مۆدێلی میدیای وەلائیی

7 کاتژمێر پێش ئێستا

پڕۆفیسۆر د.شێرکۆ جه‌بار

بە ئاشکراو بە ڕوونی ئەمڕۆ هەندێک دامەزراوەی میدیایی کوردیی ئاراستەکراو(بە فرە ئامرازو ژانروخاوەندارێتییەکانیان) بۆ ئاستێکی زۆر نابەرپرسیارانەو پیشەییانە داماڵراون لە تەوزیفکردنی پەیامی سیاسیدا، بەشێکیان بە تەواوی لە سادەترین بنچینە پیشەییەکانی کاری رۆژنامەگەریی و یاساو ئەخلاقیاتی کاری ڕۆژنامەوانیی لایانداوەو پیشەکەیان کردووە بە بەرگی ئاراستەی فیکری و ئەجێندای کارەکتەرە سیاسییە دژبەیەکەکانی نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، رۆژانە بەنزین بەئاگری ململانیەکانی نێوانیان دەکەن. لە بری ئەوەی ببن بە سەکۆیەک بۆ گەیاندنی ڕاستی و فاکتەکان، بوون بەئامرازی دنەدان و داکردنی ڕۆژانە لە رکوکینەو لێشاوێک لە هەواڵ و زانیاری چەواشەکارییدا، کە بە هزری داخراوی سیاسەتی راگەیاندنی وەلائیی بەڕێوە دەبرێت، نەک سیاسەتی راگەیاندنی فاکت و هاوسەنگیی.

ئەم مۆدێلی میدیای وەلائییانە، تەنها لادان و سنووردارکردنی زانیارییەکان و لایەنگیریی لە هەڵبژاردنی هەواڵەکاندا نییە، بەڵکو لەوە زیاتر سنووری تێپەڕاندووەو مودێلێکی ناجۆرو ناجیزەی بەرهەمهێناوە لە دروستکردنی ڕیوایەت و حیکایەتی چاخانە ئاسا لە نێو ستۆدیۆی هەواڵەکاندا. بێژەرو پێشکەشکار بە باکگراوندی ئەجێندای کارەکتەرە سیاسییەکانی خاوەن کەناڵ، بەرگی پەیامی میدیایی بەگوتاری سەرپێیانەو چەلەحانێی ئاسا، بۆ قەدوباڵای کارەکتەرە سیاسییە پارەدارەکانی کەناڵەکە دەدروێنن.ئەم جۆرە مۆدێلە لە میدیای کوردیدا، بەشێوەیەکی ڕێکخراوو بەمەبەست چەواشەکردنی هەواڵ و زانیاریی بە سیستماتیک کراوە، لەڕێگەی: بڕبڕکردنی لێدوانەکان، بەقەبەکردنی هەڵەکانی لایەنی ئەویتری ململانییەکان، پەیامی گاڵتەجاڕی بە کەسایەتی و دامەزراوە فەرمییەکان، تا ئەندازەی ناوزڕاندن و تۆمەتهەڵبەستن و تەخوینکردنی یەکتر بەئاشکراو مەجازی. لە هەمان کاتدا ڕەتکردنەوەو شاردنەوەی ئەو زانیاریی و ڕاستییانەی پەیوەندیدارن بە ئابڕوچوونی سیاسی ئەو کەس و لایەنە سیاسییەی کە خاوەنی پارەدارکردنی کەناڵەکەن. ئەمەش سەرپێچییەکی ئاشکرای بنچینەکانی ئاکارو پیشەی کاری رۆژنامەوانیە.

لەوەش مەترسیدارتر، ئەدای میدیاییی ئەم جۆرە میدیا وەلائییانە تەنها رۆڵ نابینن لە چەواشەکردنی جەماوەری بینەرو بیسەرو خوێنەردا، بەڵکو  رۆڵێکی مەترسیداریان گێڕاوە لە قووڵکردنەوەی لەتوپەرتکردنی کۆمەڵگەی کوردی و چاندنی بیری تاکجەمسەریی سیاسی و حوکمڕانی ناوچەگەرێتیدا، بە شێوەیەک کە لێکەوتەی نەرێنی لەسەر شانەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەجێهێشتووە(کۆمێنت و کارتێکی جەماوەر لە سەکۆ دیجیتاڵییەکانی ئەم جۆرە کەناڵانە بەڵگەی زیندوون). ئێستا جەماوەری وەرگری پەیامی میدیای کوردیی لەسایەی ئەم جۆرە مۆدێلەدا، ئەو وەرگرە نیە لە هەمبەر میدیایەک بێت کە پێشهات و راستییەکانی بۆ بگوازێتەوە، بەڵکو لە هەمبەر کۆمەڵێک کەناڵ و پلاتفۆڕمی دیجیتاڵیی خۆی دەبینێتەوە، کە "ڕاستیی جێگرەوە"ی بۆ ئامادەو دروست دەکات، ئەم جۆرە "ڕاستییە جێگرەوانە" جۆرێک لە وەهم و شێواندنی زەین و هۆشیاریی سیاسی گشتی لەسەر خەڵکی عەوام دروستکردووەو توانای ئێمەی وەرگر لە جیاکردنەوەی پەیامی میدیایی نێوان ڕاستییەکان و پڕوپاگەندەدا، لاواز کردووە.

بەردەوامبوونی ئەم جۆرە مۆدێلە میدیا وەلائییانە بە تێپەڕبوونی کات، بێ لیپرسینەوەو ڕامنەکردنیان، قەیرانێکی بونیەوی قووڵ لە نێو کۆمەڵگەدا بەجێدەهێڵێت، بەجۆرێک هیچ مانایەک بۆ سەربەخۆیی سیاسەتی هەواڵسازیی ناهێڵێت و ئەرک و وەزیفەی رۆژنامەگەریی وەک باڵێک لە پێکهاتەی ململانێی سیاسی نێوان کارەکتەرە سیاسییە دژبەیەکەکان لە قاڵبدەدات. لە غیابی لێپرسینەوەی یاسایی و پیشەییدا، ئەم جۆرە مۆدێلە میدیا وەلائییانە، جەماوەری عەوام دەکەن بە کاڵاو ئامرازێک تەنها وەکو وەرگرێکی کارلێکراو بمێنێتەوە، نەک وەکو وەرگرێکی هاوبەش لە زانین و مەعریفەدا.

بەڕاشکاوانە،پراکتیزەکردنی ئەم جۆرە مۆدێلە میدیاییە، نە لە عورف ونەریتدا، نە ئاکارو یاسادا، هەرگیز بەمانا تیۆریی و کردارەکییەکانی میدیا وەسف ناکرێت، بەڵکو فۆڕمێکە لە بازاڕسازیی سیاسی چەواشەکاریی، کە هەژارە لە بەرپرسیارێتی و بێگەردیی لە گەیاندنی هەواڵ و زانیارییدا. هێشتنەوەی ئەم جۆرە مۆدێلانە لە میدیای کوردییدا، بەبێ پێداچوونەوەیەکی ڕیشەییانە لەلایەن دەسەڵاتە تەشریعی و قەزایی و رێکخراوەکانی پاراستن لە مافی مرۆڤ و میدیاو رۆژنامەگەریی لە مومارەسەکردنی ئەم جۆرە ئاراستە کارکردنەدا، ڕەوتی میدیای کوردی بەکۆت و بەندی ئەجێندای بەرتەسکی سیاسی دەهێڵێتەوەو بێتوانا دەبێت لە ئاست ئەرکی ڕاستەقینەی خۆی وەک دەسەڵاتی چوارەم لە خزمەتی کۆمەڵگەدا، بەپێچەوانەش، بەردەوام بوونی ئەم جۆرە مۆدێلە، مەترسییە لەسەر هەڵوەشاندنی شانەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە پێناو بەرژەوەندی کارەکتەرە سیاسییە دژبەیەکەکان،کە خاوەنداری ئەم جۆرە دامەزراوە میدیایانە دەکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی