کەرکوک
بەشێکی سەرەکیە لە پرسی کورد و کوردستان، هەمو بە چاوی خاوەندارێتیەوە لە کەرکوک دەڕوانن.
تاکی کورد بە کردەوە دەریانخستوە کە بە تەنگی پرسی کەرکوکەوەن. حیزبی کوردی لە باشور کێبڕکێیەکی زۆر توند دەکەن
لەسەر ئەم پرسە، بەڵام تەنها بە دروشمی رەونەقدار:
١- لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٦ هەردو حیزبی کوردی پارتی و یەکێتی هیج پرۆژەیەکی ستراتیژی
نەتەوەییان ئەنجام نەداوە. پرۆژەیەک سیمای دزراوی کوردبونی ئەم شارە بگێڕیتەوە. بە
پێچەوانەوە لە سایەی دەسەڵاتی ئەم دو حیزبە سیمای کوردانەی شار تادێت کاڵتر دەبێتەوە
و ئەوەشی ئەنجامیان داوە بۆ حیزب و سەرکردە بوە.
٢- دو ئیدارەیی و پێکەوە کارنەکردن. دیارترینیان هەڵبژاردنەکان و پێکەوەنەبون
لە ئەنجومەنی پارێزگا.
٣- لە بری پێکەوە کارکردن و هاوپەیمانی پێکەوەیی پەنابردن بۆ نەیاران و هاوپەیمانی
لەگەڵ بێگانە.
٤- چارەسەرنەکردنی پرسی زەوی داگیرکراوی کورد لە سەردەمی بەعس.
٥- ریفڕاندۆم و ١٦ ئوکتۆبەر و تاوانبارکردنی یەکتر.
پۆستی
سەرۆک کۆمار
لە
دوای کۆچی دوایی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان تا ئەم ساتەوەختە، ئەم پۆستە
بۆتە مایەی زیاتر لێکترازانی پارتی و یەکێتی لە یەکتر و کاریگەری نەرێنیشی کردۆتە
سەر ناتەبایی حیزبەکانی تر. لە کاتێکدا ئەم پۆستە لە سەرەتاوە بەدەست کوردەوە بوە،
لە ناو کوردیش یەکێتی، ئەم پۆستە نەیتوانیوە وەک ئەرکی خۆی پارێزگاری لە بەندەکانی
دەستور بکات، دیارترینیان جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ .
بۆ
مێژو، بۆ هاوشاریەکانم دەمەوێ دو راستی باس بکەم:
١- سەرۆک مام جەلال لە ئەنجومەنی حوکم مورافەعەیەکی
باشی لەسەر کوردستانیبونی کەرکوک کرد، بەڵام موخابن نەچوە بواری کرداریەوە.
٢- سەرۆک لەتیف رەشید و کەرکوک: شاندێک
بۆ پرسی کەرکوک و گەڕەکی نەورۆز چوینە سەردانی سەرۆک کۆمار، لە گوفت و لوتف و قسەکانی
دەرکەوت کە شارەزایەکی کەمی لەسەر پرسی کەرکوک
و کێشەکانی کورد هەیە. بە نمونە:
- فەرموی ئەوە ئێوەن بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان
لە کەرکوک کێشەمان بۆ دروست دەکەن.
- خەڵک بۆ لە خانوی حکومەت دادەنێشێ و داگیری دەکات،
ئەی بۆ ناچنەوە خانوی باوکیان. بێئاگا لەوەی ئەوانەی لەو خانوانە دانیشتون، لەلایەن
بەعسەوە خانو و موڵکیان داگیر کراوە، ئاوارە و دەربەربونە، پێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری شەهید و ئەنفالن.
پۆستی
پارێزگاری کەرکوک
لە
تەواوی هەڵبژاردنەکان لە سەدەی رابردوەوە بۆ ئێستا لەگەڵ بونی پرۆسەی تەعریب و
راگواستن پێکهاتەی کورد زۆرینەن. ئێستاش کورد بە ٧ کورسی لە پێش هەردو پێکهاتەی عەرەب
و تورکمانەوەیە، ( کورد ٧، عەرەب ٦، تورکمان ٢ ، کرستیان ١ ). بۆیە پۆستی پارێزگار
مافی رەوای پیکهاتەی کوردە وەک چۆن پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لای پێکهاتەی شیعەیە. بە ڵام ناتەبایی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی هۆکارن
لە کەم دەرکەوتن و بێتوانایی کورد.
کاتێ
کە ئەمە حاڵی حیزبەکانە، بێگومان دەبێت چاوەڕوانی دەستاودەستکردنی ئەم پۆستە بکەین،
بە شێوەیەک کە زەلیلی و پاشەکشەی سیاسەتی حیزبی کوردی و سوکی ناوەندی بریاردانی سیاسی
هەرێمی پێوە دیاربێت. دەستاودەست لەگەڵ یەکێک کە زمانی ناهێنێ بڵی " اقلیم
کوردستان"،.
دەستاودەستکردنی
دەسەڵات ئاساییە کاتێ بە شێوەی ئاسایی و لەسەر بنەمای بەرکەوتەی هەڵبژاردن بێت نەک
بە ڕیککەوتنی ناوخۆیی و بە دەستێوەردانی
دوژمنکارانەی دەرەکی و رازیکردنی، یان لە بری وەرگرتنی پۆستێک لە بنەڕەتدا مافی خۆتبێت،
نەشبێت بە کەلتورێکی سەپێندرا و لەسەر حیسابی مافی پێکهاتەی کورد. لە روی جەماوەریە
بەدور نازاندرێت رێکەوتنی لەم شێوەیە مەودای دوری جەماوەری کەرکوک لە یەکێتیەوە یەکسان
بکات بەو دوریەیان لە رکابەرە سەرسەختە لە مێژینەکەی یەکێتی. چونکە
ئەم رێکەوتنە لەم کاتە وەک ئەوە وایە ئەسپ لە ناو روباردا بگۆڕیتەوە. پەندە ئنگلیزیەکەی :'
Change
the horses in middstream
کوردی
کەرکوک چی دەڵێن:
ئەم
دەنگۆ و هەواڵە کتوپڕو ژێربەژێرە خەڵکی کوردی کەرکوکی راچڵەکاند و سەرسامیکردن. سەرسامیکردین
چونکە تا دوێنی کادرەکانی حیزب پێچەوانەی ئەم روداوە پرۆپاگەندەیان دەکرد، کادرێک
دەیوت، هەڵبژاردن لە کەرکوک ناکرێت، هاوشێوەی راکان جبوری کاک رێبوار دەمێنێتەوە.
کادرەکانی
یەکێتی لە کەرکوک چی دەڵێن
بەشێک
لە کادرەکانی یەکێتی زۆر ناڕازین لەم بڕیارە، چونکە لێکەوتە خراپەکانی دەبینن، وەک
پێشتر هەمان ئەو کادرانە دژی ریفراندۆم وەستانەوە، بەڵام سەرکردایەتی یەکێتی گوێی
لێنەگرتن و فشاری زۆری لێکردن، کەرکوکیش باجێکی گەورەی دا.
ئەوەندە
ماوە، لە کۆتادا بڵێم " ئای سەرانی حیزبی کوردی چۆن بون بە خوم بۆ پرسی کورد
و کوردستان، لە ١٩٦٦ وە شەڕی خۆبەخۆ و دوبەرەکی بەردەوامە، تا دێت شەقڵی لێکترازان
گەورەتر دەکەن"، بارودۆخەکە زۆر مەترسیدارە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی