"، بە ناوی رێگری لەمەترسییەکانی(پژاک بۆ سەر ئەو ناوچانەی ئازەرنشینی
ناو رۆژهەڵاتی کوردستانن)، ژووری ئۆپراسیونیان دامەزراندوە بۆ ئەو نیازە.
سەرەرای ئەوەی لێپرسراوانی هەرێمی کوردستان لەژێر
فشاری زۆری ئەمریکەدان بۆ تێوەگلان لەو جەنگەدا، لەگەڵ ئەوەشدا
نەچوونەتە ژێرباری ئەو فشارانەو هەوڵدەدەن، ستراتیژیەتێکی بێلایەنی بۆ ئەوەی خۆیان
لەو جەنگەدا بپارێزن، ئەوەتا، ئێران وهەندێ گروپی هۆگری ئێرانی ناو حەشدی شەعبی،
لەسەرەتای هەڵگیرساندنەوەی ئەو جەنگەوە، رۆژ نییە هێڕشێکی یان چەند هێڕشی ناڕەوای نەکەنە سەر ئەو هەرێمەو بەپێی داتاکانی
رێکخراوی(CPT) لە کوردستان، لە مانگی یەکەمی ئەو شەڕەدا، ٤٧٥ هێڕش کراوەتە سەر
هەرێمی کوردستان: ١٧٩ هێڕش لەلایەن سوپای پاسداران و ٢٩٥ هۆگرەکانی ئێرانی حەشدی
شەعبی کراوەتە سەر هەر چوار (پارێزگاکانی هەرێم)، "٣٧٠ هێڕش_٧٦٪بەر هەولێر و
٩٠ جاریش١٩٪ ،بەر سلێمانی و ١١ جار بەر دهۆک ٢٪ و ٣ جاریش بەر هەڵبجەی شەهید ١٪ بە ٧٦٪ درون بووەو
٢٢٪ بەموشەک و ٢٪ بە تۆپ بووە". زیانی گیانی ماددی زۆریشی داوە.
چەندە ڕەخنەو تێىینیشمان لەسەر سیاسەتەکانی"هەرێم"هەبێ،
ئەوا ئەو هێڕشانە بۆ سەر سەروەری هەرێمی کوردستانەو ئەو قەوارە سیاسییەیەو دژ بە
تەواوی گەلی کوردستانە. تاکە رێگای خۆپاراستنیش پشت بەخۆ بەستن و یەک هەڵوێستی هێزە چەکدارەکانی
کوردستانە.
٣٠ی ئاداری٢٠٢٦
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی