سوپای پاسداران: قەڵای ئایدۆلۆژیا و ئیمپراتۆریەتی ئابووری

2 کاتژمێر پێش ئێستا

رێبوار حەسەن


خوێندنەوەیەک بۆڕۆڵی سوپای پاسداران لە ستراتیژی بەرگریی ئێراندا لە دیدی "بارانی"ەوە.

زوڵتان بارانی کێیە؟
 پرۆفیسۆر زوڵتان بارانی (Zoltan Barany ) لە زانکۆی تیکساس یەکێکە لە ناودارترین بیرمەندانی بواری زانستە سیاسییەکان، یەکێکە لە پسپۆڕە هەرە دیارەکان لە سەر ئاستی جیهان لە بابەتی پەیوەندی نێوان سوپا و سیاسەت.
ئەو لە کتێبەکەیدا (سوپا چۆن وەڵامی شۆڕش دەداتەوە و بۆچی ٢٠١٦) شیکاری بۆ "ئابووری سەربازی و سوپای  ئایدۆلۆژیست" دەکات و ئەم ووڵاتانە وەک نمونە دەهێنێتەوە (میسر، لیبیا، سوریا، ئێران، و هتد) لێرەدا پەیوەندی نێوان سوپا و دەوڵەت لێک دەداتەوە و باس لەوە دەکات کە لە هەر یەکە لەم ووڵاتانە سوپا ڕۆڵی جیاوازی هەیە و هەریەکەیان لە کاتی شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا مامەڵەی تایبەتیان هەبووە.
بارانی تەنها لەناو کتێبخانەدا نانووسێت، بەڵکو گەشتی بۆ زیاتر لە ٨٠ وڵات کردووە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەدان جەنەڕاڵ و وەزیری بەرگری و سەربازدا کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لە عەقڵیەتی سەربازی تێبگات.
ئەو تێڕوانینێکی ڕیالیستی هەیە و پێی وایە کلیلی گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دەستی چالاکوانانی مەدەنیدا نییە، بەڵکو لە دەستی ئەو جەنەڕاڵانەدایە کە بڕیار دەدەن تانکەکانیان بەرەو کوێ ئاڕاستە بکەن.
لە زانستی سیاسی و کۆمەڵناسیی سەربازیدا، وەک ئەوەی "بارانی" باسی دەکات، سەرکەوتن یان شکستی هەر دەوڵەتێک لە کاتی قەیران و جەنگەکاندا بەندە بە جۆری پەیوەندی نێوان "چەک و دەسەڵات" واتا پەیوەندی نێوان سوپا و حکومەت، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک نموونەیەکی بێهاوتا لەم هاوکێشەیەدا دەردەکەوێت. ئەگەر لە چوارچێوەی تیۆرییەکانی بارانیدا سەیری بکەین، دەتوانین ڕۆڵی ئەم هێزە لە بەرگریی ئێستای ئێراندا لە سێ ڕەهەندی سەرەکییدا کورت بکەینەوە:
١. پاراستنی ڕژێم وەک ئەرکێکی ئاینی پیرۆز:
بارانی لە کتێبەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە "سوپا پڕۆفیشناڵەکان" زۆربەی کات لە کاتی شۆڕش و جەنگی ناوخۆیی تونددا بەرگری لە "دەوڵەت" دەکەن نەک "سەرۆک". بەڵام سوپای پاسداران لەسەر بنەمایەکی جیاواز دروستکراوە، ئەوان نەک تەنها سوپایەکی نیشتمانی، بەڵکو سوپایەکی ئایدۆلۆژی ئاینین.
لە ڕوانگەی بارانییەوە، بەرگریی سوپای پاسداران لە ئێران تەنها بەرگری نییە لە خاک، بەڵکو بەرگرییە لە "بیروباوەڕی مەزهەبی". ئەمەش وایکردووە کە لە کاتی هەڕەشە دەرەکییەکاندا، سوپا وەک قەڵایەکی یەکگرتوو دەربکەوێت کە هیچ درزێکی تێدا نییە، چونکە فەرماندەکان و سەربازەکان بە یەک ئامانجی ئایینی و سیاسییەوە گرێدراون.
٢. ئابووری سەربازی: شەڕ بۆ مانەوە
خاڵێکی تری گرنگی "بارانی" کە لەسەر دۆخی ئێستای ئێران جێبەجێ دەبێت، پرسی "بەرژەوەندی ئابووریە". سوپای پاسداران بە تەنها هێزێکی چەکدار نییە، بەڵکو خاوەنی گەورەترین کۆمپانیاکانی بیناسازی و نەوت و پەیوەندییەکانە لە ئێران.
لە کاتی جەنگ یان گەمارۆی ئابووریدا، سوپا تەنها ڕۆڵی پارێزگاری سەربازی ناگێڕێت، بەڵکو پارێزگاری ئابوورییشە. بەپێی بۆچوونی "بارانی"، کاتێک سوپا دەبێتە خاوەنکار، "تێچووی ڕووخان"ی بەرز دەبێتەوە و بە ئاسانی چۆک دانادات، بۆیە سوپای پاسداران لە جەنگەکاندا بە هەموو هێزیانەوە بەرگری دەکەن، چونکە دەزانن نەمانی سیستەمەکە بە واتای کۆتاییهاتنی ئیمپراتۆریەتە داراییەکەشیان دێت.
٣. ستراتیژی "بەرگریی نایەکسان" و تەکنەلۆژیا:
"بارانی" ئاماژە بەوە دەکات کە سوپا سەرکەوتووەکان ئەوانەن کە دەتوانن خۆیان لەگەڵ ژینگەی هەڕەشەکاندا بگونجێنن. سوپای پاسداران لەم ساڵانەی دواییدا لە ڕێگەی پەرەپێدانی درۆن و مووشەک و هێزە پرۆکسیەکانی، جۆرە بەرگرییەکی دروستکردووە کە دەشێت بە "بەرگریی دوورمەودا" وەسفی بکەین، چونکە ئێران لە مێژە خۆی بۆ ئەم ڕۆژە ئامادە کردووە، بۆ سوپای پاسدارانیش بەرگری لە تاران لە ڕێگەی بەرگری لە ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەستپێدەکات و تا ڕادەیەک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەڕەشەکانی لە دوورەوە ڕاگرتووە.
بە پشتبەستن بە تێڕوانینەکانی زوڵتان بارانی، دەتوانین بڵێین ڕۆڵی سوپای پاسداران لە بەرگریی ئێراندا سێ لایەنەیە: ئایدۆلۆژیا وەک بزوێنەر، ئابووری وەک پاڵپشت، و تەکنەلۆژیا وەک ئامراز. ئەوەی سوپای پاسداران لە سوپاکانی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ئەوان ڕێگەی کشانەوەیان نییە، بۆیە بەرگریی ئەوان لە حاڵەتی جەنگدا، بەرگرییەکە بۆ مان و نەمان.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی