بەنیاز نەبوم هیچ لەسەر چۆنیەتی بەخاكسپاردنی شەهید غەزال بڵیم، بەڵام كە كارگەیشتە سەرئەوەی سوكایەتی بەسلێمانیو خەڵكەكەی بكرێت، بریامدا وەك ڕونكردنەوەیەك ئەم چەند دێڕە بنوسم.
كۆمەڵەو حزبی كۆمۆنیستی ئێران، لەپێش ڕاپەڕینەوە لەدەڤەری سلێمانیو زرگوێز نیشتەجێبون، بەدرێژایی ئەو مێژوە سلێمانیو خەڵكەكەی وەك میوان نا، وەك خانەخوێ مامەڵەیان لەگەڵ ئەم هێزە كردوەو لەهەر كێشەو گرفتێكیشدا پێكەوە بەرەوڕوی بونەتەوە، بۆ سلێمانییەكان ئەم هەڵسوكەوتە بەچاكە حساب ناكرێت، چونكە سلێمانی بەردەوام لانكەی خەباتگێڕو پشتو پەنای كوردانی پارچەكانی دیكه بوە، زۆربەی سەركردەكانی كورد ئەمشارەیان وەك جێگەی ئارامو شوێنی پەناگەی خۆیان زانیوە.
سلێمانی بەمێژوەكەیدا دیارە كە تەنها هەر شاری ڕۆشنبیریی، شاعیران، هونەرمەندان، میدیای ئازادو قەڵەمی بوێر نییە، بەڵكو شاری بوێری سیاسییو ئیرادە بەرزیشە لەبەرامبەر داگیركەرانی كوردستان، سلێمانی بەردەوام وزەی ئەژنۆو توانای هەستانەوەی دوای شكستو نسكۆكان بوە، ئەمشارە شاری ئەختەرخانی هاوسەری ڕەشۆڵو عەولەسیسە، شاری پشتیوانی ملیۆنی ڕۆژئاواو لانكەی شۆرشگێرانی كوردانی باكورو ڕۆژهەڵاتیەكانە.. ئیتر چ عەجەب كەسێك، لایەنێك زاتی ئەوەبكات فەزڵی شۆڕشگێڕێتیو جوامێری بەسەر خەڵكی ئەمشارە لێبدات هەڵوێستی پێبفرۆشێتەوەو بەفرمێسكی تیمساحیو بەچیرۆكی ناڕاست خەڵكەكەی ناشرین بكات، گەر ڕوو قایمی نەبێت، كێ پركێشی ئەوە دەكات، لەناو چیرۆكێكی درۆینەی موغریزانەدا بیەوێت دەرسی مەدرایەتیو جوامێری فێری خەڵكی ئەمشارە بكات.
ڕاستی چيرۆكەكه..
هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە لەسلێمانی بەردەوام جگە لەحزبو لایەنە سیاسییەكان، چەندین گروپی ناڕازییو تۆڕو ڕێكخراوی مەدەنیو میدیای ئازاد بونی بەهێزیان هەیە، ئەم گروپو تۆڕو میدیایانە ڕۆڵیان هەبوە لەڕێكخستنی گردبونەوەو ناڕەزایەتیەكان، دوای ڕوداوەكەی شەهیدكردنی غەزالی جوانەمەرگ، لەسەر داوای خاتوو پەیمان عزەدینو چەند برادەرێكی دیكه، هەڵمەتی ئیمزاكۆكردنەوە بۆ لێكۆڵینەوە لەهەڵسوكەوتی نەشیاوی نەخۆشخانەكان دەستیپێكرد، تا ئێرە ئەوەی بڵاودەكرایەوەو دەمانبیست بۆ ئێمە جێگەی شۆك بوو، كاك محەمەد ڕەئوف تەلەفۆنی بۆكردم وتی سەعات دوو بەنیازن لەگۆڕستانی شێخ ئەحمەدی هیندی تەرمی شەهید غەزال بەخاكبسپێرێت، دواتر لەگروپچاتی پەنجەرە، هەمان هەواڵم خوێندەوە، پەیوەندیم بەد. جەعفەر عەلیو كاك هاوكار عیزەتەوە كرد ئەوان دیاربوو ئاگادارنەبونو بڕیاریاندا پێكەوە بچین، كاك محەمەد ڕەئوف تەلەفۆنی كردەوە، بڕیارماندا لەگەڵ د.جەعفەر بەیەك سەیارە بچین، پێش سەعات دوو ئێمە لەنزیك سەرقەبرانەكە یەكمانگرت، بەڵام بیستمان بەخاكسپاردنەكە خراوەتە سەعات سێ، بۆیە ناچار پێكەوە لەو ناوە ماینەوە تاسەعات سێ، كە چوینە سەرقەبران، چۆڵبوو، چەند كەسێكی كەمی لێبوو ئەوانیش پێیانوترابوو، برادەرانی كۆمەڵە دەڵێن لەبەر باری ئەمنیی، ئێرە چۆڵبكەن، چونكە موشەك دراوە لەقەبرسانی زرگوێز، مەترسی لێرەش هەیە، ئیتر هیچ مەوعیدو شوێنێكی دیكه دیارینەكرا بۆ شوێنو وادەی بەخاكسپاردن، دواخستنەكەش هیچ پەیوەندیی بەئیدارەی سلێمانییەوە نەبوو لەسەر خواستی برادەرانی كۆمەڵە خۆیان بوو، نەك ڕێگریان لێكرابێت وەك ئەوەی هەندێك كەس ویستیان وای وێنابكەن كە ڕێگریكراوەو دەرگای مزگەوتەكانیان بەڕوداداخراوە.
دواتر كاك حەمە ڕەئوف بەنامەیەك بۆی نوسیم، دوای گەڕانەوەی خۆمان لەسەرقەبران، برادەرانی كۆمەڵە چەندجارێك تەلەفۆنیان بۆكردوم، جارێك وتیان سەعات چوار بەخاكی دەسپێرین، دواتر وتیان نا دەیخەینە سەعات پێنجو پاشان تەلەفۆنیان كردەوە وتیان دەیخەینە سەعات پێنجو نیو، ئیتر دوای ئەو هەموو مەوعید گۆرینە من كۆڵمدا، بەڵام دواتر كاك عوسمانی زیندانی تەلەفۆنی بۆكردم وتی، ئەگەر نزیكی وەرە ئەوكاتە من لەشەستیەكە نزیك بوم، بۆیە بەخاكسپاردنەكە ئاوای لێهات، بۆیە هەقوایە ئەو كەسو لایەنانەی ویستان وێنای سلێمانی ناشرین بكەن پێویستە پۆزش بهێننەوە نەبا لەباتی ئەو ئەركەی كردویانە وەك خۆ بەپاڵەوانكردن لەسەریان حساب بكرێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی