پشووی قوتابخانەوچەپڵەی قوتابی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

نووسینی/ زیرەک کەمال

لە ماڵەوە دانیشتبووم، هەر پێنج نەوەکەشم لە لابوون. لەپڕ بێژەرێکی چاوبزی دەنگ گڕی لە خۆڕازی، هەواڵی پشوی قوتابخانە و زانکۆکانی ڕاگەیاند، هەر پێنج نەوەکەم لەخۆشی ئەو هەواڵە کردیان بە چەپڵەلێدان و شایی و هەڵپەڕین. منیش ویستم هێوریان بکەمەوە و باسی گرنگی قوتابخانەیان بۆ بکەم، کەچی هەر پێنجیان بەزۆری بەڕاکێشان و پاڵپێوەنان منیشیان خستە نێو چەپڵە و شاییەکەی خۆیان، دواتر لە کوچە و کۆڵانی گەڕەکەکەمان بووە هەرا و زاق و زیقی منداڵان و منیش بە ناسکەی خێزانم گوت: ئادەی ناسکە، نەکا شەوی شەوبەرات بێ و نەمان زانیبێت؟ ناسکە گوتی: نا پیاوەکە شەوبەرات نییە، بەڵکوو منداڵانی گەڕەکن لە خۆشی پشووی قوتابخانەکانیان ڕژاونەتە نێو کۆڵانەکان، دواتر ڕووم لە یەکبەیەکی نەوەکان کرد و سەرەتا لە ئاسۆم پرسی چ ڕۆژێک لای تۆ خۆشترین ڕۆژە؟ گوتی: ئەو ڕۆژەی پشوە و قوتابخانە نیە. پرسیم نازەنین لە هەموو شتێک زیاتر ڕقت لەچی دەبێتەوە؟ گوتی: مەکتەب.

لە زانام پرسی جەژن نزیکە بەو بەرەجەژنانە حەز بە چی دەکەی؟ گوتی: لافاو هەڵبستێت و مەکتەبەکەی ئێمە ببات، تا چیتر نەچمە مەکتەب. لە لانەم پرسی کچی خۆم بۆ جەژن وەکو جەژنانە چیت بۆ بکڕم، گوتی: هیچم ناوێت بەس بە دایک و باوکم بڵێ بالێم بگەڕێن چیتر نەچمەوە مەکتەب. (ئارام محەمەد)ی ڕۆماننووسیش بۆی گێڕامەوە و گوتی ڕۆژێک مامۆستا دەچێتە پۆل و لە قوتابیەکان دەپرسێ حەز دەکەن دواڕۆژ ببن بەچی؟ هاوپۆلێکی کوڕەکەی دەڵێت، حەز دەکەم ببمە شوفێری شۆفەڵ، مامۆستا بەسەرسوڕمانێکی زۆرەوە دەڵێت بۆچی ئەو کارەت پێ خۆشە؟ گوتوویەتی: بۆ ئەوەی بە شۆفەڵ مەکتەب بڕوخێنم. ناسکە هۆکارەکانی بێزار بوونی قوتابی لە خوێندن و قوتابخانەی لەمن پرسی، منیش پێم گوت: زیاتر لە سی ساڵە کایەی سیاسی ئیش لەسەر تێکشکاندن و خاپورکردن و بێ ئەهمییەتکردنی سیستەمی خوێندن و پەروەردە و قوتابخانە دەکات. سی ساڵە جگە لەوەی مووچەی مانگانەی دوادەخات، هەروەها لە چەندین بواری تریشدا هەوڵی لە گرێژنەبردن و لاوازکردنی پێگە و شوێنگەی توێژی مامۆستایان لە ژیانی گشتیدا دەدات. هەمووشمان حیکایەتی لاقەمریشک دەزانین. جگە لەوەش دەسەڵات لەم وڵاتەدا دۆخێکی دروست کردووە مامۆستای کردۆتە مەزە و نوکتەی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت هەیبەتی مامۆستای لەبەردەم قوتابیانیش نابووت و بێئەرزش کردووە. دیارە دەمێکیشە ئەو ڕاستییە بەرجەستەکراوە و سەلمێنراوە، هەر سیستەمێکی حوکمڕانی بیەوێت دڵسۆزی خۆی بۆ خوێندن و پەروەردە بسەلمێنێت. بەرلەوەی باسی مەنهەجی خوێندن و سیتەمی پەروەردە بکات، دەبێت هەیبەت و شکۆ و کەسایەتی مامۆستا لەبەردەم قوتابی و ڕای گشتی بپارێزێت. کاتێ خەریکی ئەو نووسینەبووم، ناسکەی خێزانم پێی گوتم: دوێنێ بڕوای کوڕمان لەبازاڕ هاتەوە نیوعەللاگە پاقلەی کوڵاوی پێ بوو، گوتم: کوڕم ئەو هەموو پاقلەیە چیە پێتە؟ گوتی: دایە مامۆستاکەم بەهۆی دواکەوتنی موچە دوای دەوامی فەرمی لەناو بازاڕ پاقلە دەفرۆشێت

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی