لەبارەی مەراسیمی بە خاک سپاردنی غەزال بڕێک لە زێدەگۆیی و کەمێکیش نمایش

3 کاتژمێر پێش ئێستا

د جەعفەر عەلی

 ———————— دوێنێ ١٦ نیسان، وا بڕیاربوو کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ تەرمی غەزال لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەدی هندی لە سلێمانی بە خاک بسپێردرێت. لەگەڵ هەردوو برای ڕۆژنامەنووس؛ کەمال ڕەئوف و محەمەد ڕەئوف بەیەکەوە بەڕێوەبووین بەرەو گۆڕستان، کاتێک لە شوێنەکە نزیک بووینەوە، هەواڵمان پێگەیشت، کاتی بە خاک سپاردنەکەی بۆ کاتژمێر ٣ دواخراوە. هەرسێکمان لە کاتی دیاریکراو و پێش کاتژمێر ٣ لە گۆڕستانەکە و لە شوێنی ئامادەکراو بۆ ناشتنی غەزال ئامادەبووین.

جگە لە ئێمە نزیکەی ١٠ کەسی تریش لەوێ ئامادەبوون، لە نێو ئەو چەند کەسە و ئەوەی من دەمناسین بەڕێزان: م.عەلی کەریمی، سمکۆ ڕەشید، د.هەردی مەهدی و د.عەزیز ڕەئوف و دوو ڕۆژنامەنووسی بیانی بە کەرەستەی ڕۆژنامەوانییەوە هەبوون. کاتێک ئێمە گەیشتین، گۆڕ هەڵکەنرابوو، هەموو شتێک ئامادەکرابوو، هەمووان چاوەڕێی گەیشتنی تەرمی شەهید غەزال بووین، بەڵام بە هۆی ئەوەی هەمانکات ئێران بە درۆن هێرشی بۆ سەر زڕگوێز ئەنجام دابوو و مەترسی ئەمنی هەبوو، جارێکی دی هەواڵ هات و گووتیان: مەراسیمی بە خاک سپاردنەکەی دواخراوە، بەبێ ئەوەی کاتی دیاریکراو ڕابگەیەنرێت.

ئێمە، کە بڕیاربوو ئەو چەند کەسە، لەبری کەسوکاری لە مەراسیمەکە ئامادەبین، ئارامییەک بە ڕۆح و دەروونیان ببەخشین، وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی و کوردبوونیش، وەفایەک بۆ مەرگی گەنجێکی ئەم نیشتمانە پیشان بدەین، بە دڵشکاوی و خەمێکی قوڵترەوە گەڕاینەوە و گۆڕستانمان جێهێشت. بە باوەڕی ئێمە، هەق نییە هیچ کەسێک ڕێگە بە خۆی بدات بە هۆی کەمی ژمارەی ئامادەبووانی مەراسیمی ناشتنەکەوە سەرزەنشتی خەڵکی سلێمانی بکات و فیشەک بە تاریکییەوە بنێت، تایبەت ئەوانەی ئاگاداری کۆی دۆخەکە بوون، چونکە بە هۆکاری دۆخی ئەمنی، نە کاتی مەراسیمەکە ڕاگەیەنراوە تا خەڵک ئامادەبێت، نە داوا لە خەڵک کراوە بۆ بەشداری و ئامادەبوون.

گومان لەوەدا نییە، ئەگەر مەبەستیان بوایە خەڵک ئامادەبێت، دەیان هەزار کەس ئامادەی ئەم مەراسیمە دەبوون. بۆیە دروست نییە و کارێکی ئەخلاقیش نییە، بە ئارەزووی دڵی خۆمان و لە بێ ئاگاییەوە کەسانێکی تر تۆمەتبار بکەین، کە هیچ ئاگادارییەکیان بە بابەتەکە نەبووە، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە، هیچ دروست نییە تراژیدیاکانمان تێکەڵ بە جوڵەی ڕووکەش و نمایشی بکەین . نەفرەت لە هەموو ئەوانەی ڕۆحی شەکەت و برینداری غەزالیان زیاتر ئازاردا، نەفرەت لەوانەی وەک مرۆڤ و بە میهرەبانییەوە باوەشیان بۆ ئازارەکانی نەکردەوە. ڕۆحی غەزال شاد و یادی هەمیشە زیندوو

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە