بەرەبەیانی چوارشەمەی (٨ی نیسان)، کاتژمێرێک پێش وادەی تەواو بوونی بەجێگەیاندنی هەڕەشەکەی ترامپ لەسەر"تەختکردنی شارستانیەتی ئێرانی و گێڕانەوەیان بۆ چەرخی بەردین"، جەنگی نێوان هەردوولا"ئێران لەگەڵ ئەمریکەو ئیسرائیل"، بە نێوەندگیری سەرۆک وەزیرانی پاکستان(شەهباز شەریف)، بۆ ماوەی دوو هەفتە،وەستا،"ئەگەر هاتوو ئەمنیەتی گەرووی هورمز پارێزراو بێ و هێڕشەکانی هەردوولا بوەستێ"، کە گەورەترین توندوتیژی ئەو هەرێمەی گرتۆتەوە لە بیست ساڵەی رابردوودا، جەنگەکە، لە ٢٨ی شوباتی رابردوو، بووە هۆی داخستنی گەرووی هورمز، کە پێنجێکی نەوتی خاو بەوێدا رەت دەبێت. پلەکردن بۆ ئاگربەست و گرنگیدان بە رۆلی یەکودوو، دان لە وەستانی ئەو جەنگەو خاڵەکانی ئاگربەستەکە زۆر شت هەڵدەگرێ، تەنانەت مەزەندەی سەیر لە نێو دێرو وشە گومانەوانییەکانی خاڵەکانی راگرتنی جەنگەکە، دروست دەبێت:
_ لە کاتێکدا ئەمریکەو ئیسرائیل پێداگریان لەسەر" ٦٥٠" کگم یورانیومی ئێرانی دەکرد، کە بەرێژەی ٦٠٪ پیتێنراوە، وەک مەرجی سەرەکی لە پازدە خاڵەکەی ئەمریکە بۆ ئێران دیاریکرابوو، کەچی لەو رێککەوتنەی ئاگربەستەدا، دیار نییەو بە گوماناوی ماوەتەوە، لەتویتەکەی ترامپدا هاتووە کە"لەسەر هەموو ناکۆکییەکانی لەوەو پێش گەیشتینە ئەوەی کە بەیەکەوە چارەسەری کەین.....مامەلەیەکی تایبەتی لەسەر دەکرێ.... لە گینە لەسەر هەموو ناکۆکییەکانی نێوانمان، بگەینە ئاشتیەکی درێژخایەن"، هەندێ شرۆڤەکاری سیاسی دیکەش، دەڵێن کە"کۆپییە فارسی و ئینگلیزییەکەی رێککەوتنەکە، جودایییان لە نێودا هەیە"، ئەوەتا لە راگەیاندنی بەیاننامەی ئەنجومەنی نەتەوەیی ئێرانی باس" لە ئازادی پیتاندن دەکات"، ئەی جەنگەکە بۆ کراو بۆ بەپەلەش راگیرا!؟. هەندێ شرۆڤەکار کە لە بن زاریاندا دیارە، سەر بە دەزگای ئەمنییەکانی ناوچەن، وای بۆ دەچن،"لەکاتی رزگارکردنی فرۆکەوانەکەی ئەمریکی بڕی یورانیومەکەش بردراوە بۆ دەرەوەی ئێران. بەشداری زۆری فرۆکەکانی ئەمریکە(١٥٥-فرۆکە)و مانەوەی ئەو هێزەی ئەمریکە بۆ ماوەی ٧ سەعات لە شوێنەکەو بەرەنگارییەکی کزی ئێرانییەکان لە کاتی بەڕێوەبردنی پرۆسەکە" جێگەی پرسیارن.
_ پێداگری لەسەر ئەمنیەتی گەرووەکە بە هاوکاری هێزە دەریایەکانی ئێرانی و وەک لە بەیاننامەکەی مەملەکەتی عومانیشدا هاتووە "کەهاوبەشی پاراستنی ئەو گەرووەیە"، کە مەزەندەکان ئەوە نیشان دەدەن، بە وەرگرتنی باج لە کەشتییەکانی کە رۆژانە(١٣٨)کەشتی بەپێی"داتاکانی سەنتەری زانیارییەکانی دەریایی "پێدا رەت دەبێت،"٢٠_٢١ملیون بەرمیل لە رۆژێکدا(٢٠٪ نەوتی خاوی هەناردەکراو بە رێگەی ئاوی)، بەپێیی داتاکانی کە لە"بی بی سی_ بە ئینگلیزی" ئەوڕۆ بڵاوکرایتەوە"، پێش مانگێک لە هەڵگیرساندنی جەنگەکە بە(٦٠٠ملیار دۆلاری ساڵانە دەخەملێندرێ"، بە پێی داتاکانی"ئیدارەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکی"لە مانگی یەکەمی شەڕدا(ئادار)، تەنیا (٩٩) کەشتی - (٥_٦) دانەی لە رۆژێکدا، رەتبووە، لەوانەش ١٨کەشتی تووشی پێکان ببوو. ئەو پارەیە، وەک قەرەبۆکردنی زیانەکانی جەنگەکەیە بە کڕی و نهێنی، وەک جێبەجێکردنی مەرجێکی ئێرانیشە بۆ شەڕ راگرتن!؟.
لەکاتێکدا ئەو ئاگربەستە بەپەلەیە راگەینرا لە نێوان ئێران و ئەمریکەو ئیسرائیل، هێشتا ماوە، گرەو لەسەر کاتی و هەمیشەیی ئاگربەستەکە بکرێت، لەوەو پێش هەردوو لا ١٠٠٪ کەمتر لەسەرکەوتن رازی نەبوون، ترامپ بەراشکاوی دەیگۆت"هێز بۆ ئاشتی بەکاردەهێنم"، بواری نەدەدا بە ئەگەری سێیەم، ئەوا ئێستا بێجگە لەوەی لە لێکدانەوەی خاڵەکانی رێککەوتنەکە، هەر یەکەو بەپێی ویستی خۆی شڕۆڤەی دەکات، هەندێ خاڵیشی جێگەی هەڵوەستەو تێڕامانە. ئاگربەستەکەش شلۆقی زۆری تێدایە، بە تایبەتی دەسەڵاتدارانی ئێران فرەدەستن و ناوەڕۆکی هەر پازدە خاڵەکەی ئەمریکەی لەوەوپێشی کردۆتە (دە) خاڵەکەی ئێستای رازییەو ئاگربەستی کاتی، قەبوڵکردوە، کە جاران بەهیچ شێوەیەک نەدەچووە بن باری"هاسانیش نییە ئیسرائیل بەرزەفت بکرێ"، بەتایبەتی لەبەرامبەر حزبوڵاو حەشدی شەعبی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی